مەحموود ڕەش ئەندامی پێشووی پەكەكە بۆ گوڵان:   پەكەكە دەیەوێت كێشەكانی خۆی بە دروستكردنی كێشە بۆ هەرێم بشارێتەوە

مەحموود ڕەش  ئەندامی پێشووی پەكەكە بۆ گوڵان:     پەكەكە دەیەوێت كێشەكانی خۆی بە دروستكردنی كێشە  بۆ هەرێم بشارێتەوە

 

 

ئاشكرایە بوونی پەكەكە لە هەرێمی كوردستاندا كێشە و گرفتی زۆری بۆ حكومەت و خەڵك دروست كردووە، بە جۆرێك كە بووەتە مایەی نائارامی و نادڵنیایی، ئەم پرسە و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار بوونە تەوەری دیدارێكی گوڵان لەگەڵ مەحموود ڕەش ئەندامی پێشووی پەكەكە.

 

* چەكدارانی پەكەكە چی دەكەن لە هەریمی كوردستان؟ ئەگەر ئەوان دەیانەوێت باكوور رزگار بكەن، ئەوا دەبێت لە گۆڕەپانی راستەقینەی خۆیان خەبات بكەن، بەڵام ئەوەی دەبینین ئەوەیە كە هاتوونەتە هەرێمی كوردستان و دەستی توركیا ڕادەكێشنە ئەم هەرێمە بۆ ئەوەی ئارام و سەقامگیر نەبێت، ئایا ئەمە پێی دەگوترێت كوردایەتی؟

- لە هەر بەشێكی كوردستان خەباتكردن هەبێت، پێویستە بەشەكانی دیكە و هەموو كوردان پشتگیری بكەن. ڕاستە دەكرێت پارچەكانی دیكە وەك سەنگەری پشتەوەیان و بە مۆڵەتی خاوەن ماڵ تێیدا بمێننەوە، بەڵام ناكرێت بچیت شەڕێك ڕابكێشیتە ئەو بەشە ئازادە و دژی دەسەڵاتی ئەو بەشە و خەڵكەكەی بجووڵیتەوە و هەموو كات لە هەوڵی ئەوەدا بیت، ئاژاوە و كێشە بۆ ئەو بەشە ئازادە دروست بكەیت، ئەمە جگە لەوەی جێگای قبووڵ نییە، ئەوا هیچ پەیوەندیی بە كوردایەتی و نیشتمانپەروەری و خواستی نەتەوەییەوە نییە، بەڵكو كوردایەتی ئەوەیە كە هەموو حزب و لایەن و كەسێكی كوردستان ئەو بەشە ئازادەی كوردستان وەك گلێنەی چاوی خۆیان بپارێزین. ڕاستە حزبێك ڕێبەرایەتی و سەرۆكایەتی دەكات، بەڵام هەر جیاوازی و ململانێیەك لەنێوا لایەن و حزبەكانی كوردستان هەبێت، دەبێت ئەوە بەلاوە بنرێت و، پێویستە هەموو لایەك خزمەتی ئەو بەشە ئازادەی كوردستان بكات.

* كاتێك حكومەتی هەرێمی كوردستان دەیەوێت بە ڕێگەی ئاشتی كێشەی چەكدارانی پەكەكە چارەسەر بكات، چەكدارانی پەكەكە كەمین بۆ هێزی پێشمەرگە دادەنێن و پێشمەرگە شەهید دەكەن، ئایا چۆن دەبێت مامەڵە لەگەڵ پەكەكە بكرێت كە لە زمانی ئاشتی و دیالۆگ تێناگەن؟

- ئیدارەی چەكدارانی پەكەكە كێشە و گرفتێكی گەورەیان هەیە و هاوكات دەیانەوێت كێشەیەكی مەزن بۆ باشوور دروست بكەن، ئەگەرچی دەزانین و لە هەموو لایەك ئاشكرایە كە هاتنەدی ئامانجی نەتەوەیی لەم قۆناغ و سەردەمە بە دیالۆك و ڕێگای ئاشتی مسۆگەر دەبێت. ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان و جەنابی سەرۆك بارزانی داینابوو، زۆر ڕاست و لە جێگای خۆیەتی كە كێشەكانی چەكدارانی پەكەكە بە گفتوگۆ و دیالۆگێكی ئاشتییانە چارەسەر بكرێت، لەلایەكی دیكەوە ئەو بڕیارەی جەنابی سەرۆك بارزانی بەوەی كە شەڕی كورد لەگەڵ كورد حەرامە و نابێت بە هیچ شێوەیەك ڕێگە بە ڕوودانی بدرێت، دەبێت هەموو كەس و لایەنێك ڕێزی لێ بگرن.

* تیرۆریستانی داعش، شنگال و تەواوی ناوچەكانی كوردانی ئێزدییان كاول كرد و ژن و كچانی كوردانی ئێزدییان كردە كەنیزەك، پەكەكە بە حیساب كە بانگەشەی ئەوە دەكات بەرگری لە كوردانی ئێزدی دەكات، ڕێگرە لە ئاوەدانكردنەوەی شنگال، هەروەها لاوەكانی ئێزدییش چەكدار دەكات، ئایا ئێزدییەكان مەینەتیان كەمە، وا پەكەكەش هیندەی دیكە كارەساتیان بۆ دروست دەكات؟

- ئەو بابەتەی كوردانی ئێزدی زۆر تایبەتە، بۆیە لێرەدا دەڵێم پێویستە ئێزدییەكان یەكگرتوو بن و لە ژێر چەتری هێزێكدا بن و نەهێڵن خەڵكەكەیان هەڵبخڵەتێندرن، بەتایبەت گەنجەكانیان لەلایان چەكدارانی پەكەكەوە، چونكە دەزانین ئەوەی پارێزگاری لە شنگاڵ دەكات و ئەوەی خۆی كردە قوربانی، هێزی پێشمەرگەی كوردستان بوو كە بە چاودێری و سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی جەنابی سەرۆك بارزانی لە بەرەی پێشەوەی شەڕەكان بوو لە دژی داعش بۆ رزگاركردنی شنگاڵ و شنگاڵییەكان. خۆ ئەگەر چەكدارانی پەكەكە ئیدیعای ئەوە دەكەن، لە پێناو رزگاری ئێزدییان هاتوون و شەڕی دژی داعشیان كردووە، ئەوە لێرەدا دەڵێین دەستیان خۆش بێت، بەڵام با هەر وەك ئەوەی پارتی و هێزی پێشمەرگە بۆ پارێزگاری و رزگاریی كۆبانی چوون، بەڵام لە پاش رزگاركردنی كۆبانی لە دەست داعش و لە پاش تەواوبوونی ئەركەكانیان گەڕانەوە باشووری كوردستان، پێویستە چەكدارانی پەكەكەش وانە لەوە وەربگرن و ئەوانیش شنگاڵ و ئەو ناوچە و شوێنانەی تێیدان، چۆڵی بكەن و هەرێمی كوردستان خۆی وەك بەشێك لە كوردستان خزمەتیان بكات.

* لە ناوچەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان بە تایبەتی لە گەرمیان و كەركووك، چەكدارانی پەكەكە لاوانی كچ و كوڕ هەڵدەخڵەتێنن و بە زۆر چەكداریان دەكەن، كە بەشی زۆری ئەو لاوانە تەمەنیان خوار هەژدە ساڵە و پاشانیش ڕێگە نادەن كەسوكاریان بیانبینن، ئایا ئەمە تاوانێكی دیكەی پەكەكە نییە دژی مرۆڤایەتی و كوردایەتی؟

- چەكداركردنی هەر كەسێك لە خوار تەمەنی 18 ساڵیدا كارێكی زۆر هەڵەیە و ئەمە بە یاسا لەهەموو دنیا بەپێی جاڕنامەی مافەكانی مرۆڤ قەدەغەیە، ئەمە هەڵەیەكی زۆر گەورەیە كە جێگای قبووڵ نییە لە هەموو دنیادا. بێگومان چەكدارانی پەكەكە لەسەر خاڵی لاوازی گەنج كاردەكەن و لە پاشان هەڵیاندەخڵەتێنن بە ناوی نەتەوایەتی و كوردپەروەری و ئازادیی مرۆڤەكان، پاشان دەیانبەنە بەرەی شەڕ و پێكدادانەكان و بە كوشتنیان دەدەن. ئەو منداڵانە خەڵكی كەركووك، گەرمیان، خانەقین، یان هەر شوێنێكی كوردستان و دنیا بن، چەكداركردنیان پێچەوانەی ماف و بەندەكانی ماڤی مرۆڤی جیهانییە و قەدەغەیە.

Top