ئەمریکا هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بەرنامە ناوکییەکەی ئێران بە بێ ئەنجام دەزانێت

ئەمریکا هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بەرنامە ناوکییەکەی ئێران بە بێ ئەنجام دەزانێت

 

بەپێی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی، بەرپرسانی واشنتۆن لە وتووێژەکانیاندا لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل هەرچەندە ناڕازیش بوون، هێرشەکانی ئەو وڵاتەیان بۆ سەر بەرنامە ناوکییە درێژخایەنەکەی ئێران بە ناکاریگەر و بێ ئەنجام ناوبردووە.

بەپێی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، بەرپرسانی واشنتۆن ڕایانگەیاندووە: سەرەڕای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئاسانکارییەكانی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران، هەروەها کوشتنی موحسین فەخریزادە، سەرۆکی بەرنامە ناوکییەکەی کۆماری ئیسلامی، ئەو وڵاتە توانیویەتی لە ماوەی چەند مانگێکدا بە بەكارهێنانی ئامێرە پێشكەوتووەكانی پیتاندنی یۆرانیۆم دەست بە چالاكییە ناوكییەكانی بكاتەوە.

بەرپرسانی ئەمەریکاش وتوویانە کە دوای کشانەوەی واشنتۆن لە ئەنجومەنی ئاسایش ، تاران توانیویەتی مەودای دەستکەوتنی یەکەم بۆمبی ئەتۆمی لە ساڵێکەوە بۆ چەند هەفتەیەک كەم بكاتەوە، بەڕای بەرپرسانی ئەمەریکا کۆماری ئیسلامیش سەرکەوتوو بووە لە بەهێزکردنی بەرگرییە سایبەرەکانی ، بەپێی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، واشنتۆن پێی وایە ئەو گەمارۆ سایبەرەی کە ئەمەریکا و ئیسرائیل لە ساڵی 2010 بە بەکارهێنانی ڤایرۆسی ستۆکسنێت لەسەر ئامێرەکانی دەوڵەمەندکردنی یۆرانیۆمی ئێران ئەنجامیان دا، ئەمڕۆ ناکرێت.

بەپێی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، ڕاوێژکارانی سەرۆکی ئەمریکا پێیانوایە تەنانەت توندبوونی سزاکان لە دژی بەرپرسانی تاران و سەرچاوە ئابوورییەکان ئەنجامی زیاتر لەوە نابێت کە تا ئێستا بەرهەمیان هێناوە.

هاوکات لەگەڵ ڕاپۆرتی نیویۆرک تایمز و لە دەست پێ کردنەوەی گفتوگۆکانی ناڕاستەوخۆی ئێران و ئەمریکا لە ڤیەننا، بينی گانتس وەزیری بەرگری ئیسرائیل ڕایگەیاند: کە ئامادەیە پشتگیری لە ڕێککەوتنێکی فراوانتر و بەهێزتر ئێران بكات، پاشان گوتی: بەمەرجێك هەر ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئێران دەبێت کۆتایی بە توانا ناوکییەکانی ئێستای بهێنێت و پشکنینە فراوان و وردەکاریی دەزگا ناوەکیی و سەربازییەکانی تاران بخاتە ڕوو.

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top