سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە وەزیری دەرەوەی فەرەنسا پێگەیشت

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە وەزیری دەرەوەی فەرەنسا پێگەیشت

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە جان ئیڤ لۆدریان وەزیری دەرەوەی فەرەنسا پێگەیشت.
لە پەیوەندییەکەدا، دۆخی کۆچبەرانی سەرسنووری بێلارووس و پۆڵەندا و بەشداریی و مانەوەی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتیی ناوەڕاست تاووتوێ کرا.
لە بارەی دۆخی کۆچبەرانەوە هەردوولا هاوڕابوون کە ئەوان بوونەتە قوربانی دەستی بازرگانانی مرۆڤ و قاچاخچییەکان و گەمەیەکی سیاسی .
سەرۆکی حکومەت، ئاماژەی بە گەڕانەوەی سەدان کۆچبەردا بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق، ئامادەیی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی، بۆ هەر هاریکاری و هەماهەنگییەکی پێویست لە پێناو گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئەو کۆچبەرانەی ماون دەربڕی، هەروەها داواشی لە وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کرد کە ڕۆڵی خۆیان،لە گەیاندنی فریاگوزاری بەو کۆچبەرانەی گیریان خواردووە بگێڕێت.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، بە پێزانینەوە باسی لەو ڕێکارانە کرد کە لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە گیراونەتەبەر بەرامبەر ئەو تاوانبارانەی، بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن ، سوپاسی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی کرد کە بە پەلە لە گەڵ بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا و وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا، هەماهەنگییان کرد و هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیان دا .
سەرۆکی حکومەت و وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، ڕێککەوتن لە سەر ئەوەی تیمێکی تەکنیکی، لە پاریسەوە سەردانی هەرێمی کوردستان و بەغدا بکات، بۆ بەدواداچوون و گرتنەبەری ڕێکاری پێویست.
هەردوولا هاوڕابوون لە سەر گرنگیی بەردەوامبوونی پەیوەندیی و هەماهەنگیی لە نێوان هەردوولادا.

Top