پێگە و مافی ئافرەت لە ڕوانگەی شەریعەتی ئیسلام

پێگە و مافی ئافرەت لە ڕوانگەی شەریعەتی ئیسلام

 

زۆر جار كە باس لە ئافرەت ‌و كێشە ‌و ماف ‌و خواستەكانی دەكرێ لە كۆمەڵگەی ئێمەدا، ناكرێ‌ باس لە نەریت‌ و عاداتی كۆمەڵگە لە لایەك ‌و مافی ئافرەت لە ئیسلامدا، لە لایەكی دیكەوە نەكرێت. لەم دوو نێوەندەشدا تێڕوانینی جیاواز و تەنانەت زۆر جار هەڵەش لە مەڕ مەسەلەكەوە هاتوونەتە ئاراوە.

بە لای زۆرێكەوە كاتێ‌ قسە دێتە سەر ئەو دیاردە ناشایستانەی دژ بە ئافرەت دەكرێ‌، ئیسلام لێی بەرپرسیارە‌ و سەپاندوویەتی بە سەریدا. بە لای هەندێكیشەوە ئیسلام بەرییە لە هەموو ئەو زوڵمانەی كە بە ناوی ئیسلامەوە لە ئافرەت دەكرێ‌‌ و، زۆرجار مافی پێشێل دەكرێ‌‌ و دەچەوسێندرێتەوە، بە بیانووی ئەوەی گوایە ئیسلام وای ڕەچاوی كەسایەتیی ئافرەتی كردووە، كە لە ڕاستیدا من پێم وایە تێڕوانینی دووەم ڕاستە‌ و ناوەڕۆكی پەیامی ئیسلام دوورە لەو توندوتیژی دژی ئافرەت و داب ‌و نەریت ‌و بیركردنەوەی سەقەتە لە زۆرینەی ئەو تاوانە بەرپرسیارە، كە دەرهەق بە ئافرەت ئەنجام دەدرێن.

هەموومان دەزانین لە كۆمەڵگەی ئێمەدا زۆر جار ئافرەت دەكوژرێ‌، سووكایەتی پێ‌ دەكرێ‌، توندوتیژی لە گەڵ بەكار دێ‌، مافی دەخورێ‌، بێ‌ ڕێزی پێ‌ دەكرێ‌، مافەكانی زەوت دەكرێ‌، دەنگی ڕادەربڕینی كپ دەكرێ‌، بە چاوی سووك سەیر دەكرێ و.‌. هتد. بەڵام هەموو ئەمانە زادەی نەریتی سەقەتی كۆمەڵگەن، نەك پەیامی پیرۆزی ئیسلام، چونكە ئێستاش كەسانێك هەن، كە لە لایانەوە باس لە ئافرەت دەكرێ‌، وا دەزانن ئافرەت كائینێكە (لە ڕووی مرۆڤبوونەوە) جیایە لەو كائینەی پێی دەگوترێ‌ پیا‌و، یان مرۆڤی پلە دووە، یان وای بۆ دەچن لە ڕووی مرۆڤبوونەوە خوا كار لەجێ‌ جیاوازی خستووەتە نێوان پیاو ‌و ئافرەتەوە. ئەمە لە كاتێكدا، كە پەیامی ئیسلام زۆر ڕاشكاوانە ئەم مەسەلەی ڕوون كردووتەوە ‌و بەپێی دەقە پیرۆزەكان و لە ڕووی مرۆڤبوون ‌و تەكالیفی شەرعی ‌و خیتابی دەقەكان ‌و پاكانەی سەربەخۆی ماڵ ‌و ماف ‌و ئەرك‌ و كاروباری كۆمەڵایەتی، جیاوازی لە نێوان ئافرەت ‌و پیاو نییە، بەڵكو جیاوازی لە پێكهاتەی سرووشتی دروستبوون ‌و هەندێ‌ بواری ئەرك ‌و كارەوەیە، كە ئەگەر بە وردی لێی بكۆڵینەوە، ئەم جیاوازییە لە بەرژەوەندیی هەردوو ڕەگەز دایە، ئەگەرنا لە ئیسلامدا شتێك نییە بە ناوی ئیمتیاز و خەڵاتكردنی پیاو ‌و كپكردنی ئافرەت ‌و وەلانانی، ئەوەی هەشە ئەرك‌ و بەرپرسیاریەتی‌ و بارگرانییە، نەك بەهرەیەكی فزوولی. چونكە خوای باڵادەست بۆ هەر یەكێك‌ لە پیاو ‌و ئافرەت ئەرك‌ و كارێكی داناوە، كە لە گەڵ پێكهاتەی سرووشتی عەقڵ‌ و ڕۆح ‌و دەروون‌ و جەستەیان بگونجێ‌. كەواتە ئەمە بە سووك تەماشا كردنی ئافرەت نییە، بە پێچەوانەوە ئافرەت مەكانەتی تایبەتی خۆی لە ئیسلامدا‌ هەیە و، لە چەندین ئایەت ‌و فەرموودەدا ئەو ڕاستییە دەردەكەوێ‌، كە ئافرەت لە گەڵ پیاو تەواوكەری یەكترن ‌و ڕێزی هیچیان بە سەر ئەوەی دیكە تەفزیل نەكراوە، وەك لەم دەقە پیرۆزانەی خوارەوە زۆر هەقیقەتی جەوهەری لەمەڕ ئەسڵی بابەتەكەوە بە دیار دەكەون ‌و ڕامانی زۆر هەڵدەگرن. وەك خوا دەفەرموێ‌: «وَمِنْ آيَاتِهِ أَنْ خَلَقَ لَكُم مِّنْ أَنفُسِكُمْ أَزْوَاجًا لِّتَسْكُنُوا إِلَيْهَا وَجَعَلَ بَيْنَكُم مَّوَدَّةً وَرَحْمَةً إِنَّ فِي ذَلِكَ لَآيَاتٍ لِّقَوْمٍ يَتَفَكَّرُونَ) (21) سورة الروم. (وَعَاشِرُوهُنَّ بِالْمَعْرُوفِ فَإِن كَرِهْتُمُوهُنَّ فَعَسَي أَن تَكْرَهُواْ شَيْئًا وَيَجْعَلَ اللّهُ فِيهِ خَيْرًا كَثِيرًا)(19) سورة النساء. «

«وَالْمُؤْمِنُونَ وَالْمُؤْمِنَاتُ بَعْضُهُمْ أَوْلِيَاء بَعْضٍ يَأْمُرُونَ بِالْمَعْرُوفِ وَيَنْهَوْنَ عَنِ الْمُنكَرِ وَيُقِيمُونَ الصَّلاَةَ وَيُؤْتُونَ الزَّكَاةَ وَيُطِيعُونَ اللّهَ وَرَسُولَهُ أُوْلَئِكَ سَيَرْحَمُهُمُ اللّهُ إِنَّ اللّهَ عَزِيزٌ حَكِيمٌ) (71) سورة التوبة. «

«يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُم مِّن ذَكَرٍ وَأُنثَي وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِندَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ إِنَّ اللَّهَ عَلِيمٌ خَبِيرٌ) (13) سورة الحجرات.»

 هەروەها فەرمودەكانی پێغەمبەر (د.خ) هەیە كە دەفەرموێ‌: (خيركم خيركم لأهله وأنا خيركم لأهلي). (إتقوا الله في النساء، فإنكم إنما أخذتموهن بأمان الله واستحللتم فروجهن بكلمة الله إن لكم عليهن حقا و لهنّ عليكم حقا).

لەوەدا بۆمان ڕوون بووەوە، كە ئیسلام گرنگییەكی زۆر جددی داوە بە ئافرەت‌ و هیچ كات شتێكی قبووڵ نیە، كە ببێتە مایەی زوڵمكردن لە ئافرەت‌ و سووكایەتی پێكردنی، بە پێی تێفكرینی ئەم دەقانەی سەرەوە.

ئەگەر پەیامی ئافرەتی كورد پێداگری بكات لەسەر بە واقعی كردنی ناوەڕۆكی دەقەكان، پێم وایە هەڵچوونە بێ‌ بنەماكان سارد دەكاتەوە ‌و دەتوانێ‌ بەر پێی ئەوانەش بگرێ‌، كە بە ناوی ئایینەوە قبووڵی دیاردەی توندوتیژی‌ و كپكردن ‌و چەوساندنەوەی ئافرەتان دەكەن. حاڵیشی زۆر باشتر دەبێ‌ لەو حاڵەی، كە ئێستا تێیدایە ‌و بە دەست زۆرێك تێڕوانینی هەڵە ‌و نەریتەوە گیری خواردووە‌ و مافەكانی بە بیانووی جیا جیای دوور لە كرۆكیی ئیسلام پێشێل دەكرێ‌.

ئافرەت پیرۆزیی خۆی هەیە لە ئیسلامدا ‌و ئیسلام بەرییە لە زۆربەی ئەو دیاردە ناشایستانەی بە ناوی جیا جیا بەرامبەر ئافرەت دەكرێ‌، ئافرەتی كوردیش كە خاوەن مێژوویێكی شەرەفمەند و ڕۆڵی قارمانانە‌ و دڵسۆزانە‌ و گیانی نیشتمانپەروەریی هەیە، جێی خۆیەتی لەم قوناغەدا هەموو ئەوانەی لەمەڕ ئافرەت قسە دەكەن بە گشتی‌ و ئافرەتی كورد بە تایبەتی، هۆشیار بن لەوەی ئەگەر ئافرەتێك ڕووبەڕووی كێشەیەك بوویەوە، ئەركیەتی هەوڵی زانینی سەرچاوەی كێشەكە بدات، كە لە كێوە هاتووە. نەك یەكسەر ڕێگەی هەڕشە ‌و تانەدان لە ئیسلام بگرێتە بەر.

 

 

مەلا عەبدوڵڵا شێركاوەیی

 

بەرپرسی ڕاگەیاندنی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان

 

Top