پەروەردەكردنی دروستی كچان خانمانی هۆشیار بۆ كۆمەڵگە ئامادە دەكات

پەروەردەكردنی دروستی كچان  خانمانی هۆشیار بۆ كۆمەڵگە ئامادە دەكات

 

 

 

پڕۆفیسۆر سۆنیا لاورانس ئوستادی یاسایە لە زانكۆی ئۆسگود لە كەنەدا و وەك نووسەری داد بۆ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵیی كەنەدا كاری كردووە و ئێستاش بەڕێوەبەری ئامۆژگای فێمینیستە بۆ دیراساتی یاسایی لە زانكۆی ئۆسگود، ئەو كەسایەتییە ئەكادیمییە ڕایوایە: «پەروەردەكردنی كچان بۆ پێگەیاندنی ژنان، كردنەوەی دەرگاكانی سەركەوتنە بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاری و گۆڕانكاری لە كۆمەڵگەدا»، كەواتە پێویستیمان بە شۆڕشێكی هۆشیاریی كۆمەڵایەتییە، دەبێت خێزان و كۆمەڵگە هۆشیار و باڵادەست بێت لە پەروەردەكردنی منداڵ بەتایبەت كچان، ئەویش بە بایەخدان و ڕەخساندنی دەرفەتی یەكسانی دوور لە جیاكاری ڕەگەزیی. بەشداربووانی ئەم ڕاپۆرتەی گوڵان زیاتر ئەو پرسە گرینگە شەن و كەو دەكەن.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

تەرزە حسێن كارگێڕی لیژنەی ناوچەی ناوەندەی ئەكادیمییەكان، سەبارەت بەم پرسە دەڵێت: «دیارە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا بە هۆی كاریگەریی ئایینی و دابونەریتی دواكەوتوو و كۆنەپەرسەتی و خراپیی یاساكان دۆخی مافەكانی ئافرەت لە ئاستێكی زۆر خراپدایە و بەردەوام مافەكانیان پێشێل دەكرێت. بۆیە دەبێت كاری زۆر زیاتر لە سەر پەروەردەی دروستی كچان بكرێت، بۆ ئەوەی سەرپەرشتێكی نموونەیی بن بۆ خێزان و لە داهاتوودا بۆ منداڵەكانیان دایكێكی هوشیار بن، هەر دایكانیشن كە بە پەروەردەی دروستی منداڵەكانیان كۆمەڵگەیەك سەرپێ دەخەن. هاوكات كچان لە قۆناغی تازەپێگەیشتن زۆرترین وزەیان هەیە و پێویستییان بە ئاراستەكردنێكی ئەرێنییانەی كۆمەڵایەتی هەیە.» گوتیشی: «كە دەڵێن

بەهەشت لە ژێر پێی دایكاندایە، واتە ئافرەت گەورەترین و پیرۆزترین دیاریی خودایە، گەورەیی ئەم دیارییە ئەوەیە كە دەبێتە دایك و منداڵ پەروەردە دەكات، دایكیش هەرچی وشیارتر بێت، جیاوازیی لە نێوان كچ و كوڕی خۆی ناكات و ڕۆڵەی وشیار و بەتوانا پێشكەشی كۆمەڵگە دەكات و دەرفەتی سەركەوتنیان بۆ دروست دەكات.»

تەرزە حسێن لە كۆتایی ئاخافتنەكەیدا دەڵێت: «هەمیشە گەشبینم بە پاڵپشتیكردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕێزدار مسرور بارزانی كە ڕۆڵێكی بەرچاویان لە بواری داكۆكیكردن لە مافەكانی ئافرەتان هەبووە، دروستكردنی ئایندەیەكی باش و شیاو بۆ كچانمان كاری دایك و باوك و حكومەت و میدیاكان و ڕێكخراوەكانی حكوومی و ناحكوومییە و تەنیا بە لایەنێك ناكرێت، هەروەها پێویستی بە بە یاسا و بەرنامەڕێژیی وردبینانە هەیە. تەنانەت پێویستە مافی یەكسان و یەكسانیی ڕەگەزی ببێتە وانەیەكی بنچینەیی لە بواری پەروەردە و كچان وا پەروەردە بكرێن كە خۆیان بە هاوشانی كوڕان بزان و كوڕانیش هەمان تێڕاونینیان هەبێت.»

ئیبراهیم حاجی زەڵمی خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە كۆمەڵناسی و سەرەتا هێما بۆ ئەوە دەكات كە: «پرسی پەروەردە پرسێكی بنچینەیی مرۆییە و كورد واتەنی تا سەر ئێسقان مرۆڤ و پەروەردە مێژوویان وابەستەیە بە یەكتریەوە، لەو ساتەوەی مرۆڤ وەك بوونەوەرێكی كۆمەڵایەتی خۆی نومایان كردووە، یەكەمجار لە بچووكترین یەكەی كۆمەڵایەتی كە خێزانە (كە بنچینەی دروستبوون و پێكهێنەر و زیندووڕاگرتن و مانەوەی كۆمەڵگەیە) پرسی پەروەردەی چاندووە و یەكەم ئەركی كۆمەڵایەتی و مرۆیی سپاردبێت بە خێزان چاندنی بەهاكان بووە و بە هۆیەوە ژیانی ئاكاری و ئینسانی هەڵبژاردووە. بە درێژایی مێژوو فەیلەسووفان و بیرمەندان وپیاوچاكان و پێغەمبەران هاتوون لەم سەرزەمینە و لەنێو ئەم كۆمەڵگە مرۆییە ویستوویانە لە ڕێگەی پەروەردەوە مرۆڤایەتی و كۆمەڵگەكان ڕووەو كەناری ئارامی بەرن -كاتێ هەستیان بە نادادی و جیاوازی و ستەم و چەوساندنەوە كردووە-. بۆیە دەستبردنی ئەمانە بۆ پەروەردە و پێگەیاندنی تاكەكان سەر لەنوێ ئەوە دەسەلمێنی كە پرسی پەروەردە چەندە گرنگە و چەندە وابەستەیە بە بوون و ژیان و مانی مرۆڤایەتیەوە و چەندە وابەستەیە بە سەقامگیری و ئارامی و ئاسایشی كۆمەڵایەتیی كۆمەڵگەكانەوە.» هاوكات دەڵێت: «بنەمای بەهاكانی هەر كۆمەڵگەیەك لەسەر جۆری ژیان و كەلتوورو ڕۆشنبیری و دونیابینیی ئەو كۆمەڵگەیە بۆ ژیان و بوون دادەڕێژدرێن، یان داڕێژدراون. كۆمەڵگە دواكەوتووەكان ئەوانەی كە پیاوسالاری و بنەمای هێزو جووڵە و چینایەتی تیایاندا زیاتر خۆی سەپاندووە، ئیتر بەهاكانی زیاتر لە بەرژەوەندی چینی سەردەست و ڕەگەزی نێر و خاوەن هێزەكاندا دەیشكێننەوە، لەكاتی دابەزاندنیان لە پێگەیاندنی كۆمەڵایەتی و پەروەردەكردنی تاكەكاندا و لەنێو دەزگا كۆمەڵایەتییەكان ئەوانە دەرخواردی منداڵ و تاكەكان دەدرێنەوە. دواجاریش هەمان جۆری كۆمەڵگەش بە هەمان ڕیتم و نۆرمەوە دەمێنێتەوە و گۆرانكاری ئەرێنی تیا دروست نابێت. بەڵام ئەگەر كۆمەڵگەیەكی كراوە بێت و بوار بۆ ژیانێكی نوێ و تێپەڕاندنی نەریتە نەرێنی و جوداگەرەكانی وەك جیایی ڕەگەزی و چینایەتی و ئەتنی بداتە دواوە و شكۆیەك بۆ مرۆڤ بە بێ جیاوازی بگەڕێنێتەوە، ئەوە بە دڵنیاییەوە بەهای باڵا ی مرۆیی باشتر دێنە ئاراوە و چەكەرە دەكەن، كە مرۆڤبوون تیایان دەبێتە سەنتەر، نەك بەهێزی و چینایەتی و تایفەگەری و جیاگەرایی مرۆیی.

چیمەن فەیزوڵڵا سەرۆكی ڕێكخراوی ئەفرا بۆ پەرەپێدان و هاوكاری مرۆیی، سەرەتا جەخت لەوە دەكاتەوە كە «جۆری پەروەردە گرینگترین خاڵە لە دروستبوونی كەسایەتیی تاك، ئەوەش لە پەروەردەی ماڵەوە دەست پێ دەكات و دواتر لە كۆمەڵگە كامڵ دەبێت. هەر بۆیە دایك ڕۆڵی سەرەكیی هەیە لە جۆر و تایبەتمەندییەكانی كچ، واتە دایك ئەگەر هوشیار و ڕووناكبیر بێت و باوەڕی بە تواناكانی خۆی بێت، ئەو بیر و باوەڕەی دەتوانێ لە پەروەردە و بنیادنانی كچێكی بەتوانا كاریگەر بێت و، وا بكات كە كچەكەشی لە كۆمەڵگە بتوانێت جێگە و پێگەی خوی ببینێتەوە و هەوڵ بۆ دەرخستن و زورتركردنی تواناكانی بدات، لە هەمان كاتدا ئەگەر باوك بە واقیعی باوەڕی بە یەكسانیی جەندەری هەبێت، پشتگیری لە تواناكانی منداڵ لە هەر دوو ڕگەزی كچ و كوڕ بە یەكسانی بكات، ئەو كات دەتوانین بڵێین بنەماڵە توانیویەتی ڕۆڵی تەواوكەری بووبێت، بۆ بەرزڕاگرتنی پێگەی واقعیی كچ و ژن لە كومەڵگەدا، لە قوناغی دواتریش كومەڵگە ڕۆڵی سەرەكی دەگێڕێت بۆ بەتواناكردنی كچان.»

 

Top