هاووڵاتیان زۆربوونی پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون بە هۆكارێك بۆ چارەسەری قەیرانی نیشتەجێبوون نازانن

هاووڵاتیان زۆربوونی پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون  بە هۆكارێك بۆ چارەسەری قەیرانی نیشتەجێبوون نازانن

 

 

 

وێڕای هەوڵەكانی حكومەت بۆ چارەسەر كردنی قەیرانی نیشتەجێبوون كەچی بەشێكی هاووڵاتیان گرفتی كرێنشینی و گرانی یەكەكانی نیشتەجێبوونیان هەیە، لە كاتێكدا یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2006ی وەبەرهێنان، دەرگایەكی گەورەی بە ڕووی وەبەرهێنان كردەوە، بە جۆرێك ژمارەیەكی زۆر پڕۆژەی وەبەرهێنان، كە پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون پشكی شێریان بەركەوت، لە ناوچە جیاجیاكانی كوردستان جێبەجێ كران.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

 

بەپێی ئامارێكی یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان، لە هەرێمی كوردستان 10 هەزار وەبەرهێنەر هەن و لە ‌ماوەی 15 ساڵی ڕابردوودا 210 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون دروست كراون، بەڵام لەو ژمارەیە تەنیا 80 هەزاریان ڕادەستی هاووڵاتیان كراون، تاوەكو ئێستا لە هەرێمی كوردستان 935 مۆڵەتی وەبەرهێنان دراون بە خاوەن كۆمپانیاكانی وەبەرهێنان، زیاتر لە 25%ـی پڕۆژەكان تایبەتن بە نیشتەجێبوون و 186 پڕۆژە لەو بوارەدا مۆڵەتیان پێ دراوە، بەڵام ئەوە نەبووەتە هۆكاری كۆتاییهێنان بە قەیرانی نیشتەجێبوون، بەشداربووانی ئەم ڕاپۆرتەی گۆڤاری گوڵان لە ڕوانگەی خۆیانەوە باسی ئەو بابەتە دەكەن.

ئابووریناس هۆشمەند ڕەفیق، سەرەتا ئاماژە بە ئامارەكانی دەستەی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان دەكات و دەڵێت: «لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە لە پێناو چارەسەركردنی قەیرانی نیشتەجێبوون لە هەرێمی كوردستان وەبەرهێنانێكی زۆر لە كەرتی شوقە و خانووبەرە كراوە، كەچی وەبەرهێنان لەو كەرتە نەبووەتە هۆی كەمكردنەوەی ڕێژەی بێكاری، هەژاری، بێبازاڕی، كرێچییەتی، بەڵكو ڕێژەی كرێچی وەك ئەوەی بەرپرسانی پەیوەندیدار بڵاوی دەكەنەوە، ڕێژەكە بەرزتر بووەتەوە، وەبەرهێنەرانیش ئەو دەرفەتە دەقۆزنەوە كە بە ئاسانترین ڕێگە و بە كەمترین تێچوو، بە كەمترین سەرمایە، ماوەیەكی زەمەنی زۆر كەم، زۆرترین قازانج دەكەن، لە هەمووشی گرینگتر ئەوەیە كە پڕۆژەكان ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو هەڵكشان دەچن، بەشێكی زۆری بۆ كرێیە، یان بۆ نیشتەجێیبوونە، كە بە نرخێكی بەرزە، كەمترین كرێچی لێی سوودمەند دەبێت، زیاتر هاووڵاتیانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان لە ناوچەكانی دیكەی عێراقەوە، بەهۆی سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی كوردستان، دێن لێرە نیشتەجێ دەبن، یان كەسانێك پاشەكەوتی مانگانەیان زۆرە، لە بری ئەوەی ئەو پاشەكەوتە لە قاسەی ماڵەكەی دابنێت كە ئەگەری دزینی دەبێت، ئەوە شوقە، یا خانوو، یا زەوی پێ دەكڕن، جگە لەوەش بەشێكی سەرمایەدارانی عەرەبی ناوچەكانی دیكەی عێراق سەرمایەكانیان لە كڕین و فرۆشتنی شوقە و خانووبەرە لە كوردستان بەكاردەهێنن.

پێویستە حكومەت بە پلانێكی درێژخایەن لەرێگەی دابەشكردنی زەوی یان دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون ئاوڕێكی بە پەلە لەم پرسە بداتەوە.

هێمن ساڵح كۆمەڵناسە و جەخت لەوە دەكاتەوە كە: «بەهۆی ئەو سەقامگیرییەی لە هەرێمی كوردستان بوونی هەیە، بەشێكی زۆری سەرمایەدارانی بیانی سەرمایەكانیان بێننە كوردستان بە تایبەت هەولێر پایتەخت، بیانییەكان كە لە هەرێمی كوردستانن و كاری باشیان هەیە و پارەی زۆریان دەست دەكەوێت، ئەوانە ئامادە نین، بێن لەناو گەڕەكەكانی ناو شار نیشتەجێ ببن، دەچن لە شوقەكان نیشتەجێ دەبن بە كرێی زۆر، بۆ ئەوان شوقە باشترە، هەروەكو هۆتێلە بۆیان، ئەو كرێیەی ئەوانە دەیدەن بە شوقەكانی ناو شار وای كردووە نرخی شوقە بەرز بێت و بە خەڵكی ئاسایی خۆمان ئەو كرێیانە نادرێت، كە زۆربەی لە سەرووی ٥٠٠ دۆلارەوەیە شوقەكانی دووری شاریش سەرەڕای گرانیبی نرخیان خەڵكی ئاسایی هەمووی ئۆتۆمبێلی نییە، یان ئەو توانایەی نییە ئەو هەموو هاتوچۆیە بكات، هەموو ئەوانە بە یەكەوە وای كردوە ئەو یەكانە نەبن بە چارەسەر بۆ قەیرانی نیشتەجێبوون.» سەبارەت بە چارەسەری ئەو ئاریشەیەش گوتی: «چارەسەر ئەوەیە حكومەت خۆی یەكەكانی نیشتەجێبوون دروست بكات و بە نرخی هەرزان بیفرۆشێت و بەتایبەت بە خەڵكی هەژار و كرێچی و كەمدەرامەتی بدات.»

عەلی ئیبراهیم حەسەن ڕاوێژكاری كارگێڕی و دارایی لە كۆمپانیای عەقاراتی حاجی سەلام، رای پێچەوانەی هەیە و دەڵێت: «دروستكردنی پڕۆژەی باڵەخانە و تاوەر و یەكەی نیشتەجێبوون ڕۆڵی زۆری لە كەمكردنەوەی گرفتی نیشتەجێبوون بینیوە، هەروەها هاتنی ئاوارە و پەناهەندە بە هۆی شەڕی داعش و قەیرانی سووریا و گەمارۆكانی ئەمریكا و ئەوروپا لەسەر وڵاتی ئێران وای كردووە وەبەرهێنەر و كەسانی سەرمایەگوزار و دەستی كار ڕوو بكەنە هەرێمی كوردستان بە گشتی و هەولێری پایتەخت بە تایبەتی، پلانی دەستەی وەبەرهێنان و ئاسانكاریی وەزارەتی شارەوانی تا ڕاددەیەكی زۆر قەبارەی كێشەكانی كەم كردووەتەوە، بە دڵنیایی ئەم ستراتیژیەی حكومەت لە بەرژەوەندی ئابووریی وڵات و بووژانەوە و ئاوەدانیی وڵات كۆتایی دێت. بوونی ئەو پڕۆژانەش كاریگەری زۆر باشی لە كەمكردنەوەی نرخی خانوو و كرێ خانوو هەبووە، ئەگەر ئەم پڕۆژانە نەبوونایە، ئێستا نرخەكان زۆر زۆر بەرزتر دەبوونەوە، بەڵام پلانێكی سەركەوتوو هەیە لە حكومەت كە وادەكات خواستی بازاڕ پڕ بكرێتەوە و هاوسەنگیی بۆ نرخەكانیش بگەڕێتەوە.

Top