توركیا بڕیار هێرشی رۆژئاوای داوەو لەچاوەڕوانی هەڵگرتنی گڵۆپی سەوزی مۆسكۆدایە

توركیا بڕیار هێرشی رۆژئاوای داوەو لەچاوەڕوانی هەڵگرتنی گڵۆپی سەوزی مۆسكۆدایە


دواجار ئەنقەرە كاتژمێری ( سفری) بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكەی لەدژی رۆژئاوا دانا، هەرچەندە تائێستا دیارو روون نی یە ئامانج لەو ئۆپراسیۆنە چی ناوچەیەكی رۆژئاوای كوردستانە بەڵام بێدەنگی هەردوو وڵاتی مۆسكۆ و ئەمەریكا هەڕەشەكانی توركیای زیاتر كردووە، هەرچەندە چاودێرانی سیاسی پێیان وایە ئەمجارە توركیا بەبێ گڵۆپی سەوزی مۆسكۆ ناتوانێت سنووری ئۆپراسیۆنەكەی فراوان بكات چونكە ئەو وڵاتە دەیەوێت دەسەڵاتی توركیاو گروپە ئیسلامی یە چەكدارەكانی ئەنقەرە لەناو خاكی سوریا كەم بكاتەوە، بەتایبەتی كە توركیا نزیكەی 9 هەزار كیلۆمەتری چوارگۆشەی لەخاكی رۆژئاوای كوردستان و سوریا داگیركردووە، پێدەچێت ئەمجارە مۆسكۆ لەبەرامبەر كشانەوەی توركیا لە ئیدلیب بوار بەتوركیا بدات لەهەندێك شوێنی دیكە پێشڕەوی بكات، ئەم سیناریۆیە بۆ مۆسكۆ گرنگە بەتیرێك دوو نیشان دەشكێنێت و زیاتر توركیا دەخاتە ناو گێژاوی شەڕی یەپەگەو لەو لاشەوە ناوچەیەكی گرنگ و ستراتیژی گەورەی دەست دەكەوێت و كێشەی نێوان توركیا و ئەمەریكا ئاڵۆزتر دەكات
لەبەرامبەردا بەردەوام بەرپرسانی توركیا دەڵێن بوونی هێزەكانی پەیەدا هەڕەشەن لەسەر ئاسایشی وڵاتەكەیان، لەكاتێكدا بەردەوام كێشەی كورد بۆ سەرقاڵبوون و خۆ دزینەوە لەكێشە نێوخۆییەكانی توركیا بەكارهێنراوە، پەلاماردانی حەسەكەو كۆبانێ بۆ ئەردۆغان گرنگە و قەبارەی خۆی و پارتەكەی لەناوخۆی توركیا پێ راست دەكاتەوە.
لەهەموو حاڵەتێكدا رۆژئاوای كوردستان لەبارودۆخێكی باش دا نین، توركیا هەڕەشە دەكات و مۆسكۆ خوازیارە لەرێگەی گفتوگۆوە دەسەڵتی سوریا بەتەواوەتی بگەڕێنێتەوە ئەو ناوچەیەو ئەمەریكاش هەڵوێستەكانی دیاروروون نی یە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش لەئاست ئەو هەڕەشەو دەستێوەردانانەی توركیاوە بێ دەنگن.

Top