لاوانی كەركووك خۆشحاڵن بەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان وەرچەرخانێكی گەورە لە شارەكەیان دروست دەكات

لاوانی كەركووك خۆشحاڵن بەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان وەرچەرخانێكی گەورە لە شارەكەیان دروست دەكات

 

 سەركەوتنی كاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سەركەوتنێكی مەزنە بۆ تەواوی گەلی كوردستان و گێڕانەوەی شكۆی قەوارەی هەرێمی كوردستانە بۆ دەستە ئەمینەكە، كە ئەویش ڕابەرایەتیی «سەرۆك مسعود بارزانی»یە. پارتی خاوەنی داستانی «پردێ و سحێلا و مەحموودیە»یە، هاوكات سەركەوتنی كاندیدانی پارتی لە كەركووك بە دەستكەوتێكی گەورە هەژمار دەكرێت و، لاوانی شارەكەش لە وتەكانیاندا بۆ گۆڤاری گوڵان جەخت لەوە دەكەنەوە كە ئەو سەركەوتنە وەرچەرخانێكی گەورە لە كەركووك دروست دەكات.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

مەریوان جەلال ڕەشید كارگێڕی لقی 3ی پارتی دیموكراتی كوردستانە و سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە «ئەم هەڵبژاردنە وەرچەرخانێكە لە مێژووی سیاسی و ڕووداوێكی نوێ و گۆڕانكارییەكە بەرەو باڵانسی هێز و زەمەنی تاكڕەویشی كۆتایی پێ هێنا. دەنگی بەرز و بەهێزی پارتی لە كەركووك هەرچەندە چاوەڕوانكراو بوو، بەڵام بۆ نەیارانی شۆكێكی گەورە بوو، دیارە ئەم سەركەوتنە هەر وا بە بێ پێشەكی ڕووی نەداوە، ڕۆڵی دیار و بەرچاوی سەرۆك مسعود بارزانی و هەڵوێستی نەگۆڕی بەرامبەر بە كەركووك كە مێژوو شاهیدی قوربانیدانی پارتییە و شۆڕشی مەزنی ئەیلوولی كردە قوربانی بۆ كەركووك، لە ئێستاشدا بەرگریكردن لە نەكەوتنی شاری كەركووك بەتایبەت لەشەڕی تیرۆریستانی داعش و دواتر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم كە دەستكەوت و سەنەدێكی مێژووییە بۆ ناسنامەی كوردستانیبوونی شاری كەركووك، ئەمە خۆی لە خۆیدا وەرچەرخانی سەدەیە كە پارتی و سەرۆك بارزانی ڕابەرایەتییان كردووە. خیانەتی ڕەشی 16ی ئۆكتۆبەریش زیاتر ئەوەی سەلماند كە ئەگەر ڕێگری نەكرێت و پارتی لە گۆڕەپانەكە دوور نەخرێتەوە، گەلی كوردستانیش دەگاتە مافە ڕەواكانی لەسەر دەستی سەرۆك بارزانی، بۆیە تاقمێكی خیانەتكار كەركووك و زیاتر لە سەدا پەنجا و یەكی خاكی كوردستانیان ڕادەستی دوژمنانی گەل و نیشتمان كرد، بەمەش بەرەی گەل و بەرەی خیانەت وەدەركەوت، بۆیە پارتی لە بەرامبەر ئەم تەوژمە بڕیاری بەرگریكردنی لە خاكی كوردستان دا و، شەڕی پردێ و سحێلا ڕووی دا و كۆتایی بە داگیركاری و خیانەتكاران هێنا، بۆیە لە پای ئەم هەڵوێستانە خەڵكی بەشەرەفی شاری كەركووك بڕیاری ئەوەیان دا، كە دەبێ پاداشتی پارتی بدەنەوە لە هەڵبژاردن و 10/10/2021 بووە وەرچەرخانێكی گەورە لە شانۆی سیاسیی ناوچەكە لێرەوە دەتوانین بڵێین دوێنێ ئەمڕۆ نییە.» گوتیشی: «پارتی ئەوەی بۆ هەموو لایەك سەلماند كە خاك و ئاڵا لە لای پارتی پیرۆزە و دەبێ كۆتایی بە عسكەرتاریەتی بێگانە بێت. لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنیشدا تەنیا پارتی بە جورئەتەوە ئاڵای پیرۆزی كوردستان بەرز كردەوە و بە شەكاوەیی لە نێو شاردا هەڵیدا، ئەمەش دڵی دەنگدەرانی خۆش كرد و جۆش و خرۆشی خستە نێو جەماوەری ئازادیخواز و نیشتمانپەرورەی شاری كەركووكەوە.»

زەینەب ڕزگار كارگێڕی لقی كەركووك (ی.ق.ك)، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «لە سەرەتای دەستپێكردنی بانگەشە و نزیكبوونەوە لە ساتەكانی هەڵبژاردن ڕوون و ئاشكرایە پارتی یەكەم هێز بوو كە ئامانجی سەركەوتنی لە هەڵبژاردن لە شاری كەركووك خزمەت بە خەڵكی و كۆتاییهێنان بووە بە تەعریب و دووبارە گەڕاندنەوەی سەربەستی و شكۆ بۆ كەركووك و دەرهێنانی لەژێر چنگی دەستەیەك كە هیچ مافێكیان بە شارەكەوە نییە و هاتوون حوكم و دەسەڵاتی سەربازی دەسەپێنن و، شەڕی دەروونی لەگەڵ خەڵكی شارەكە دەكەن، بەتایبەتی كوردانی شارەكە، سەركەوتنە مەزنەكەی پارتی لە كوردستان بە گشتی و كەركووك بەتایبەتی زەنگێك بوو بۆ گۆڕانكاریی گەورە و دووبارە چاندنەوەی هیوا و ئومێد لە دڵی هەر تاكێكی كوردستانی، ئەم سەركەوتنەش كرانەوەی ڕێگایەكە بۆ زیاتر كاركردن و هەوڵدان لە پێناو دەستەبەركردنی ئەو مافانەی تایبەتن بە كورد كە لە دوای خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەر دەستی بەسەردا گیرابوون و پشتگوێ خرابوون، دووبارە گەڕاندنەوەشی لەسەر دەستی كاندیدانی پارتی دەبێت و، خزمەتكردنی خەڵكی كەركووكی دڵی كوردستانیش هەمیشە ئامانجی لە پێشینەیە بۆ پارتی.» گوتیشی: «دووبارە گەڕانەوەی سەقامگیری و ئازادی كە مافی سەرەكیی هەموو تاكێكە و لێسەندنەوەی لە نەتەوەیەكی خاوەن شەهید و خاوەن سەروەری جێگای قبووڵ نییە، هەروەها كاركردن لە پێناو دابینكردنی هەلی كار و خزمەتگوزاری بۆ سەرجەم ئەو ناوچانەی هیچ خزمەتێكیان پێ نەگەیشتووە و بێبەش بوون لە مافە سەرەتاییەكانیان و ئاوڕدانەوە لە هەژاران و باشتركردنی گوزەرانیان و دووبارە گرنگیدان بە خوێندن بە زمانی شیرینی كوردی كە لە دوای ١٦ی ئۆكتۆبەر هەوڵ دەدرا بۆ لەناوبردن و لاوازكردنی و لە سەرووی هەموو ئەوانە و زیاتر كە ئامانجی پارتی و كاندیدانی پارتین و بە كردار ئەوانەیان سەلماندووە و خۆیان بە خزمەتكاری هەر تاكێكی كورد دەزانن.

جەختی لەوەش كردەوە كە «ژیان كردن لەژێر سێبەری ئاڵای پیرۆز و موقەدەسی كوردستان و لەسەر دەستی كاندیدان و ئەندام و لایەنگرانی پارتی كە لە دوای خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەر بۆ یەكەمجار بە ئازادی و بە سەربەرزی شەكایەوە لە كەركووكی دڵی كوردستان و بووە ڕێگاخۆشكەرێك بۆ لایەنەكانی دیكەش، مایەی سەربەرزی و دڵخۆشی بوو، دووبارە گەشانەوەی دڵی هەر تاكێكی كورد بوو بە ئاڵای پیرۆزی كوردستان.»

محەمەد نورەدین محەمەد كارگێڕی ناوچە (ی.ق.ك) لقی كەركووك، یەكێكە لەو هەزاران لاوانەی كورد كە بە سەركەوتنی كاندیدەكانی پارتی دڵخۆشن و هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «ئەو سەركەوتنە مەزنەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووكی دڵی كوردستان ڕێگایەكە بۆ نەمانی ئەو هێزە توندڕەوانەی ناو شار و لادانی ئەو پارێزگارە سەپێندراوە و سەقامگیری و ئارامی شارەكە دەگەڕێنێتەوە بۆ پێش 16ی ئۆكتۆبەر.» گوتیشی: «دانانی ئاڵای كوردستان بەبێ هیچ ترسێك وادەكات كە ناسنامەی كورد لەم شارە داگیركراوەدا بمێنێتەوە، كە ڕۆژانە دەبینین لە غیابی پارتی دیموكراتی كوردستان دەیان عەرەبی شۆفینی دێنە كەركووك بۆ داگیركردنی زەوی و زاری هاووڵاتیانی كورد، بەڵام بە هەوڵی كاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو زەوی و زارانە دەگەڕێتەوە بۆ دەست خاوەنەكانیان، بۆیە بە هاتنەوەی كاندیدانی جەنابی سەرۆك بارزانی بۆ كەركووك ترس و دڵەڕاوكێ كەوتووەتە نێو ئەو خۆفرۆش و توندڕەوانە، بۆیە پارتی لە هەر كوێ بێت، بە بێ هیچ گومانێك ئازادی و سەرفرازی و ئاڵای كوردستانی لێ دەبێت».

Top