شێف سومەیە سەعید: ئاواتم ئەوەیە كارەكەم گەورە بكەم و بە هۆی منەوە گەنجێكی زۆر بە هەردوو ڕەگەزەوە لە بێكاری ڕزگاریان بێت

شێف سومەیە سەعید:  ئاواتم ئەوەیە كارەكەم گەورە بكەم و بە هۆی منەوە گەنجێكی زۆر بە هەردوو ڕەگەزەوە لە بێكاری ڕزگاریان بێت

 

 

سومەیە سەعید خانمە شێفێكی گەنجی دانیشتووی كەلارە، ساڵی 1993لە كەلار لە دایك بووە، وەك خۆی باسی دەكات لە پۆلی 11ی ئامادەیی بە هۆی سەختیی ژیان و گوزەرانی خێزانەكەی وازی لە خوێندن هێناوە، لە 2019 ژیانی هاوبەشی پێكهێناوە و دایكی كچێكە، لە دیمانەیەكی لەگەڵ گۆڤاری گوڵان، باس لە ئەزموون و سەرەتای كارەكانی بۆ خوێنەرانی گۆڤارەكەمان دەكات.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

شێف سومەیە سەعید لە دەستپێكی قسەكانیدا ئاماژە بەوە دەكات كە هەر لە منداڵییەوە حەزی لە دروستكردنی شیرینی و خواردن بووە، سەرەتا بە هۆی خراپیی باری داراییەوە هەوڵی كار كردنی داوە، یەكەمجار بە شەكری كوڵاو دەستی پێ كردووە و پاشان شیرینی و خواردن و تورشی بۆ كڕیارەكانی ئامادە كردووە، لە بارەی كارەكەشی گوتی: «بە هۆی ئەوەی هیج شتێكی بەستوو، یان حارزكراوم نییە، هەمووی بەپێی داواكاری كڕیارەكانم دروست دەكەم، مشتەری خۆمم هەیە، سوپاس بۆ خوا خێزانەكەم هاوكاریی زۆرم دەكەن، بە تایبەت هاوسەرەكەم، لێرەوە سوپاسی دەكەم».

لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا كە ئایا وەكو خانمێكی گەنج لەو كارەی دەكەیت ئاوات و ئامانجت چییە و ئایا بیرت لەوە نەكردووەتەوە لە داهاتوودا كارەكەت گەورەتر بكەیت؟ گوتی: «چۆن بیرم لێ نەكردووەتەوە، هیوا و ئاواتم ئەوەیە ڕۆژێك شوێنێكی ئەوەندە گەورەم هەبێت، شیرینی و چێشتەكانم پێكەوە پێكەش بە كڕیارەكانم بكەم، لە ئێستادا بەهۆی ئەەوی كچەكەم بچووكە ناتوانم، بەڵام پشت بە خوا ڕۆژێك ئەو ئاواتەم دێتەدی. چونكە تاكە ئاواتم ئەوەیە كارەكەم گەورە بكەم و، بە هۆی منەوە گەنجێكی زۆر بە هەر دوو ڕەگەزەوە لە بێكاری نەجاتیان بێت.» گوتیشی: «بە تەنیا ئیشەكە دەكەم، بەڵام زۆرجار پیاوەكەم هاوكاریم دەكات، هاوكات زۆر زۆر سوپاسی دایك و باوكم دەكەم بە تایبەت، لە بەر ئەوەی هاوكاریی زۆرم دەكەن، هاوكاری و پاڵپشتیی ئەوان نەبێت، منیش ناتوانم بەردەوام بم».

شێف سومەیە لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە هاوسەرەكەت چ كارێك دەكات؟ ئایا بارودۆخی داراییتان چۆنە؟ گوتی: «هاوسەرەكەم شاگردە، بە هەردووكمانەوە كار دەكەین، كەچی بەشی خەرجیی رۆژانەمان ناكات، لە خانووی ماڵی باوكم دەژین، سوپاسی خوا دەكەم، كرێی خانوو نادەین، ئەگەر كرێچی بووینایە، دۆخی ژیانمان زۆر قورستر دەبوو.» لە بارەی كارەكەشی زیاتر گوتی: «سەرەتا كە دەستم پێ كرد، زۆر زەحمەت بوو، بەڵام سوپاس بۆ خوا لە بەر حەزم بۆ كارەكە سەركەوتم و خەڵكیش زۆر پشتگیریم دەكەن، هەرەوەها خەڵكیش هەیە كاركردنەكەم بە عەیب دەزانێت، بەڵام من چونكە كارەكەمم خۆش دەوێت، هەتا دێت زیاتر پێش دەكەوم. مایەی خۆشحاڵییە كە ئافرەتان لەسەر پێی خۆیان بوەستن، منیش بەم كارەم دەبم بە هاوكار بۆ خانمانی مامۆستایان و فەرمانبەران كە دەوامیان هەیە و خواردن و شیرینییەكانیان بە من دەسپێرن، چونكە ئەوان ئەو كاتەیان نییە، یان میوانی زۆریان دێت بە هەمان شێوە، من هەر خواردنێكیان بوێت بۆیان دروست دەكەم.» لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە لە چ ڕێگەیەكەوە خۆت بە كڕیاری خوردنەكانت ناساندووە؟ گوتی: «هەر لە ڕێگەی فەیسبووكەوە بەرەوپیش چووم،

رۆژانە وێنە و ڤیدیۆی كارەكانم لە ستۆری و فەیسبووك و ئینستا و سناپ چات دادەنێم، بەڵام زۆربەیان لە فەیسبووك داوای خورادەمەنییەكانم دەكەن.» دواپرسیاریش ئەوە بوو: ئایا سەرەتا كەس ڕێگری لە كارەكانت نەكردووە؟ لە وەڵامدا گوتی: «بەڵێ، پیاوەكەم حەزی نەدەكرد، زۆر جار ئەیوت خەڵك قسەی باش ناكەن، بەڵام من سوور بووم و دەبێت پشت بە خۆت ببەستی».

Top