بەدیعە عەلی: هاوكاریكردن و یارمەتیدان لە نێوان هاوسەران چ لە ماڵەوە چ لە دەرەوەی ماڵ كارێكی نۆڕماڵ و شارستانییە

بەدیعە عەلی:  هاوكاریكردن و یارمەتیدان  لە نێوان هاوسەران چ لە ماڵەوە چ لە دەرەوەی ماڵ كارێكی نۆڕماڵ و شارستانییە

 

 

بەهۆی سەقامگیری دۆخی ئەمنی و بەرقەراربوونی ئاسایش لە هەرێمی كوردستان و گیانی پێكەوە ژیان و یەكترقەبوڵ كردن لە نێوان تاكەكانی كۆمەڵگەی كوردی، ژمارەیەكی زۆری كوردانی پارچەكانی دیكەی كوردستان لە پایتەختی هەرێمی كوردستان نیشتەجێن. لە گەڕەكی سەروەرانی شاری هەولێر دوو هاوژین بە ناوەكانی بەدیعە عەلی و بڵند محەمەد خاڵس شوێنێكیان بەكرێ گرتووە بەیەكەوە ناسكەنان و كەلانە و كولێرە دروست دەكەن، ئەوان لە دایكبووی ئامەدی باكووری كوردستانن و وەك خۆیان باسی دەكەن بەهۆی كوردایەتییەوە ساڵانێكە ئاوارەی هەرێمی كوردستانن و لە شاری هەولێر نیشتەجێن. لە بینینێكدا ئەو دوو هاوژینە باس لە كارەكەیان دەكەن.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

لە دەستپێكدا بڵند محەمەدی تەمەن 42 ساڵ ئاماژەی بەوە كرد كە ئەوان لە شاری هەولێر هەست بە غەریبی ناكەن و زۆریش ئاسوودەن، هاوكات گوتی: «زۆر دڵخۆشم كە دەبینم لێرە ئەمن و ئەمان هەیە و سەر و ماڵی هاوڵاتیان پارێزراوە، ئێمە رۆژانە تاوەكو سەعات 12 ی شەو لێرە كار دەكەین و هیچ ترس و نیگەرانییەكمان نییە، ئێرە وڵاتی خۆمە و خۆم بە غەریب نازانم، خەڵكی ئەم شارە زۆر میواندۆستن و هەمیشە رێز و خاترم دەگرن، تەنانەت لە فەرمانگەكانیش زۆر بەڕێزەوە رەفتارمان لەگەڵ دەكەن».

سەبارەت بە سەرەتای هاتنیان بۆ هەولێر ئەو گوتی: «سەرەتا كە هاتین خۆمان بە غەریب دەزانی و لێرە كەسمان نەدەناسی، دواتر برادەرێكم ناسی كە بە ئەسڵ خەڵكی دهۆكە لەگەڵ ئەو بە هاوبەشی شوێنێكمان كردەوە و تا ئێستا بەردەوامین، لە خوا بە زیاد بێت كارەكانمان بە باشی بەڕێوەدەچێت جگە لەوەی موشتەرییەكان دێن لێرە بە گەرمی نانەكەیان دەخۆن هەروەها دلیڤەریشمان هەیە بۆ هەموو هەولێر».

هاوكات بەدیعە عەلی كە خانمێكی تەمەن 35 ساڵ كە لەگەڵ هاوژینەكەی كار دەكات و وەك خۆی باسی كرد ئەوان دایك و باوكی سێ منداڵی چاوگەشن و منداڵەكان لە قوتابخانەیەكی هەولێر دەخوێنن، هاوكات گوتی: «لێرە زۆر مورتاح و ئاسوودەم كە لەگەڵ هاوسەرەكەم ئیش دەكەم، تەنیا گرفتمان دووری كەسوكارمانە، ئێواران كە بۆ ئێرە دێین منداڵەكانیش لەگەڵ خۆمان بۆ ئێرە دێنین واتا بە خێزانی كارەكانمان دەكەین، هاوكاریكردن و یارمەتیدان لە نێوان هاوسەران چ لە ماڵەوە چ لە دەرەوەی ماڵ كارێكی نۆڕماڵ و شارستانییە، كە دێمە دەرەوە وێڕای ئەوەی توانا و دەستڕەنگینی خۆم دەسەلمێنم لە هەمان كاتیشدا سوودێكی مادیم بۆ خۆم و خێزانەكەم چنك دەكەوێت، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا كار كردن شورەیی نییە، ئەوە شورەییە كە موحتاجی دەستی ئەم و ئەو بیت، سوپاس بۆ خوا هەم لە هاوسەرداری و هەم لە دایكایەتی و هەمیش لە كارەكەم توانیومە باڵانسێك دابنێم».

Top