دیندار دۆسكی سیاسەتمەدار بۆ گوڵان: گوتاری نیشتمانی و نەتەوەیی پارتی هۆكاری هەڵكشانی ژمارەی كورسییەكانی بوو
ئەنجامی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی عێراق گۆڕانكاری لە سەنگ و قورسایی حزبەكاندا بەدی هێنا، كە هەندێ لە حزبەكان ژمارەی كورسییەكانیان بەرەو هەڵكشان برد و، هەندێكیشیان دوچاری شكستی گەورە بوونەوە، ئێستاش باس لە دەستپێكردنی گفتوگۆكانی پەیوەست بە پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق دەكرێت، ئەم پرسە و بابەتی پێگەی هەرێمی كوردستان و ڕۆڵ و كاریگەریی لایەنە سیاسییەكان، بە تایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پرۆسەی زەمینەسازی بۆ پێكهێنانی حكومەتی ئایندەی عێراق، بوونە تەوەری دیدارێكی گوڵان لەگەڵ دیندار دۆسكی سیاسەتمەداری كوردستان.
* ئاكامی هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نەخشەی سیاسی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق گۆڕی، سەبارەت بە هەرێمی كوردستان، لە دوای ڕاگەیاندنی ئاكامەكانی هەڵبژاردن هەست بە جۆریك لێكتێگەیشتن و سەقامگیریی سیاسی دەكرێت، ئایا بە ڕای ئێوە تاچەند ئەم لێكتێگەیشتن و سەقامگیرییە سیاسییە دەبێتە هەوێنی یەكڕیزی و یەكگوتاریی هەرێم لە بەرانبەر بەغدا؟
- سەرەتا دەبێت جەخت لەسەر ئەو ڕاستییە بكەینەوە كە ئێمە كێشەی نەتەوەیی و نیشتمانیمان لەگەڵ بەغدا هەیە، هەر بۆیە ئەگەرچی لە كوردستان حزب و لایەنە سیاسییەكان بیروڕای جیاوازیان هەیە، بەڵام دەبێت لە بەغدا و بۆ داكۆكیكردن لە داخوازییەكانی گەلی كوردستان یەكدەنگ و یەكڕیز بن، ئەوەی پەیوەست بێت بە هەڵبژاردنەكانی ئەم دواییەوە لە عێراقدا، ئەوا ئاشكرایە كە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان گۆڕانكاری لە گۆڕەپانی سیاسیی ئەم وڵاتەدا دروست كردووە، بۆ نموونە: سەنگ و قورسایی هێزێكی وەك حەشدی شەعبی و ئەوانەی سەر بە دەوڵەتێكی دراوسێن، كەمی كردووە، واتە ئێستا خەڵكی دیكەی بەهێز هاتوونەتە گۆڕەپانی سیاسیی عێراق.
* سەرۆك مسعود بارزانی ئێستا وەك مەرجەعی كوردستان مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت، دەمانەوێت ئەو پرسیارە بكەین، ئایا سەرۆك بارزانی دوای كۆتاییهاتنی هەڵبژاردن و ڕاگەیاندنی ئاكامەكانی هەڵبژاردن، چۆن هەوڵ بۆ یەكڕیزی و یەكگوتاری لە كوردستان دەدات و، لەسەر چ بنەمایەك هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان دروست دەكات؟
- ڕۆڵی جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی لە ئاست هەرێم و عێراق و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیدا دیار و بەرچاوە و، ئێستا مەرجەعێكی هەرە گەورەی هەرێمی كوردستانە و، ڕێز و گرنگی و كاریگەریی لای سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەكانی عێراق هەیە، چ شیعە بن چ سوننە. دواتر ئێمە دەزانین كە بەڕێز سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان ڕۆڵی زۆر ئیجابییان هەبووە، ئێمە كە بینیمان برادەرانی پارتی سەردانی سلێمانییان كرد و لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كۆبوونەوەیان كرد (ئەوانەی لە هەڵبژاردنەكە كورسییان بەدەست هێنا و ئەوانەیش كە كورسییان نەهێنا) و گفتوگۆیان ئەنجامدا لە پێناو ئەوەی كورد یەك هەڵویست و یەكدەنگ بن لە بەغدا، ئەو سەردان و دەستپێشخەرییەی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ لای لایەنەكان، سەرەتاییەكە تا كورد یەكڕیز و یەكدەنگ بن لە بەغدا، بۆ داكۆكیكرن لە مافە نیشتمانی و نەتەوەییەكانی گەلی كوردستان، هەر بۆیە دووبارە تەئكید لەوە دەكەمەوە كە ڕۆڵی كاك مسعود لەو دەستپێشخەری و گفتوگۆیانەی بۆ هێنانەدیی یەكهەڵویستی و یەكدەنگیی ناوماڵی كورد بەرانبەر كێشەكانمان لە بەغدا، بەرز و گرنگ دەنرخێندرێن.
* پارتی دیموكراتی كوردستان لەم هەڵبژاردنەدا لە كۆی 63 كورسیی كورد لە پەرلەمانی عێراق 33 كورسی بەدەست هێناوە، ئەم ژمارەیەش دەكاتە ڕێژەی نزیكە 53%ی كۆی دەنگەكانی كورد لە پەرلەمانی عێراق، زیادبوونی ژمارەی كورسییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆچی دەگەڕێتەوە؟
- بێگومان پێویستە لە دوای هەڵبژاردن هەموو حزبەكان پێداچوونەوە بە بارودۆخی خۆیاندا بكەنەوە، چ ئەوانەی كورسییان زیادی كردووە، چ ئەوانەشی دەنگ و كورسییان كەمی كردووە، چونكە هەڵبژاردن پرۆسەیەكی دیموكراتییە و زۆر ئاساییە كە لایەنێك دەنگی زیاد بكات و لایەنێكیش دەنگی كەم بكات، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە، پارتی دیموكراتی كوردستان لەو شوێنانەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان وەك مووسڵ و كەركووك، دەنگ و كورسیی باشیان بەدەست هێناوە، ئەمەش جێگای ڕێزو تەقدیرە و دیارە كارێكی باشیان كردووە. لە ناو هەرێمی كوردستانیش هەر چەندە زۆربەی حزبەكان دەنگیان كەمی كردووە، لەبەر ئەوەی ڕێژەی بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكە كەم بوو، بەڵام پارتی ژمارەی كورسییەكانی زیاتر بووە، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت كە گوتاری سیاسیی نەتەوەیی و نیشتمانیی پارتی دیموكراتی كوردستان زیاتر مایەی قبووڵكردنە لەناو خەڵك كوردستاندا. لەم هەڵبژاردنەدا ئەوەمان بەدی كرد كە ئەو كەس و لایەنانەی دژی ڕیفراندۆم بوون و عێراقچێتییان كرد، دوچاری شكستێكی زۆر گەورە بوونەوە و نەیانتوانی كورسی بەدەست بهێنن، یان كەمترین دەنگیان بەدەست هێنا، كەواتە دووپاتی دەكەمەوە، زیادبوونی كورسیی پارتی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو گوتارە نەتەوەیی و نیشتمانییە سیاسییەی كە هەیەتی و، ئەو ئامادەكاری و میكانزم و كارانەی كە بۆ سەركەوتن لە پرۆسەی هەڵبژاردنەكە ئەنجامی دابوون، ئەمانە كاریگەرییەكی زۆری هەبوو كە بتوانێت لەو سیستەمی هەڵبژاردنە تازەیەدا سەركەوتنكی گەورە بەدەست بیهنێت و، سەقامگیریی پارتیش وەك حزب متمانە و دڵنیاییەكی زۆری بە خەڵك بەخشیوە.
* لەسەر ئاستی عەرەبی شیعە، ئاكامی دەنگدانەكان بەو جۆرەن كە ئەو هێز و لایەنانەی نزیكن لە حەشدی شەعبی، ژمارەی كورسییەكانیان هێجگار كەمی كردووە، ئەمەش جۆرە پەرەتەوازەییەكی لە نێوماڵی شیعەدا دروست كردووە، خویندنەوەی ئێوە بۆ نێوماڵی شیعە چۆنە و، ئایا ئەم پەرتەوازەییە تا چەند كاریگەریی نەرێنی لەسەر پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو دەبێت؟
- لێرەدا دەبێت ئێمە ئاماژە بەوە بكەین، كە سەرهەڵدانی خۆپیشاندانی تشرین لە ساڵی 2019 ئەو ڕاستییەی دەرخست، كە شەقامی شیعی لە ساڵی 2003وە لە حزبە شیعییەكان ڕازی نین، چونكە خۆپیشاندانەكان لە شارە شیعەكاندا ئەنجام دران، واتە لە واقیعدا دەركەوت كە ئەو هێز و حزب و لایەنە شیعەیانە تۆمەتبارن بە گەندەڵی و هیچ خزمەتی خەڵك و دەوڵەت ناكەن و بینای دەوڵەتیشیان تێك داوە، دواتر دەركەوت، هەندێ لە هێز و حزبە شیعەكان كە لایەنگری دەوڵەتێكی دراوسێن جێی متمانەی خەڵك نین، بۆ نموونە فەتح ژمارەیەكی زۆری كورسیی پەرلەمانی لەدەست داوە، هاوكات لە نێو گۆڕەپانی شیعەدا كێشەیەكی دیكە دروست بووە، بەتایبەت كە تەیاری سەدری ئێستا 73 كورسی هەیە و، دەوڵەتی یاسا ژمارەیەكی بەرچاو كورسی هێناوە و، ئەو دوو هێزەش لەگەڵ یەكتر تەبا نین، تەنیا ئەو كاتە نەبێت كە ئێران و وڵاتانی دیكە دەستتێوەردان بكەن، بۆ ئەوەی ئەو دوو هێزە بە یەك بگەیەنن و كوتلەی گەورە دروست بكەن، بۆ ئەوەی حكومەت پێك بهێنن، ئەگەرچی تەیاری سەدری نیازی ئەوەی هەیە خۆی كوتلەی گەورە دروست بكات و حكومەت پێك بهێنێت، تەیاری سەدری بیروبۆچوونی ئەوەیە كە هاوپەیمانیی هێزە شیعەكان لە ساڵی 2003 تا ئێستا حكومەتەكانیان فەشەلی هێناوە، بۆیە پێویستە هاوپەیمانییەكی نیشتمانی دروست بكرێت، كە لەگەڵ كورد و سوننە بێت. دەبێت ئاماژەش بەوە بكەین كە بە ئەزموونیش دەركەوتووە كە لایەن و هاوپەیمانێتییە شیعیەكان سەركەوتوو نەبوون و نەیانتوانیوە خزمەتگوزاری و پڕۆژەی پێویست پێشكەش بە خەڵك بكەن، ئێستاش كوتلە و هێزە شیعەكان دەڵێن سەرۆك وەزیران بۆ شیعەیە و دەبێت لایەنە شیعەكان لەنێوان خۆیاندا لەسەر ئەمە ڕێك بكەون، پاشان هاوپەیمانی لەگەڵ عەرەبی سوننە و كورد ئەنجام بدەن، هەروەها دەبینین دەستتێوەردانی وڵاتانی دەرەوەش هەیە، بۆ نموونە ئێران دەیەوێت تەیاری سەدری و دەوڵەتی یاسا و گرووپی دیكەی شیعە لە یەكتر نزیك بكاتەوە، بۆ دروستكردنی كوتلەی گەورە و پێكهێنانی حكومەت، كە ئەمەش زۆر ئاسان نییە، بۆیە من وای دەبینم كە پێكهێنانی حكومەت دوچاری قەیران دەبێت و پێكهێنانی حكومەت كاتی زۆرتری پێویستە و گفتوگۆ و دانوساندنی زیاتریان پێویستە و فشار و پشتگیری و دەستتێوەردانی زیاتری وڵاتانی دەرەكی دەوێت تا حكومەت پێك دەهێندرێت.
* لایەنێكی دیكە كە جێگەی سەرسووڕمانە، ژمارەی كورسییەكانی حەیدەر عەبادیی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراقە، كە لە هەڵبژاردنی 2018 حەیدەر عەبادی كە سەرۆكی هاوپەیمانیی نەسر بوو 42 كورسی هێنا، بەڵام لەم هەڵبژاردنە تەنیا دوو كورسی هێناوە، ئایا كەمكردنی 40 كورسی لە ماوەی تەنیا سێ ساڵدا چۆن خوێندنەوەی بۆ دەكرێت؟
- ئاشكرایە كە پێشتر حەیدر عەبادی لە نێو حزبی دەعوەدا بوو، كە جیا بووەوە، هەندێ كەس و لایەن لیستێكیان لەگەڵ پێك هێنا، كە بنەمای ڕێككەوتنەكەشیان ئەوە بوو، یان بۆ ئەوە پشتگیرییان كرد تا پلە و پۆست وەربگرن، ئەگەرنا پێشتر حەیدەر عەبادی كاریگەرییەكی ئەوتۆی نەبوو كە بتوانێت ئەو ژمارە كورسییە بەدەست بهێنێت، ئێستاش كە حەیدەر عەبادی پێگەی حكومەت و هیچ بەرژەوەندییەكی لەدەستدا نەماوە، ئەوە ئەو جەماوەرەشی لە دەست دا كە پێشتر لەگەڵی بوون، هەر ئەمەش هۆكاری ئەوە بوو، ڕووی ڕاستەقینەی دەركەوت. تەیاری حیكمەش بە هەمان شێوە نەیتوانی ئەو ژمارە كورسییە بەدەست بهێنێتەوە كە پێشتر هەیبوو، بەڵكو ئەویش تەنیا دوو كورسی هەیە، هەموو ئەمانە ئەوە دەسەلمێنێت كە گۆڕانكاری لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا ڕووی داوە، ئەوەتا ئێستا لە بری حەیدەر عەبادی و تەیاری حیكمە، هێزی دیكە هاتوونەتە پێش و توانیویانە كورسی بەدەست بهێنن، وەك كاندیدانی سەربەخۆ كە 20 كورسییان بەدست هێناوە، كە ئەوان لەگەڵ خۆپیشاندانەكانی تشرین بوون.
* سەبارەت بە عەرەبی سوننە ڕاستە ئەوانیش نزیكەی 63 كورسییان هێناوە و حەلبوسی و خەمیس خەنجەر كورسیی باشیان هیناوە، پرسیار ئەوەیە ئایا خوێندنەوەتان بۆ ئیستای كۆمەڵگەی عەرەبی سوننە چۆنە و، ئایا پێتان وایە هەوڵدەدەن هەڵەكانی ڕابردوویان ڕاست بكەنەوە؟
- لە ڕاستیدا حەلبوسی جگە لەوەی سەرۆك پەرلەمان بووە، ئەوا پشتگیریشی هەبووە لەلایەن وڵاتانی كەنداوەوە، بەتایبەتی لەلایان سعودییەوە، دواتر حەلبوسی توانیویەتی سوود لەو بارودۆخانە وەربگرێت كە لەناو سوننەدا هەیە، تا ببێتە هێزی یەكەم و لەگەڵ خەمیس خەنجەر ببنە دوو هێزی سەركەوتوو لە ناو پێكهاتەی سوننەدا، كە سوودیان لەو پەرشوبڵاوییەی گۆڕەپان و شەقامی شیعە وەرگرتووە و، بە هۆی ئەو پەیوەندییانەی هەیانبووە، توانییان زیاتر لە 60 كورسی بەدەست بهێنن. لەلایەكی دیكەوە لەم هەڵبژاردنەوە دەركەوت كە كاریگەریی وڵاتان لەسەر حزب و پێكهاتە جیاكانی عێراق هەیە، وەك ئەوەی تەوژمی ئێران لە سەر شیعە و سعودیە و وڵاتانی عەرەبی سوننە لەسەر عەرەبی سوننە هەیان بوو، كە توانراوە هێزێكی سوننەی وەك حەلبوسی دروست بكات، لەگەڵ نزیكیی ئەمریكا و لەگەڵ كوردیش، كە ئێمە دەزانین لە 2003 تا ئێستا ئەو هاوسەنگییە لە نێوان پێكهاتەكانی عێراق لەبەرچاو گیراوە، كە پێویستە درێژەی پێ بدرێت و بمێنێت.
* ئایندەی هەرێمی كوردستان لە عێراق و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا چۆن دەبینیت؟
- بارودۆخی هەرێمی كوردستان بەستراوەتەوە بە بارودۆخی گشتیی عێراق و ناوچەكەوە، بۆ نموونە لەم ڕۆژانەی دواییدا بینیمان كە پڕۆژەیەك لە كۆنگریسی ئەمریكا پێشكەش كرا بۆ بەرگریكردن لە هەرێمی كوردستان، لەلایەكی دیكەوە هەرێمی كوردستان لەوە دەرچووە كە وەك پرسێكی ناوخۆیی عێراق سەیر بكرێت، بەڵكو بووەتە پرسێكی هەرێمی و نێودەوڵەتییش و، وەك دەوڵەتێك مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت و، پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەكانی لەسەر ئاستی جڤاكی و ڕۆشنبیرییش زۆر بەرەوپێش چووە، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت ئێمە كار لەسەر گۆڕینی ئەو عەقڵییەتە بكەین كە لە عێراقدا زاڵە، كە بریتییە لە عەقڵییەتی مەركەزی، واتە پێویستە شیعە و سوننە تێبگەیەندرێن كە عێراقی تازە، عێراقێكی فیدڕاڵییە و دەبێت دەوڵەتی عێراق لەسەر پرەنسیپەكانی هاوسەنگی و هاوبەشی و تەوافوق بێت، واتە پێویستە عێراق دەوڵەتێكی مەدەنی و دیموكراتی بێت و گرنگیی زیاتر بە گشەكردنی ئابووری و بنیادنانەوەی وڵات بدرێت و، عێراق لەسەر ئەو بنەمایە بێت كە گوزارشت لە ئیرادەی هەموو پێكهاتەكانی بكات، دەبێت كار لەسەر ئەوە بكرێت كە هەموو پێكهاتەكان یەكتر قبووڵ بكەن و بە ئاشتی و لێبووردەیی لەگەڵ یەكتر بژین.