پێگەى نێودەولەتیى هەرێمى کوردستان

پێگەى نێودەولەتیى هەرێمى کوردستان

لە سەدەى نۆزدەهەم و سەرەتاى سەدەى بیستەمدا، پەیوەندى نێودەوڵەتی لە جیهاندا پەرەسەندووە. دامەزراندنى کومەڵگەى نێودەوڵەتى دواى جەنگى جیهانى یەکەم و بەستنى رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان بوونە هۆى سەرهەڵدانى بۆچوونى جیاواز لەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان.
بە پێى چەمکى مەکتەبى ریالیزم، دەوڵەت تاکە کەسى یاساى نێودەوڵەتییە. ئەم تیۆرییە بووتە هۆى سەرهەڵدانى دەوڵەتە نەتەوەییەکان و پێکهێنانى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى لەسەر کۆمەڵێک پرەنسیپ بۆ پاراستنى ئاشتى و ئاسایش و هاوکارى نێودەوڵەتى. بەڵام لەم دواییەدا، بەشدارى کردنى نێودەوڵەتیی هەرێمەکان لە جیهاندا روو لە زیادبووندایە کە بەم دیاردەیە دەووترێت پارادیپلۆماسى. بۆ نموونە هەرێمى کوردستان دەوڵەتێکى سەربەخۆ نیە و کاراکتەرێکى نادەوڵەتییە لە کۆمەڵگاى نێودەوڵەتیدا؛ بەڵام لە رووى نێودەوڵەتییەوە وەک دەوڵەتێک لەگەڵى هەڵسوکەوت دەکرێت.
کورد خاڵى بەتواناى زۆرى هەیە کە پێگەى کورد لەسەر ئاستى ناوچەیى و نێودەوڵەتیى بەهێزتر دەکات.

چەمکى پارادیپلۆماسى، بیرۆکەیەکی نوێ لەسەر پێگەى هەرێمى کوردستان:

هەرێمى کوردستان هەرێمێکى فیدراڵە و ئاستى ئۆتۆنۆمى هەرێمى کوردستان لە چوارچێوەى دەستوور و شێوازى پەیوەندییەکانى لە کاروبارى نێودەوڵەتى بە شێوازێکى پارادیپلۆماسى ڕەچاودەکرێت. پارادیپلۆماسى ئەو پەیوەندییە نێودەوڵەتییەیە کە لە لایەن هەرێمەکانەوە بە تەنیا دروست دەبێت بۆ برەوپێدانى ئامانجەکانى خۆى وەک بە جیهانى کردنى ناسنامەى کورد. دەتوانین بڵێین کە پارادیپلۆماسى شێوازێکى نوێى دیپلۆماسییە. زۆر لە هەرێمەکانى دونیا وەک هەرێمى کوردستان نوێنەرانى هەمیشەیی خۆى لە دەوڵەتانیتر هەیە، هەروەک لە یاساى گشتیى عێراق بڕگەى 5، ماددەى 117 و 121هاتووە کە کوردستان هەرێمێکى فیدڕاڵە و دەتوانێت لە کاروبارى نێودەولەتی بەشدار بێت. ئەم چاڵاکییە لامەرکەزییە لە بوارى پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا وەک چوارچێوەى پارادیپلۆماسى شیدەکرێتەوە؛ بەڵام لە جێبەجێکردنى دەستوورى عێراق بەتایبەت ئەو ماددانەى کە پەیوەستن بە مافى گەڵى کورد هەندێک بەربەستیان دروستکردووە بە تایبەت دواى ساڵى 2017 کە لە هەرێمى کوردستان ڕێفراندۆم کرا و داواى جیابوونەوە لە حکومەتى مەرکەزیی عێراق کرد؛ ئەمەش هەرێمى کوردستان لە پارادیپلۆماسىەوە بەرەو پڕوتودیپلۆماسىی (ئۆتۆنۆمیى سیاسى زیاتر بۆ گەیشتن بە دەوڵەتێکى سەربەخۆ) برد.

ئەوەى بووە جێگەى ستایش و پێزانینى زۆرینەى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى، رۆڵى باڵاى هەرێمى کوردستان لە پرۆسەى سیاسى، ئابوورى، سەربازى و مرۆیی لە شەڕى داعش وەک رۆڵى هێزى پێشمەرگە و لەخۆگرتنى ژمارەیەکى زۆرى ئاوارەکان و بایەخى پێکەوە ژیان لە هەرێمى کوردستان بووەتە کاراکتەرێکى سەرەکى لە عێراق و ناوچەکەدا.

لە رووى سیاسییەوە، هەرێمى کوردستان بۆ هاتنە ناو مەیدانى جیهانى و بەرەوپێشبردنى پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانى کەرەستەى دیپلۆماسى وەک سیستەمى پەرلەمانى و دانوستان بەکار دێنێت کە ئەم چاڵاکییانە دەبنە هۆى دروستبوونى بنەماى سیاسەتى دەرەوە.
لە رووى ئابوورییەوە، هەرێمى کوردستان بۆ بەرەوپێشبردنى پەیوەندییەکانى خۆیان و مۆدێرنگەریی بەدواچوونى وەبەرهێنان، بازار بۆ بەرهەمەکان و سامانە سروشتییەکانیان، تەکنۆلۆجیا و پەرەپێدانى بوارى گەشت و گوزار پێویستى بە هاوکاریی و هەماهەنگى لەگەڵ کۆمپانیاکانى نێودەولەتییە کە ئەمە خۆى پێشاندەرى هەرێمێکى سەرکەوتووە لە رووى پەیوەندییە نێودەولەتییەکان.
لە رووى جوگرافیاییەوە، هەرێمى کوردستان لە رۆژهەڵاتى ناوەراست کاریگەرى هەیە لەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان کە ئەم ڕاستییە جیوپۆلیتیکییە و ھەروەھا بەرژەوەندییەکانى وڵاتە زلهێزەکان لە عێراقێکى یەکگرتوو و لە چوارچێوەى لامەرکەزییەتێکى فدراڵیسم، پەیوەندییەکی پتەوتر دروست بووە.
لە رووى سەربازییەوە، هێزى پێشمەرگەى هەرێمى کوردستان بەشدارییەکى کاراى لە شەڕى دژى داعشدا هەبووە ئەوەش پێگەیەکى بەهێزى ناوچەیى و نێودەوڵەتى بۆ دروستکردووە و دۆزى کوردى زیاتر ناساندووە.
لە رووى کەلتورییەوە، هەرێمى کوردستان زمان و کەلتوری و ئاڵاى خۆى هەیە کە بۆ پاراستن و گەشەسەندنى ئەم کەلتورە پێویستى بە مەیدانێکى جیهانییە کە دان بە بوونى ئەم کەلتوورە بدەن. ئەم هەوڵانە سیاسەتى دەرەوەى هەرێمى کوردستان بەهێزتر دەکات.
شارەزایانى نێودەوڵەتى لەوباوەرەدان کە هەرێمى کوردستان ناوچەیەکى ئارام و سەقامگیرە لە ناوچەکەدا، تایبەت بۆ کریستیانەکان و توانیویانە پەیوەندییەکى بەهێزى ناوچەیش بنیات بنێن. سیاسەتى حەکیمانەى لە ئاستى پێکەوەژیان و دیموکراسی کە توانیویەتى سەرنجى ناوچەیى و نێودەوڵەتى بۆ لاى خۆى ڕاکێشێت و شوێنێکى سەلامەت لە ناوچەکەدا بۆ هێزەکانى هاوپەیمانان. گەشەسەندنى ئەم چالاکییانە لە دەرەوە، بوونى وەزارەتى پەیوەندییە نێودەولەتییەکان لە کوردستان، نوێنەرایەتى لە ئەمریکا و ئەوروپا، هەبوونى زیاتر لە 36 کۆنسۆڵخانە، نووسینگەى نەتەوەیەکگرتووەکان، فەرمانگەکانى نێودەولەتى و کۆمپانیاکانى بازرگانى پێگەى بەهێزى هەرێمى کوردستان لە جیهان و بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا پێشاندەدات و ئەم شیکردنەوە هەوڵەکانى دیپلۆماسیی سەرکردەکانى هەرێمى کوردستان بۆ پەرەپێدانى پەیوەندییەکانى دەرەوە پێشان دەدات. ئەم هەوڵانەی هەرێمى کوردستان سەرکەوتوون بە تایبەت لە ساڵى 2003یەوە وەک هێزى یەکەمی عێراقە لە کۆمەڵگاى نێودەولەتیدا کە دان بە ئاڵاى کوردستان دەنێن. هەروەک دەبینن لە زۆربەى چاوپێکەوتنەکانى نێودەوڵەتیدا بە دانانى ئاڵاى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە سەرکردەکانى کوردستان دەکرێت.

هەرێمى کوردستان بەڵێهاتوویى و سیاسەتى هاوسەنگى و هاوپەیمانیەتى ڕاستەقینەیى، شایستەى پشتگیریکردنى زیاترە لە جیهاندا. ئەو ڕاستیەى کە کورد دۆست و هاوپەیمانى ستراتیژى هاوپەیمانەکانى بووە وون نابێت و لەمێژوودا تۆمار کراوە.

Top