سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان: له‌ دڵه‌وه‌ هاوسۆز و هاوخه‌مى خێزان و كه‌سوكاريان و ته‌واوى هاوڕێ و هاوسه‌نگه‌رانيان و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانم

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان: له‌ دڵه‌وه‌ هاوسۆز و هاوخه‌مى خێزان و كه‌سوكاريان و ته‌واوى هاوڕێ و هاوسه‌نگه‌رانيان و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانم

پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشى له‌ خێزان و كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزى هه‌ردوو شه‌هيدى گيانفيدا خالید حەمید ھەیاس و ئاکۆ کەریم قادر له‌ لیوای ۱۰ی پیاده‌ى سه‌ر به‌ وەزارەتی پێشمەرگە ده‌كه‌م كه‌ شه‌وى ڕابردوو دواى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌يه‌كى قاره‌مانانه‌ له‌ كاتى ڕاو‌ه‌دوونانى تيرۆرستانى داعشدا له‌ ناوچه‌ى پردێ شه‌هيد بوون و گيانى پاكيان به‌ نيشتمان به‌خشى.

له‌ دڵه‌وه‌ هاوسۆز و هاوخه‌مى خێزان و كه‌سوكاريان و ته‌واوى هاوڕێ و هاوسه‌نگه‌رانيان و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانم. له‌ نزيكه‌وه‌ هه‌ست به‌ ئێش و ئازاريان ده‌كه‌م. له‌ په‌روه‌ردگارى مه‌زن داواكارم گيانى شه‌هيدان به‌ به‌زه‌يى و ميهره‌بانيى خۆى شاد بكات و سه‌بوورى و دڵنه‌وايى به‌ ئه‌وان و ئێمه‌ و هه‌مووان ببه‌خشێت.

دووباره‌بوونه‌وه‌ى به‌رده‌وام و فراوانبوونى په‌لاماره‌كانى تيرۆرستان‌، ئه‌و ڕاستييه‌ ده‌سه‌لمێنێت كه‌ داعش هێشتا مه‌ترسييه‌كى ڕاسته‌قينه‌يه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئارامى و سه‌قامگيريى وڵات ده‌كات، بۆيه‌ ده‌بێ به‌ ئيراده‌ و ده‌ستێكى پۆڵايينه‌وه‌، به‌ هاوكاريى و هه‌ماهه‌نگيى پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عيراق و هێزه‌ ئه‌منييه‌كان و به‌ پشتگيريى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى تا له‌ناوبردنى يه‌كجارييان، ڕووبه‌ڕوو و به‌ره‌نگاريان ببينه‌وه‌.

سڵاو و دروود بۆ گيانى پاكى شه‌هيدان.

نێچيرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

2021/10/31
 

Top