زریانەكەی ئەمریكا بە هەزاران ماڵی بێ كارەبا كردووە
دەزگای خزمەتگوزاری کەشوهەوای نیشتمانیی ئەمەریکا بڵاوی كردەوە كە بە هۆی باهۆزێکی بەهێزی کەنار دەریا، پتر لە 600 هەزار ماڵ لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکا بێ کارەبا بوون هەر لەم ڕووداوەدا درەختەکان بەسەر تاوەرەکانی کارەبا دا شكاونەتەوە، كە بووەتە هۆی پچرانی وایەری ئەم تاوەرانە.
دەزگای ناوبراو لە بەیاننامەیەكدا ڕوونی كردەوە كە دۆخی ویلایەتی ماسەچوسێتس مەترسیدارەو زۆرترین زیانی بەرکەوتووە ، هاوكات هۆشداری دا کە ڕەنگە زریان و باهۆزی دیكە ڕووبدەن، بۆیە داوای لە گەشتیاران كرد بۆ ئەم ماوەیە گەشتەكانیان ڕابگرن.
ئەم باهۆزەش بووەتە هۆی داخستنی چەندین قوتابخانە لە باکوری ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکا و هەروەها کەوتنەخوارەوەی تاوەر و هێڵەکانی کارەبا و شکاندنی لقی درەختەکان. لەلایەكی دیكەشەوە زریانێكی دیكە ویلایەتی ڕۆد ئایلاندی گرتەوەو بە هەزاران ماڵ زیانیان بەركەوتووەو کارەباشیان بڕاوە.
جێگەی باسە كە باهۆزەکە بە خێرایی پتر لە(160) کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا ویلایەتی نیویۆرکی گرتەوە بەر لەوەی دوێنێ چوارشەممە بە ئاڕاستەی باکووری ئەم ویلایەتە بڕوات.