مامۆستایانی وانەبێژ داوای دامەزراندن و هەژماركردنی ساڵی خزمەتیان دەكەن

مامۆستایانی وانەبێژ داوای دامەزراندن و هەژماركردنی ساڵی خزمەتیان دەكەن

 

مامۆستایانی وانەبێژ لە چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان ماوەی چەند ساڵێكە لە ڕێگەی گردبوونەوە داوای دامەزراندن و هەژماركردنی ساڵی خزمەتیان دەكەن، لە ئێستادا نزیكەی 23 هەزار مامۆستای وانەبێژ لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان هەن، وەزارەتەكانی دارایی و پەروەردەش لە سەر ئەوە ڕێككەوتن، چارەسەری كۆتایی بۆ ئەو خواستەی مامۆستایانی وانەبێژ بدۆزنەوە و كێشەكەیان بە میكانیزمێكی نوێ چارەسەر بكرێت.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

سەرەتا محەمەد عوسمان كەریم كە مامۆستایەكی وانەبێژە، لە ئاخافتنێكدا بۆ گوڵان داواكارییەكانی لە چەند خاڵدا دەخاتەڕوو: «یەكەم: دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ لە كەرتی پەروەردە، چونكە ساڵانێكی زۆرە دامەزراندن لە كەرتی پەروەردە نەكراوە، سەرەڕای خانەنشینبوونی ژمارەیەكی زۆری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ئەم كەرتە، پێویستیشە لە كاتی دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ ڕەچاوی (ساڵی وانەبێژ و ساڵی دەرچوون و كۆنمرە و پسپۆڕی) بكرێت. دووەم: «حكومەتی هەرێم مامۆستایانی وانەبێژ بكاتە گرێبەست تا ئەو كاتەی هەنگاوەكانی پڕۆژەی چاكسازی لە مووچەی مووچەخۆراندا جێبەجێ دەكرێت، بە بڕینی مووچەخۆری ناشایستە، بەمەش مامۆستای وانەبێژی شایستەی پێ دابمەزرێنێت. سێیەم: تا ئەو كاتەی دۆخی ئابووریی هەرێمی كوردستان جێگیر دەبێت. مامۆستایانی وانەبێژ بەردەوام بن لە وانەبێژی بەم مەرجانەی خوارەوە:

أ – بە نووسراو و فەرمانی ڕەسمی وەزارەتی پەروەردە مامۆستایانی وانەبێژ لانەدرێن لە كاتی هاتنی مامۆستای میلاك لە كاتی ڕێكخستنی میلاكات و وەك مامۆستای میلاك حیساب بكرێن. ب - دیاریكردنی بڕە پارەیەكی دیاریكراو جێگیر نزیكەی (500) هەزار دینار كە بە بەردەوام پێیان بدرێت لە هاوین و زستان، نەك تەنیا لە كاتی دەوام، بەوەش مامۆستایانی وانەبێژ دەتوانن بژێوی ژیانیان دابین بكەن، هەروەها كێشەی بە شەوانە وانەبێژان و ئەركی بەڕێوەبەر لە ڕێكخستنی لیستی مووچەی وانەبێژان كەمتر دەبێتەوە و جیاوازیی نێوان مامۆستای میلاك و وانەبێژ لە ئەرك و فەرمانی قوتابخانە نامێنێت و، پڕۆسەی پەروەردە باشتر هەنگاو دەنێت».

ئەو مامۆستایە كێشەكانی مامۆستایانی وانەبێژی لەم چەند خاڵەدا خستەڕوو: یەكەم: نەبوونی هیچ نووسراوێكی فەرمی لە نێوان وانەبێژ و وەزارەتی پەروەردە. دووەم: نەبوونی هیچ یاسایەك لە پەرلەمان وەك یەكەمەكانی زانكۆ كە بە یاسا دەڵێت هەركات زانكۆكان پێویستیان بوو، دادەمەزرێن، بەڵام لە پەروەردە ئەو یاسایە بوونی نییە. سێیەم: نەبوونی دۆسیەی تایبەت بە وانەبێژان لە زۆربەی پەروەردەكان. چوارەم: نەدانی شایستەی دارایی لە كاتی خۆی كە زۆربەیان كرێی ڕێگا دەدەن. پێنجەم: حیساب نەكردنی پارە بۆ وانەبێژ لە كاتی تاقیكردنەوەكان كە وەك میلاك چاودێرە و لە لیژنەی وردبینیشە. شەشەم: كەمتەرخەمیی پەروەردەكان كە لە كاتێكی زوو فەرمانی كارگێڕی بۆ وانەبێژ دەرناكات، ئەوەش وا دەكات كە جۆریك لە پەرش و بڵاوی دروست بێت، وانەبێژ هەبووە ئەم ساڵ لە سەرتاوە دەوامی كردووە، كەچی ئێستا پێی دەڵێن ناوت نەهاتووەتەوە، ئایا ئەی ئەو ساڵە دەوامی كردووە، بە خۆبەخش بووە؟ ئەوەش بە هیچ پێوەر و یاسایەك قابیلی قبووڵكردن نییە».

عوبێد خدر گۆمەشینی سەرپەرشتیاری پەروەردەییە و جەخت لەوە دەكاتەوە كە «بابەتی مامۆستایانی وانەبێژ یەكێكە لەو بابەتانە گرنگانەی كە پێویستی بە چارەسەرێكی بەپەلە هەیە، چونكە ڕێژەیەكی زۆری مامۆستای وانەبێژ لە قوتابخانە و ناوەندەكانی خوێندن لە هەرێمی كوردستان هەن، چەند ساڵێكە بە هۆی نەبوونی پلەی دامەزراندن لە وەزارەتی پەروەردە و كەمیی میلاكی مامۆستایان لە ناوەندەكانی خوێندن، چ ئەو مامۆستایانەی ساڵانە بە هۆی تەواوكردنی خزمەتی وەزیفییان خانەنشین دەبن و، چ ئەوانەش بە هۆی مردن و نەخۆشیەوە ڕێژەیان كەم دەبێتەوە، ئەمەش وا دەكات بۆشاییەكی زۆر لە قوتابخانەكان دروست ببێت». هاوكات دەڵێت: «ساڵانە ڕێژەیەكی زۆری قوتابیی زانكۆ و پەیمانگاكان لە كۆلیژ و بەشە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان دەردەچن، بە ئومێدی ئەوەی دواتر لەو بەش و پسپۆڕییەی تەواویان كردووە، لە یەكێك لە ناوەندەكانی خوێندن كار لە پسپۆڕییەكەی خۆیان بكەن، كە وەك پیشەیەك بۆ بژێوی ژیان و داهاتووی خۆیان سوودمەند بن، بەڵام بەداخەوە لە ساڵی 2014وە بە شێوەیەكی فەرمی دامەزراندن لە هەموو وەزارەت و فەرمانگەیەك ڕاگیراوە، دەرچووی زانكۆمان هەیە، شەش، حەوت ساڵە تەواوی كردووە، كەچی تا ئێستا لە هیچ شوێنێك دانەمەزراوە، لە هەرێمی كوردستان بە هۆی نالەباریی بارودۆخی سیاسی و ئابووری و شەڕی داعش، جگە لەوەش نەبوونی پلانێكی تۆكمەی ساڵانە لەلایەن وەزارەتەكان بۆ دامەزراندنی نەتوانراوە ڕێژەیەك بە گوێرەی پێویستی ساڵانەی هەر وەزارەتێك دابمەزرێن.» گوتیشی: «من وەك سەرپەرشتیاری پەروەردەیی داوا لە حكومەت و جەنابی وەزیری پەروەردە دەكەم بە هەماهەنكی لەگەڵ وەزارەتی دارایی ڕێگە چارەیەكی گونجاو بۆ كێشەی مامۆستایانی وانەبێژ بدۆزنەوە، چونكە مامۆستایانی وانەبێژ چەند ساڵێكە بە بڕە پارەیەكی كەم و دیاریكراو،‌ ڕۆڵی كاریگەریان لە ناوەندەكانی خوێندن بینیوە و نەیانهێشتووە پرۆسەی خوێندن بوەستێ و هەرەس بێنێ.» وەك دوا وتەشی گوتی: «یەكێك لە گرفتەكانی مامۆستایانی وانەبێژ ئەوەیە ماوەیەك لە قوتابخانە وانە دەڵێنەوە، دواتر كە مامۆستای میلاكیان بۆ هات، دەنێردێنەوە ماڵەوە، ئەوە جگە لەوەی دڵنیا نین لەوەی ساڵی داهاتوو‌ فەرمانی كارگێڕییەكەیان بۆ نوێ دەكرێتەوە، یان لە هەمان شوێن و هەمان بابەت و هەمان بەشەوانەی پێ دەدرێتەوە، یان پێیان دەڵێن ئێوە زیادن و پێویستمان بە ئێوە نییە».

لەتیف حوسێن، بەڕێوەبەری پەروەردەی شارباژێڕ سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «ماوەیەكی زۆرە مامۆستایانی وانەبێژ كێشە و ناڕەزایی و داخوازییان هەیە، ئەگەرچی وەزارەتی پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی پەروەردە چەندین جار لەسەر ئەو بابەتە قسەیان كردووە و، بە هەندیان وەرگرتووە، بەڵام بە هۆی ئەوەی دۆخی دارایی حكومەتی هەرێم لەبار نەبووە، نەتوانراوە داخوازییەكانیان جێبەجێ بكرێت، من وەكو بەڕێوەبەرێكی پەروەردە ئەو داوایەیان بە مافێكی شەرعی دەزانم و پێویستە هەموومان گوێیان لێ بگرین، بەڵام پێویستە ڕەچاوی دۆخی ئابووریی هەرێم بكرێت، تەنانەت بەهۆی قەیرانەوە فەرمانبەر و مووچەخۆرانی حكومەت لە ڕابردوودا وەكو پێویست مووچەكانیان وەرنەگرتووە. بە خۆشحاڵییەوە لە ئێستادا كۆدەنگییەك هەیە بۆ ئەوەی ئەو كێشەیە بە میكانیزمێكی باشتر چارەسەر بكرێت، جگە لەوەش پێویستە هەوڵبدرێ لە داهاتوودا هەنگاوی بە گرێبەست كردنیان، یان بە هەمیشەیی كردنیان خێرا تر بكرێت، چونكە مامۆستاسانی وانەبێژی گرێبەست ئەمری واقعن و بەشێكی دانەبڕاون لە كەرتی پەروەردە، بە تایبەت پەروەردەی دەرەوەی شارەكان و پێویستە داخوازییەكانیان بە هەند وەربگیرێت».

Top