بەیان بەهۆی دایكایەتی و ژن بوونیەوە باجی قورسی بە ژیان داوە، بەڵام كۆڵی نەداوەو گرەوی لە ژیان بردۆتەوە

بەیان بەهۆی دایكایەتی و ژن بوونیەوە  باجی قورسی بە ژیان داوە، بەڵام كۆڵی نەداوەو گرەوی لە ژیان بردۆتەوە

 

 

زۆرن ئەو ئافرەتانەی بوونەتە قوربانیی دەستی پیاو و بە هۆی ئەركی دایكایەتی باجی قورس دەدەن، تەنانەت زۆرجار كۆمەڵگەش بەهۆی ژن بوونیەوە بێ بەزەییانە كۆمەڵێ یاسا و رێسای بەسەردا دەسەپێنێت.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

 

بەیان بەهزاد ئەو ئافرەتە تەمەن 40 ساڵەیە كە وەك خۆی باسی كرد، ساڵانێك لەگەڵ نەخۆشیی جەنگاوە و دواجار شكستی بە شێرپەنجە هێناوە.

ئەو ئێستا لەگەڵ سێ منداڵەكەی دەژی. لەو ماوەیەدا چ وەك هاوسەرێك و چ وەك دایكێك رووبەڕووی كۆمەڵێك كەندو كۆسپی گەورە بووەتەوە و باسی ئەوەش دەكات كە گەورەترین نەهامەتییەكانی لەو كاتەوە دەستی پێكردووە، كە پزیشكییەكەی لەوە ئاگاداری كردووەتەوە كە تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بووە.

بەیان پێداگری لەسەر ئەوە دەكات كە بە ورەی بەرز و پشتیوانیی خوا و عەشقی منداڵەكانی توانیویەتی بەسەر نەخۆشییەكەیدا زاڵ بێت و بەیەكجاری لەو دەردە رزگاری بێت.

بەیان بەمجۆرە بەسەرهاتی ژیانی خۆی بۆ خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان باس دەكات:» من و هاوسەرەكەم دوو منداڵی جوانمان بە ماندوو بوون و شەونخونی گەورە كرد، ساڵانێكی زۆر تاڵی و سوێری ژیانم چەشت، بەڵام، گیرفانم لە لەگەڵ گیرفانی هاوسەرم جیا نەبوو، شان بەشانی ئەو و بگرە زۆر جار زیاتریش لەو كارم دەكرد، ئەوەی لە داهاتی خۆمان كۆمان كردبووەوە، خانوو و زەویمان پێ كڕی، هەمووشی بەناوی هاوسەرەكەم كران، چونكە ئەوم لە گیانی خۆم خۆشتر دەویست، هیچ بەلامەوە گرنگ نەبوو بە ناوی كاممان بێت. ئەویش زۆر رێزی دەگرتم و بۆ منداڵەكانیش باوكێكی نموونەیی بوو. بەڵام دوای ئەوەی دەركەوت تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بووم، زۆر گۆڕا.

كاتێك لە پزیشكەكەمم بیست تووشی شێرپەنجە بووم، ئەو هەواڵە بۆ من هێدمەیەكی زۆر گەورە بوو، شەو و رۆژ دەگریام بۆ منداڵەكان و بۆ هاوسەرەكەم نەك بۆ ژیانی خۆم، چارەسەرەكەم بە جوانی دەڕۆیشت و بە قسەی پزیشكەكان قۆناغێكی سەختم تێپەڕاند، بەڵام هاوسەرەكەم تەنیا دووساڵ تەحەمولی كرد، دوای ئەوە مامەڵەی لەگەڵم گۆڕا، زوو زوو سەفەری دەرەوەی دەكرد، زۆر شتی لێم دەشاردەوە، چونكە ئەو وای دانابوو من دوای دوو ساڵ دەمرم، دواتر زانیم هاوسەرگیری لەگەڵ كچە خاڵەكەی كردووە، ئەو كچە خاڵەی دەیان جار هاتۆتە ماڵەكەم و نمەكی دەستی كردووم، بەڕاستی ئەو دۆخە كاریگەریی خراپی لەسەر تەندروستیشم دروست كرد.

لەو كاتە ناخۆشانەدا هاوسەرەكەم پشتی تێكردم مەسروفی خۆم و منداڵ و تەنانەت نەخۆشخانەش كەوتە سەرشانی ماڵی باوكم، ئەوان وەك هاوسەرەكەم لە نیوەی رێگە بەجێیان نەهێشتم و دایكم بۆ یەك جاریش دەستی بەرنەدام، زۆر بێزار بووم تەنیا دڵخۆشیم منداڵەكانم بوو و لە پێناو ئەوان حەزم بە مانەوە لە ژیان دەكرد لە خوای گەورە دەپاڕامەوە تەندروست و سەلامەت و تەمەن درێژم بكات تا ئەو كاتەی منداڵەكانم گەورە دەكەم، بۆیە بە ورەی بەرز و پشتیوانیی خوا و عەشقی منداڵەكانم توانیم بەسەر نەخۆشییەكەدا زاڵ بم.

كاتێك بێوەفایی هاوسەرەكەم و پەرتەوازەیی منداڵەكانم و فرمێسكەكانی چاوی دایكمم بینی ورەم بەرزكردەوە و هەموو هێز و توانای جەستەمم كۆ كردەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەكەم، ئیدی وازم لە گریان و نوزە نوز هێنا و وام دانا ئەو پیاوە هەر بوونی نییە و پشتم بە خوا بەست، بۆ خۆم و منداڵەكانم ژیام، راستە رۆژانی زۆر سەختم بەڕێكرد ئازاری زۆرم چەشت بەڵام ماندوو بوونەكەم بێ ئەنجام نەبوو، دوو منداڵی وەك گوڵم هەیە دوو پەپوولەی باڵ نەخشین تام و رەنگ و بۆنی خۆشییان بە ژیانم بەخشیوە.

وێڕای بێوەفایی و بێ مەوقفی هاوسەرەكەم بەڵام هەرگیز نەبوومەتە رێگر لە بینینی منداڵەكان چونكە پێموایە هەمیشە نەرمی و لێبووردەیی دەیباتەوە، راستە ئەو لە دڵی مندا شوێنێكی بۆ خۆشەویستن نەماوە، بەڵام ئەو باوكی منداڵەكانمە و لەبەر خاتری ئەوان تا ماوم رێزی لەسەر چاومە.

 

Top