ئەو كێبڕكێ كوردستانییە بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكانی عێراق بۆچی؟

ئەو كێبڕكێ كوردستانییە بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكانی عێراق بۆچی؟

 

ئەو پەرۆشییە چاوەڕواننەكراوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەسەر ئاستی عێراقدا، هاوشانە لەگەڵ چالاكیی دیپلۆماسیی بەرچاوی سەركردایەتیی هەرێمی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، سەردانەكەی ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ بەریتانیا و ئەو پێشوازی لێ كردنە گەرمە، پێشتریش سەردانی سەرۆكی فەرەنسا بۆ هەولێر، دیسان سەردانی پاپای ڤاتیكان و جووڵەكانی دیكە، ئەمانە هەموویان بەڵگەی پیشاندانی وێنەیەكی ڕوون و ئەرێنیی ڕۆڵی گەل و حكومەت و سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانن لەسەر ئاستی عێراقی و هەرێمی و نێودەوڵەتیدا.

 

پرۆسەی سەربەخۆیی كورد لەوەتەی سەدەی نۆزدەیەمەوە وەك دیاردەیەك، هەمیشە بەشێكی گرنگی كێشە و دۆزی كورد بووە، گەلی كوردستان لە ئەیلوولی 2017 بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی دا، بەڵام هەلومەرجی بابەتییانەی ناوخۆ و دەرەوە و تەنانەت ئیرادەی نێودەوڵەتییش لەبار نەبوو بۆ بەدیهێنانی ئەو خواست و ئاواتە ڕەوایەی گەلی كوردستان لەسەر ئەرزی واقیع، پرۆسەی ڕیفراندۆم تاقیكردنەوەیەكی ڕاستەقینە بوو بۆ سەركردایەتیی كوردستان، وەك واقیعێك و خۆگونجاندن بوو لەگەڵ دیاردەی دژەبەرەی نێوان ئیرادەی گەلی كوردستان لە لایەك، هەروەها هەلومەرجی بابەتییانەی زاڵ لەلایەكی دیكەوە، بە درێژایی مێژووی كوردیش هەڵەی زۆر كوشندە لەلایەن هەندێ لە سەركردایەتییەكانی بزاڤی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی كوردستان ڕووی داوە، چونكە دەستەوەسان بوون لەهەمبەر دەركردنی بڕیاری گونجاو لە قۆناغە جیاجیاكاندا، كاتێك دژەبەرە و ناكۆكی لەنێوان ئیرادەی گەل لە ناوخۆ و نێوان بەرژەوەندییەكانی دەرەكی سەری هەڵداوە.

بۆیە دەبینین كە سەركردایەتیی هەڵبژێردراوی كوردستانی یەكسەر دوای ڕیفراندۆم دەركی بە بارودۆخەكە كرد و لەجیاتی گرژی و دوای خوێندنەوەیەكی دروستی گشت هەلومەرجەكان، بە هەموو عەقڵانییەتێكەوە پەنای بردە بەر هەڵوێستی واقیعییانەی سیاسی، لەبەر ئەوە ڕێگەی لێكگەیشتنی لەگەڵ ناوەندی فیدڕاڵی هەڵبژارد، ئەمەش بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان، هەروەها پارێزگاریكردن لەو دەستكەوتانەی بە قوربانیی ئەو میللەتە و ڕێبازی پیرۆزی مستەفا بارزانی بەدەست هاتوون.

 سەركردایەتیی كوردستانی لە عێراق دەرك بەوە دەكات كە بەرژەوەندییەكانی ئاشتی و ڕێككەوتنەكان و سازانی دەستووری سەبارەت بە كێشەی كوردستان لە ئۆتۆنۆمییەوە تا دەگاتە ئەو فیدڕاڵییە پێشكەوتووەی ئێستا، هەموویان سەرەنجامی چارەسەری نیشتمانیین بۆ كێشەی كوردستانی عێراق، بناغەیەكە كە دەتوانرێت هەموو بوارەكانی هەنووكەیی و ئایندەی لەسەر هەڵبچنرێت، ئەمەش لە ڕوانگەی ئەوەی كە بەرژەوەندیی كوردستان لە پێكەوەژیان و تەواوكاریدایە لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی عێراق وەك دەوڵەتێكی فیدڕاڵ، هیچ ناكۆكییەكیش لەوەدا نییە مادام دەستوور حەكەم بێت، هەروەها ڕێز لە تایبەتمەندیی نەتەوەیی و نیشتمانیی كوردستان بگیرێت.

دەتوانین قۆناغی دوای پرۆسەی ڕیفراندۆمی مافی چارەنووس بە قۆناغی گەڕانەوەی كوردستانی بۆ بەغدا و هەموو عێراق ناو بنێین، هەروەها بەشداریی كردارەكی نەك تەنیا بە بڕیاری كوردستانی، بەڵكو بە بڕیاری نیشتمانیی عێراق، لەسەر هەموو ئاستێكی یاسادانان و جێبەجێكردن و بڕیارە سیاددییەكان لە دەوڵەتێكی خاوەن سیستەمی فیدڕاڵدا، كە تا ئێستای لەگەڵدا بێت، بە هەلومەرجی بەهێزكردنی پرۆسەی سیاسیی دیموكراسیدا گوزەر دەكات.

مەرجی بنەڕەتیی فراوانكردنی بەشداریی كوردستان لە دیاریكردنی چارەنووسی عێراق، بریتییە لە یەكێتیی هەڵوێستی سیاسیی كوردستانی لە بەرنامەی هەڵبژاردندا، هەروەها هەماهەنگیی نێوان لیستە كاندیدكراوەكان و پشتبەستن بە لێهاتوویی لە هەڵبژاردندا، هاوكات خستنەڕووی كێشە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان كە بۆ هاووڵاتیانی هەرێم و هەموو عێراق گرنگن، لەوەش گرنگتر هەڵبژاردنی دروستی بەهێز و لایەنە عێراقییەكان لە چوارچێوەی هاوپەیمانیدا، لەپێناو پێشكەوتنی عێراق و چەسپاندنی فیدڕاڵی و پەرەپێدانی، هەروەها گەڕاندنەوەی ناوچە كێشە لەسەرەكان بۆ سەر هەرێم، چارەسەركردنی كێشەی كەركووك بەپێی بەندەكانی دەستوور، دیسان بۆ چەسپاندنی دیموكراسی و بەتینكردنی ڕۆڵی ئیقلیمیی عێراق و نەهێشتنی قەڵەمڕەوەیی ئێران، ڕێگرتن لە سەركێشی میلیشیا تایفەگەرییەكان، لەپێناو گەیشتن بە عێراقێكی فیدڕاڵیی ئازاد و دیموكراسی و سەربەخۆ.

كارلێكی گەلی كوردستان و خۆگونجاندن لەگەڵ پەرەسەندنە ئیقلیمی و عێراقییەكان، هەروەها هاریكاریی پتەو لەگەڵ ناوەنددا، دەبنە پاڵپشتییەك بۆ چەسپاندنی چارەسەرێكی نیشتمانیی دیموكراسیی كێشەی كورد لە بەشەكانی دیكەدا، ئەم ئەزموونەش دەبێتە نموونەیەك كە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چاوی لێ دەكرێت بۆ چارەسەركردنی كێشە نەتەوەییەكان لە وڵاتانی فرە نەتەوەدا.

ئەو پەرۆشییە چاوەڕواننەكراوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەسەر ئاستی عێراقدا، هاوشانە لەگەڵ چالاكیی دیپلۆماسیی بەرچاوی سەركردایەتیی هەرێمی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، سەردانەكەی ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ بەریتانیا و ئەو پێشوازی لێ كردنە گەرمە، پێشتریش سەردانی سەرۆكی فەرەنسا بۆ هەولێر، دیسان سەردانی پاپای ڤاتیكان و جووڵەكانی دیكە، ئەمانە هەموویان بەڵگەی پیشاندانی وێنەیەكی ڕوون و ئەرێنیی ڕۆڵی گەل و حكومەت و سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانن لەسەر ئاستی عێراقی و هەرێمی و نێودەوڵەتیدا.

 

Top