ڕەوشــی ئاو لە كوردستان بە تایبەتی لە شاری هەولێردا

ڕەوشــی ئاو لە كوردستان بە تایبەتی لە شاری هەولێردا

بەشی یەكەم

پێشەكی

لەم ماوەیەی دواییدا بە هۆی كەمیی ڕێژەی باران بارین، بابەتی ئاو بووەتە جێی قسە و باسی میدیاكان لە هەرێمی كورستاندا، هەروەها بوو بە كێشەیەكی دیار كە بانگەشەی بۆ دەكرێت و، جەختی لێ دەكرێتەوە. لە سەرەتاوە پێویستە باس لەوە بكرێت كە ئەگەر لە ساڵێكدا باران نەبارێت، یان لافاو ڕووبدات، ناكرێت كێشەكە گەورە بكرێت، ئەگەر سیستەمێكی تۆكمە و زانستیی پێشوەختە لە ئارادا هەبێت. ئەمە لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژەیە بۆ كەمتەرخەمی لە سیاسەت و پاراستنی ستراتیجیی ئاو لە هەرێمی كوردستان و هەموو عێراقدا، چونكە تاكو ئێستا هیچ پلانێكی درێژخایەن بۆ ئەم مەبەستە لە هەرێم و عێراق دانەنراوە، لە هەمان كاتدا دانانی پلانێكی تۆكمە و پێشوەخت پێویستە بوودجەیەكی زۆری بۆ تەرخان بكرێت. ئەو دیراسەی كە لەم ڕاپۆرتەدا باسی ئاوی حەوزەكانی هەولێر دەكات، تیایدا ڕەوشی ئاوی ژێر زەوی لە هەولێر و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئاو نیشان دەدات. بۆیە دەتوانین بڵێین كە سیاسەتێكی ڕاست و دروستی ئاومان نییە بۆ پارێزگاریكردن لە ئاو و عەمباركردنی بە شێوەیەكی ئەندازەیی ڕاست و دروست، بۆیە پێویستە پسپۆڕی تایبەت لە بواری زانستی ئەندازەی هایدرۆلۆجی كاری لەسەر بكەن.

ئاشكرایە ئاوی ژێر زەوی سەرچاوەیەكی بنەڕەتیی دابینكردنی ئاوە لە هەموو جیهان، هەروەها جێگرەوەی ئاوی سەر زەوییە، بەڵام بە مەرجێك بە شێوەیەكی دروست پلانی بۆ دابنرێت.

ئێمە زۆر جار لە میدیاكاندا گوێمان لێ دەبێت كە دەكرێ ئاوی ژێر زەوی پارێزگاری لێ بكرێت، بە بێ ئەوەی بنەمایەكی زانستی هەبێت بۆ بەكارهێنانی بە شێوەیەكی زانستیی گونجاو. بەڕاستی جێی داخە كە ڕۆژانە لە میدیاكاندا بە بێ بوونی بەڵگە و داتای زانستی قسە لەسەر بابەتی ئاو دەكرێت. كە دەبێت پسپۆڕی تایبەت بە زانستی هایدرۆلۆجی ئاو قسە لەسەر ستراتیجیی ئاو بكات. هاوكات پێویستە ڕێگەی زانستی و جێگرەوەی هەبێت، بۆ كاتێك كە ئەگەر بێتو لافاوێك ڕووی دا، ئیفرازی 1و 2 و3 و ئیفرازی 4 لە داهاتوودا هەموو بكەوێتە ژێر ئاوی لافاو، بە مانای ئەوەی كە ئاوەكە لێڵ نابێت بۆ چەند ڕۆژێكی كەم، بەڵكو هەر ئاو نامێنێت بۆ شاری هەولێر، كە پێویستە پسپۆڕانی بواری ئاو پلانێكی تۆكمە و زانستی بۆ داهاتوو دابنێن و چارەسەری گونجاوی بۆ دابنێن، چونكە ئەگەر لافاوێك ڕووبدات لە توركیا و ئێران لەبەر ئەوەی سەرچاوەی ئاوەكە لەوێیە، ئەوكاتە ئێمە ئاوێكی لێڵمان بۆ دێت. كە لە زانستی هایدرۆلۆجی شتێكی زانراوە، ئایا پسپۆڕان پلانی گونجاویان بۆ داناوە؟ ئایا چارەسەری جێگرەوە بۆ ئەم كێشەیە هەیە؟

وەك ئاشكرایە كێشەی گەورە ئەوەیە كە ئەگەر ماددەیەكی كیمیایی ژەهراوی، یان پاشماوەی كارگەیەكی كیمیایی لە توركیا و لە ئێران لەگەڵ ئاوەكە تێكەڵ بوو كە تووشی پیسبوونی ئاو بوو، ئەو كاتە ئاوەكە ئیمكانیەتی خاوێنكردنەوەی نامێنێت، چونكە توانای خاوێنكردنەوەی ئاو سنووردارە. مانای وایە خەڵكەكەی هەموو ژەهراوی دەبێت. ئایا تا ئێستا بیر لەو ڕوودانە كراوەتەوە؟ بە دڵنیاییەوە نەخێر، لەبەر ئەوە دەبێت حكومەت بە پلەی بنەڕەتی كێشەی ئاو بخاتە ئەستۆی خۆی و ستراتیجییەكی ڕاست و دروستی ئاو بۆ هەرێمی كوردستان دروست بكات، چونكە سامانێكی زۆر گەورەیە بە بەراورد لەگەڵ پارێزگاكانی عێراق، دەكرێت ببێتە بابەتێكی زۆر باش كە سوودی لێ وەربگیرێت، هەم لە بواری ئابووری هەمیش سیاسی، هەروەها دانانی سیاسەتی ئاو. لە هەمان كاتدا داڕشتنی سیاسەتی ئاو پلانێكی زۆر درێژخایەنە كە بوودجەكی زۆر گەورەی دەوێت، بەڵام دەكرێت پلانێكی ڕاست و دروست هەبێت هەنگاو بە هەنگاو دەست پێ بكەین بۆ ڕووبەڕووبەنەوەی ئەو ئەگەرانەی كە دێنە پێشمان. ئەگەری زۆر گەورە و بچووك هەن، ئەو ئەگەرەی كە ئێستا ڕوویداوە، ئەگەر ساڵیك باران نەبارێت، كێشە نییە بە بەراورد لە گەڵ ئەو ئەگەرەی كە لافاو لە توركیا و ئیران ڕووبدات، كە ئاوەكەی لێڵ كردووە، ئەدی ئەگەر لافاو لە هەولێر ڕووبدات و ئەگەر ئیفرازەكان تێكچوون، ئەی چارەسەری جێگرەوە بۆ ئەم حاڵەتە چییە؟ لێرەدا دەتوانرێت چەند پرسیارێك ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار بكرێت، كە ئایا ستراتیجیی ئاو بەم شێوەیە؟ دامەزراندنی ئاو بەم شێوەیە؟ پاراستنی ئاو بەم شێوەیە؟ چارەسەری ئاوی لافاو بەم شێوەیە؟

بۆیە بەڕاستی دەبێت لە هەرێمی كوردستان پسپۆڕ لە بواری ئەندازەی ئاو پێك بهێنرێت و دەكرێت پسپۆڕانی بواری جیۆلۆجی و ئاودێری، وەكو هاوكاری سوودیان لێوەربگیرێت بۆ دانانی چارەسەری كێشەی ئاو.

لە 0.35٪ ئاوی دەریاچەكانە و‌ ڕێژەی ئاو لە چینی بەرگەهەوای زەوی 0.04٪، و تە‌نیا 0.01٪ ڕووبارە‌كانە‌ لە جیهان و بەشی 80٪ی خە‌ڵكی جیهان دە‌كات. لێرەدا وەكو سێیەم وڵاتانی جیهان كێشەی كەمبوونی ئاویان هەیە كە بە ڕێژەی 40٪ی خەڵكی جیهانە، ئەم وڵاتانە كێشەی دابینكردنی ئاویان هەیە بۆ پێداویستییەكانی ئاوی ماڵان و گشتی و كشتوكاڵ، كەواتە 1.2 ملیار مرۆڤ كێشەی دابینكردنی ئاویان هەیە، وەكو ئاوی خواردنەوە وشوشتن وكشتوكاڵ، 1.8 ملیار مرۆڤ كێشەی ئاوەڕۆی هەیە. جگە لەوەی لە جیهاندا نزیكەی 80٪ نەخۆش و 30٪ لە مردووەكان بە‌هۆی پیسبوونی ئاوەوەیە. پێشبینی دەكرێت كە 37 وڵات لە ساڵی 2025 كێشەی كەمبوونی ئاویان دەبێت، بۆ پێداویستییەكانی ئاوی ماڵان و خواردنەوە و شووشتن و كارگەكان و كشتوكاڵ.

بە پێی دوایین زانیاری كە لە بارەی بیرەكانی ئاو وەرگیراوە، ژمارەی بیری كشتوكاڵی لە هەموو پارێزگای هەولێر (4661) بیرە و بیرەكانی ئاوی خواردنەوە (4220) بیرە و ژمارەی بیرەكانی پیشەسازی دەكاتە (163) بیر بەمەش كۆی گشتیی بیرەكان دەكاتە (9044) بیر لەسەر ئاستی پارێزگا.

هەروەها بەپێی دوایین زانیاری سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە بۆ شاری هەولێر بەندە لەسەر (55%) ئاوی ئیفرازەكان، دوای خاوێنكردنەوەی لە وێستگەكانی پاڵاوتنی ئاودا، هاوكات بەشەكەی دیكەیش بەندە لەسەر ئاوی ژێر زەوی بە ڕێژەی (45%)، هەروەها ژمارەی بیرەكان دەكاتە (1200) بیر لە ڕووبەری شاری هەولێر كە (400 كم 2)یە.

لە عێراق و هەرێمی كوردستان گیروگرفت لە بەڕێوەبردنی ئاو هەیە، بۆ نموونە هەولێر، لە ساڵانی ڕابردوودا بە هۆی باران بارینی بە خوڕ لە وەرزی زستان و بەهاردا، بووە هۆی نقوومبوونی شەقامەكانی ناو شار و گرفتی هاتوچۆ لەو شەقامانەدا، لافاو چووە ناو بەشێك لە ماڵی هاونیشتمانییەكان و شوێنی ئاو و ئاوەڕۆكان، كە بووە هۆی گەیاندنی زیانی ماددی و گیانی بە هاووڵاتی و حكومەت.

لە وەرزی هاویندا خەڵكی شار سكاڵا دەكەن لەسەر كەمیی ئاو، یەكێك لە گرینگترین خاڵەكانی چارەسەركردنی بەڕێوەبردنی سەرچاوەكانی ئاو لە هەرێمی كوردستاندا، بریتییە لە گرینگینەدان بە تۆپۆگرافیی شوێنەكان و سوودوەرنەگرتن لە ئاو لە وەرزەكانی زستان و بەهار، كە دەتوانرێت بڕێكی زۆر ئاوی تێدا گل بدرێتەوە لە شوێنە ئاست بەرزەكاندا بە مەبەستی سوودوەرگرتن لە وەزی هاویندا بە هۆی هێزی كێشكردنی زەوی بە بێ پێویستی بە پەمپ و تێچوو، كە هەمیشە پێویستی بە چاككردنەوە و وەستانە بۆ ماوەیەكی زۆر و بە مەبەستی چاككردنەوە.

لە ئەم ساڵدا زۆربەی سەرچاوەكانی ئاو كەمیان كردووە بە بەراورد بە ساڵانی پێشوو، جگە لەوەش دابەزینی بڕی ئاوی باران بارین لە هەرێمی كوردستان بە بێ هەبوونی پڕۆژەی پێویست بۆ سوودوەرگرتن لە ئاوی لافاو و گۆڕینی ئاوی لافاو لە وێرانكاری بۆ گرینگترین سەرچاوەی ئاو.

پارێزگای هەولێر ڕووبەری نزیكەی (15،074كم2)یە، كە نزیكەی (3.5%)ی ڕووبەری هەموو عێراق دەگرێتەوە. ژمارەی دانیشتووانی نزیكەی (2،113،000)ـە و یەكێكە لە پارێزگا هەرە گرینگەكانی عێراق. هەروەها چوارەم گەورەترین پارێزگایە لە عێراق. ئاوی ژێر زەوی سەرچاوەی سەرەكیی كشتوكاڵ و ئاودێری و ئاوی خواردنەوەیە لە شاری هەولێر، ئاوی سەرزەوی بە زۆری گونجاو نییە بۆ بەكارهێنانی پێداویستیی مرۆڤ بە هۆكاری جۆراوجۆر. بیری هەڵكەندراو بەكاردێت بۆ دەرهێنانی ئاوی ژێر زەوی كە لە زۆربەی شارۆچكەكاندا هەیە. بەم شێوەیە ئاوی ژێر زەوی ڕۆڵێكی گرینگی هەیە لە زۆربەی بوارەكان لە شارەكەدا. پیسبوونی ئاوی ژێر زەوی كێشەیەكی سەرەكییە لە كوردستان، لە هەمان كاتدا دیراسەكردن و بەڕێوەبردنی ئاو سنووردارە لە ناوچەكەدا.

حەوزەكانی هەولێر:

حەوزی هەولێر، یان دەشتی هەولێر خەزانی ئاوی ژێرزەوییە لە پارێزگای هەولێر، ڕووبەری نزیكەی (3200كم2)یە بە قووڵایی نزیكەی (800م)، حەوزی هەولێر بە گرینگترین حەوز دادەنرێت لە ناوچەكەدا بە هۆی كوالیتی ئاوەكەی و بڕەكەی و نزیكی لە سەرڕووی زەوی،(unconfined aquifer) مانای وایە كە باران ڕاستەوخۆ دەچێتە ناو ئەكویفەر(aquifer)، بەڵام هەندێك لە بەشەكانی دەبێتە (semi-confined aquifer) یان (confined aquifer) . بە گشتی حەوزی هەولێر دابەش دەبێتە سەر سێ بەشی سەرەكی بە ناوەكانی (كەپران) كە دەكەوێتە بەشی باكوور، حەوزی ناوەند كە دەكەوێتە بەشی ناوەڕاست، (باشتەپە) كە دەكەوێتە بەشی باشوور. هەروەك لە وێنەی (1) دیارە.

 

(*)

ئەندامی بۆردی زانكۆی كوردستان- هەولێر

سەرۆكی بەشی شارستانی/كۆلێژی ئەندازیاری/ زانكۆی سەڵاحەددین

Top