ناسیۆنالیزمی کوردی لەنێوان خێڵ و نەتەوە!

ناسیۆنالیزمی کوردی لەنێوان خێڵ و نەتەوە!

ناسیۆنالیزم، لای تاکی تورک ھێندە بەھێزە لەھەر شوێنێک بن کەمینەبن یان زۆرینەبن دەیانەوێت خۆیان بسەپێنن و بەرگری لەپیرۆزیەکانی خۆیان بکەن، ھەرێمی کوردستان کەلە
سەروبەندی نوسینەوەی دەستورە، تورکمانەکان کەکەمینەن ھەوڵی جدی دەدەن ڕەمزو پیرۆزیەکانی خۆیان لەدەستوردا بسەپێنن، ئەوان گوێ نادەن کەمینەن بەڵکو ناسیۆنالیزمان ھێندە بەھێزە لەھەر شوێنێک بن بەرگری لەبونی خۆیان دەکەن. تورکەکان ھەموو میکانزمێک و سیستەمێک و ئاینێک بۆ بەرژەوەندی نەتەوەیی خۆیان بەکارئەھێنن ھیچ پیرۆزیەک لەسەروی پیرۆزیەکانی وڵاتیان نیە.
کەچی حیزبە کوردیەکان ھەریەکەیان مەرجی خۆیان ھەیە بۆ نوسینەوەی دەستور، کە لەبنەرەت دا ھەریەکەیان بە ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەوە نین کەھەرێمی کوردستان خاوەنی دەستورێک بێت، ناسیۆنالیزمی کوردی دەکەنە قوربانی ئایدۆلۆژی و بەرژەوەندی تەسکی حیزبەکەیان، لەگەڵ ھیچ پرسێکی نیشتیمانی نابن ئەگەر ئایدۆلۆژیای ئەوان لەسەر ئەو پرسانە نەبێت.

حیزبە کوردیەکان بەبەھانەی ئەوەی کەدەستور لەبەرژەوەندی لایەنێک دایە، لەگەڵ نوسینەوەی دەستور نین ھەموو شتێک تێکەڵی یەک ئەکەن، ھەروەک چۆن لەڕیفراندۆم بەھانەیان دەگرت کە کاتی ڕیفراندۆم نیە بەبەھانەی جیا جیا. ھەندێکیان دەیان وت ئێستا کاتی ڕیفراندۆم نیە چونکە وڵاتانی دراوسێ و بەتایبەتی ئەمریکا لەگەڵ ڕیفراندۆم نین، ھەر ئەوانە بون دەیان وت بارزانی بۆ بەرژەوەندی شەخسی خۆی ڕیفراندۆم دەکات، لە ڕاستی دا گەر چاوەڕێی وڵاتان بین ئەوە ڕۆژی بەختی کورد ھەرگیز نایات کە وڵاتان لەگەڵ بونی دەوڵەتێکی کوردی بن، ھەروەھا گەر بارزانی بەرژەوەندی شەخسی بویستبایە قەد ڕیفرانرۆمی نەدەکرد لەبەھاری تەمەنی تا کۆتاییەکانی تەمەنی شەڕی نەدەکرد بۆ دەوڵەتی کوردی کە لای وڵاتانی دراوسێ ھەر ناوی دەوڵەتی کوردی ببیستن ھاردەبن وەکو گای ئیسپانی کاتێک پەڕۆی سور ئەبینێت.

ھەندێکی تر دەیان وت حکومەت لاوازە و ھێشتا ناتوانێت موچە دابین بکات چۆن دەوڵەت دروست دەکات، ھەندێکی تر پێیان وابوو دیموکراسی بەھێزکردنی پەرلەمان لەسەروبەندی دەوڵەتە و فەرزترە.
زۆر بەھانەی تر ھەبون کەھیچ بنەمایان نەبوو ھەموو شتێکیان تێکەڵی یەک ئەکرد، کەدەرخەری ئەو ڕاستیەبوو کەلە بنەڕەت دا سیاسەتی ئەوان بۆدەوڵەت و سەربەخۆیی کوردستان نەبوە، چونکە حکومەت و پەرلەمان و ھەر دامەزراوەیەکی تر بنەمای دەوڵەتن، کەدەوڵەتت ھەبوو دەتوانی ئەم دەمەزراوانە بەھێز بکەی دوری بکەیتەوە لەدەستی حیزبەکان بەڵام کەدەوڵەتت نەبو ھیچ دامەزراوەیەک و سیستەمێک مانایی نیە.

کورد تائێستا بەھۆی بەرژەوەندی تەسکی حیزبی نەبوە بە نەتەوە و میللەت ھێشتا خێڵ و گروپە، ناسیۆنالیزم نەتەوە دروست دەکات، لای کوردیش تائێستا شتێک نیە بەناوی ناسیۆنالیزم ھەبێتیش زۆر لاوازە.گەر سەرکردایەتی کورد چاوەڕێی یەک ڕیزی بێت بۆ نوسینەوەی دەستور قەد ھەرێمی کوردستان نابێتە خاوەنی دەستورێک، یەک ڕیزی پێویستی بە ئامانجێکی ھاوبەش ھەیە بەتایبەتی لە پرسە نیشتیمانیەکان یەک ڕیزی دروست دەکرێت، کەچی حیزبە کوردیەکان ھیچیان ئامانجی ھاوبەشیان نیە ھەمیشە دەیانەوێت پرسە نیشتیمانیەکان لەگەڵ بابەتی حیزبی تێکەڵی یەک بکەن و میکانزمێک بۆخۆیان دەدۆزنەوە کەدژی بن.

حیزبە کۆماری و دیموکراسیەکانی ئەمریکا گەر ناکۆکی حیزبیان چەند زۆر بێت لەزۆرینەی بابەتی سیاسی دەرەوەی ئەمریکا و پرسە نیشتیمانیەکان یەک دەنگن بۆ ئەوەی بتوانن ئامانجی وڵاتی ئەمریکا بەدیبھێنن خۆیان بسەپێنن لەسەر جیھان.
حیزبە تورکەکانیش ناکۆکیان چەند زۆربێت تێکەڵی پرسە نیشتیمانەکانی ناکەن، لەھەموو پرسە نیشتیمانیەکان کۆکن، ھەرچەندە ڕقی دونیام لەتورکە چونکە ئەوان تا ئێستا دان بەبونی کورد نانێن بەدەستیان بێت ھیچ کوردێک لەسەر ئەم زەویە ناھێڵن بەڵام گەر نەتەوەکانی ناوچەکە لەچیایەک دانێن تورکەکان گەورەترین دەوڵەتی تورکی دادەمەزرێنن لەچیایەکە، نەتەوەکانی تر ھەر خۆیان خۆیان تەواو دەکەن و ئەوانەی دەمێنەوەش دەچنە ژێر ڕکێفی تورکەکان.

Top