كتێبی ئابووریی پرتەقاڵی ناساندنی جۆرە ئابوورییەكی تازەیە بە كوردستان . . .

كتێبی ئابووریی پرتەقاڵی  ناساندنی جۆرە ئابوورییەكی تازەیە بە كوردستان . . .

  (هۆشمەند رەفیق)

 

ئابووریی پرتەقاڵی بیرۆكەی ئابوورییەكی نوێیە كە دەكرێت لە هەرێمی كوردستان سوودی لێوەربگرین و دەكرێت ببێتە رایەڵەیەكی سەرەكی سەرچاوەی داهات بۆ تاكی كۆمەڵگە و هەردوو كەرتی تایبەت و گشتی، بەمەش‌ پێشەنگكار- كارساز بەتایبەت گەنج سەرچاوەی داهێنان و بیرۆكەی تازە دەبێت‌ بۆ ئابوورییەكی داهێنەرانە، بە جۆرێك لە سێبەری ئەو چەشنە‌ ئابوورییەدا تاك خۆكردانە‌ هەلی كار دەڕەخسێنێت، نەك بەدوای كاردا بگەڕێت، واتە ئابووریی پرتەقاڵی جەخت لەسەر وەبەرهێنان لە توانا نوێیەكان و هزری تازەی ئابوورییانە دەكاتەوە، بە پشتبەستن بە راكێشانی بەهرە ناوازەكان بە مەبەستی سەرمایەگوزاریكردن.

كتێبی (ئابووری پرتەقاڵی) لەلایەن هۆشمەند رەفیق قوتابیی دكتۆرا لەكارگێڕی و ئابووری بڵاوكرایەوە، لەو كتێبەیدا نووسەر باس لە ئابووریی پرتەقاڵی دەكات كە ئێستا لە زۆرێك لە وڵاتانی جیهان وەك سەرچاوەیەكی داهاتی نیشتمانی كاری لەسەر دەكەن. ئەو جۆرە ئابوورییە، وەك چەمك بۆ یەكەمین جار لە لایەن نووسەران (فیلیپ بویتراگۆ ریستریپۆ(Felipe Buitrago Restrepo)و ئیڤان دۆكی ماركیز(Iván Duque Márquez) لە كتێبی(ئابووری پرتەقاڵی-دەر‌فەت سنووری نییە) -una oportunidad infinita La Economia Naranja) باس كراوە، هەرچەندە ئەو چەمكە زێتر لە وڵاتانی كیشوەری ئەمریكای لاتینی باوە، بەو جۆرە ئابوورییە دەگوترێت كە پیشەسازیی رۆشنبیری و یا پیشەسازیی پارێزراو بەمافی خاوەنداریەتی دانان و بڵاوكردنەوە، یا پشت بە هزری تازەگەری و نوێگەری و داهێنان دەبەستێت لە پێناو رەخساندنی هەلی كارو بە دەستهێنانی داهات، بەبێ ئەوەی مافی خاوەنداریەتی هزریی پێشێل بكرێت.

پرسیار لێرەدا ئەوەیە: ئایا ئابووریی هەرێمی كوردستان چەند ڕەنگی لەم ڕەنگانە تێدایە؟ دیارە ئابووریی كوردستان زۆرێك لەم ڕەنگانەی تێدایە و هەندێكیش زۆر گرینگن و دیارنین و نابیندرێن لە ئابووریی هەرێمی كوردستاندا، كە دەكرێت سوود لە ئابووریی پرتەقاڵییش وەربگرین.

گرینگیی ئابووریی پرتەقاڵی

 ئابووریی پرتەقاڵی وەك ناسنامە و هێمایە بۆ جۆرێك لە جۆرەكانی ئابووری و جۆرێكی دیكەی ئابووریی تازەیە و هێشتا زۆرینەی وڵاتان پێی ئاشنا نین و توێژەرانیش لە رووی زانستییەوە وەك پێویست توێژینەوەیان لە بارەیەوە نەكردووە، هەرێمی كوردستان زەمینەسازی زۆری هەیە بۆ ئابووریی پرتەقاڵی و ساڵانە هەزاران گەنج لە زانكۆكان دەردەچن، بە بێ ئەوەی دەرفەتی كاریان بۆ بڕەخسێت، ئەو گەنجانەش بەشێكی زۆریان زرەنگی و توانا و لێهاتووییان هیچ كەمتر نییە لە گەنجی وڵاتانی پێشكەوتووی جیهان.

لەم ئابوورییەدا داهێنان و رۆشنبیری كلیلی گەشەپێدانی ئابووری و كۆمەڵایەتی و رۆشنبیرییە كە ئەوەش بنەمایە بۆ بەهێزبونی هەر دەوڵەتێك، بۆیە لەو سۆنگەیەوە دەكرێت لە قۆناغی پۆست كۆڕۆنادا هەرێمی كوردستان كەڵك لەو جۆرە ئابوورییە وەربگرێت، ئەمەش بە هەمواركردنەوی یاسای وەبەرهێنانی ساڵی 2006 لە پەرلەمانی كوردستان دەكرێت بە هەماهەنگیی دەستەی وەبەرهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەڵبەتە كاركردن و دانانی نەخشەڕێگەی ستراتیژی بۆ گەشەپێدانی ئەو جۆرە ئابوورییە، هیچ بوودجەی تایبەتی ناوێت و بارگرانی بۆ حكومەت دروست ناكات، جگە لە ئەركی پارێزەرایەتیكردن بۆ پاراستنی خاوەنداریەتی هزر و بیرۆكەی گەنجان، بەڵكو ئەو ئەركە دەكەوێتە ئەستۆی وەبەرهێنەران و سەرمایەدارانی كوردستان و لە كۆتاییدا بە قازانجی حكومەت و كەرتی تایبەت و كۆمەڵگە تەواو دەبێت، بۆیە ئابووریی پرتەقاڵی گرینگە بۆ هەرێمی كورستان، بەتایبەت كە دەبێتە هۆی ئەوەی گەنجی داهێنەر خۆی تیا ببینێتەوە و بە یەكسانی و دادپەوەری رۆڵی هەبێ لە گەشەپێدانی كوردستان و بەشدار بێت لە ناوەندی بڕیار و خۆیشی ببێتە سەنتەری بیركردنەوەو قووڵبوونەوە.

  لەگەڵ ئەوەی هەرێمی كوردستان، نەك سیستەمێكی ئابووریی سەربەخۆی نییە، تەنانەت تا هەنووكەش نازانرێت فەلسەفە ئابوورییەكەشی چییە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە كە تا ئێستاش وەك پێویست كار لە سەر پەیڕەوكردنی سیستەمێكی ئابووریی دیاریكراو نەكراوە، ئا لەو روانگەیەشەوە ئەگەر هەرێمی كوردستان تا ئێستا هەنگاوی پراكتیكی نەهاویشتبێت، بۆ ئەوەی بایەخ بە چ ئابوورییەك بدات، ئەوا دەكرێت قۆناغی بڵاوبونەوەی پەتای كۆڕۆنا و دابەزینی نرخی نەوت و بڕینی حەقبەشی كوردستان لەلایەن بەغدا و سیاسەتە هەڵەكانی حكومەتی عێراقی لە بارەی ئابووریی عێراق و دابەزاندنی بەهای دراوی عێراقی بەرامبەر دراوی دۆلای ئەمریكی بە دەرفەت بزانێت، بۆ كاراكردنی نەخشەڕێگەی چاكسازی لەسەر هەموو ئاستەكاندا بەتایبەت لە بواری ئابووری و داراییدا.

نووسەر بەشێكی دیكەی كتێبەكەی تەرخان كردووە بۆ پێشەنگكاری و پێشەنگكاریی داهێنەرانە و كارسازی و چۆنیەتی دروستكردنی پڕۆژەی بچووك و پشت بە خۆبەستانی گەنجان لە كارسازی و هەنگاوەكانی گواستنەوەی بیرۆكە بۆ درەفەت.

لە بەشێكی دیكەی كتێبەكەدا ئەزموونی پێشكەوتووی هەریەكە لە وڵاتانی كۆریای باشوور، كۆڵۆمبیا،چین، ژاپۆن ومالیزیای خستووەتەڕوو.

زەمینەسازیی بۆ ئابووریی پرتەقاڵی لە كوردستان

 لەم جیهانە گۆڕاوە خێرا و پێشكەوتووەدا یەكێك لەو نەخشەڕێگایانەی دەبێت كاری لەسەر بكرێت، پیشەسازیی كەلتووری و رۆشنبیرییە، یان ئابووریی پرتەقاڵییە تا بتوانین لەسەر بنەمای هزری داهێنەرانەی رۆشنبیرییەوە، باز بدەین لە ئابوورییەكی كلاسیكی بەرخۆری پشتبەستوو بە نەوت، بەرەو ئابوورییەكی مۆدێرنی پشتبەستوو بە مەعریفە و پیشەسازی و رۆشنبیریی داهێنەرانە هەنگاو بنێین.

 

Top