شۆڕشی گوڵان زیندووكردنەوەی گیانی شۆڕشگێڕی بەرووی دوژمنانی كورد و كوردستاندا
ئەگەر چەخماخەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول ئەو رووناكییە بووبێت كە شكۆی ئازادیی گەلی كوردستانی تێدا دەربكەوێت و قۆناخێكی تازە لە مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان دەستی پێكردبێت، ئەوا چەخماخەی شۆڕشی گوڵان بە دووبارە درێژەپێدانەوەی بە شۆڕشی ئەیلوول، زیندووكردنەوەی ئەو گیانی شۆڕشگێڕییە بوو بە رووی دوژمنانی كورد و كوردستاندا كە شۆڕشی كوردستان بەردەوامە و هەر بەردەوامیش دەبێت، هەتا ئامانجە مەزنەكەی شۆڕش دیتەدی كە ئەویش بەدەستهێنانی ئازادییە و، بە دیوێكی دیكەشدا پەیامی گیانی شۆڕشگێڕی لە شۆڕشی گوڵاندا جیا لەوەی پەیامێك بوو بۆ دوژمنانی كورد و كوردستان بەوەی هەرگیز ئەو خەونەتان نایەتەدی شۆڕشی كوردستان كۆتایی پێ بێت، لە هەمانكاتدا زیندووكردنەوەی ئومێدێكیش بوو بۆ خەڵكی كوردستان بەوەی وەك رۆبیسبار دەڵێت: «مردن سەرەتای نەمرییە»، ئەمەش بەو مانایەی كە لە شۆڕشدا باڵای سیاسەت و ستراتیژیەتی راستەقینە دەردەكەوێت و، لەمەش زیاتر كارل ماركس گوتەنی «كاتێك دەسەڵاتی شەڕانگیز و هەمەجی پشت لە زمانی لێكتێگەیشتن دەكات و دەیەوێت بە زەبری ئاگر و ئاسن بەرامبەرەكەی بكاتە كۆیلە و بێدەنگی بكات، ئەوا باشترین وەڵام بۆ ئەوەی لە حاڵەتی كۆیلەیی دەربچین و بەو دەسەڵاتە شەڕانگێز و هەمەجیەی بسەلمێنین كە لەبەرامبەر زەبری ئاگر و ئاسنیش، ئێمە خاوەنی گیانی شۆڕشگێڕیین، ئەوا لەو حاڵەتەدا توندوتیژیی شۆڕشگێڕی (العنف الثوري) دەبێتە باشترین رێگە بۆ ئەوەی دەسەڵاتی شەڕانگێز و هەمەجی لە ماف و پەیامی نەتەوەی بەرامبەر تێبگات.
ئەم حاڵەتەی كارل ماركس لە پێناسەی بۆ شۆڕش و توندوتیژیی شۆڕشگێڕی ئاماژەی پێ كردووە، لەگەڵ بڕیاری هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی گوڵان یەك دەگرێتەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە لە ئاداری 1974 رژێمی بەعس و سەدام، وەك رژێمێكی شەڕانگێز و هەمەجی، پشتیان لە دیالۆگ و لێكتێگەیشتن كرد لە چوارچێوەی رێككەوتننامەی ئادار و زمانی ئاگر و ئاسن و زەبروزەنگیان هەڵبژارد بۆ ئەوەی شۆڕشی كوردستان دەستبەرداری مافەكانی گەلەكەی بێت و، كاتێكیش زمانی ئاگر و ئاسن و زەبرو زەنگ لەبەردەم ئیرادەی گیانی شۆڕشگێڕیی خەڵكی كوردستان چۆكی دادا، ئەوا هەر ئەو رژێمە پەنای بۆ پیلانێكی نێودەوڵەتی برد بۆ ئەوەی نسكۆ بەسەر شۆڕشی كوردستاندا بهێنێت، بەڵام بە هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی گوڵان و دووبارە زیندووكردنەوەی گیانی شۆڕشگێڕیی خەڵكی كوردستان، جارێكی دیكە چەخماخەی شۆڕشی گوڵان بووەوە ئەو ئیرادە شۆڕشگێڕییەی ماركس ناوی لێناوە توندوتیژیی شۆڕشگێڕی بۆ وەڵامدانەوەی دەسەڵاتی شەڕانگێز و هەمەجی.
ئەوجا لەگەڵ ئەوەی شۆڕشی گوڵان بە هاوشێوەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، تەرجەمەكردنی فیكری مستەفا بارزانی بووە بۆ بەها و شكۆی ئازادیی خەڵكی كوردستان، بەڵام لە رووی سەردەم و كاراكتەری سەرەكیی لە مەیدان و سەنگەری پێشمەرگە جیاواز بوون، بەم شێوەیە:
1- لەسەردەمی شۆڕشی ئەیلوولدا، راستە بێجگە لە پارتی دیموكراتی كوردستان، حزبی دیكەش لە مەیدانی خەبات بوونیان هەبوو و، ئامانجێكی هاوبەش كە ئازادی و رزگاریی كوردستان بوو، هەموولایەكی لەیەك سەنگەردا پێكەوە كۆكردبووەوە، بەڵام لە شۆڕشی گوڵاندا فرەحزبیەكی ناسیستماتیك دروست بوو كە زۆر زەحمەت بوو لەسەر ئامانجی هاوبەش پێكەوە كۆببنەوە، بۆیە ئەركی خەبات و بەرخۆدانی زۆر زۆر قورس كردبوو.
2- لە شۆڕشی ئەیلوولدا مستەفا بارزانی بە كردەیی لەناو مەیدان و سەنگەری پێشمەرگەی كوردستان بوونی هەبوو، بەڵام لە شۆڕشی گوڵاندا ئەم ئەركە قورسە كەوتە سەرشانی سەرۆك مسعود بارزانی و ئیدریسی هەمیشە زیندوو، ئەم دوو سەركردە لاوە لەگەڵ ئەوەی پەروەردەی دەستی مستەفا بارزانی بوون، بەڵام بۆشایی پڕكردنەوەی كاریزمای مستەفا بارزانی كارێكی ئاسان نەبوو.
3- لە شۆڕشی ئەیلوولدا لێكترازان لەناو بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان دروست بوو، بەڵام شەرعییەتی شەڕی ناوخۆ، یان شەڕی براكوژی پێ نەدەدرا، لەبەر ئەوەی لێكترازانە دوو بەرەی دروست كرد، بەرەی شۆڕش و شاخ بەرامبەر بەرەی دوژمن و خۆفرۆشان، بەڵام لە شۆڕشی گوڵاندا لێكترازانی ناو بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان لە دیدی شۆڕشگێڕانەی خەڵكی كوردستاندا وەك كارەسات و شەڕی ناوخۆ و شەڕی براكوژی سەیر دەكرا و هەموو لایەنەكان وەك یەك بە قوربانی و جەلادەوە سەیر دەكران، ئەم حاڵەتەی ئیدارەدانی شۆڕش بارقورسییەكی زۆر گەورەی لەسەر شانی سەرۆك مسعود بارزانی و ئیدریسی هەمیشە زیندوو دروست كرد، بەڵام وێڕای ئەم بارودۆخە سەختەی خەبات و دڕندەیی رژێمی بەعس و سەدام، سەرەنجام ئیرادەی خێر سەركەوت و بە هیممەتی سەرۆك مسعود بارزانی و ئیدریسی هەمیشە زیندوو ئاشتەوایی هاتەئاراوە و بەردی بناخە بۆ بەرەی كوردستانی دانرا، بەڵام ئەوەی جێگەی داخ و كەسەرێكی گەورە بوو، ئەوە بوو ئیدریس بارزانی كە خۆی ئەندازیاری بەرەی كوردستانی بوو، بەر لە دامەزراندنی ئەو بەرەیە شەهید بوو، بەمەش هێندەی دیكە باری سەرشانی سەرۆك مسعود بارزانی قورستر بوو.
خستنە رووی ئاستەنگ و سەختییەكانی قۆناخی شۆڕشی گوڵان، لۆژیك و لێهاتوویی سەرۆك و رێبەرێك وەك مێژوو تۆمار دەكات كە ناوی مسعود بارزانی-یە، ئەم رێبەرە كە لەدوای ساڵی 1979وە ئەرك و بەرپرسیاریەتیی وەك سەرۆكی كەوتە سەرشان، بە هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ كاك ئیدریس بارزانی توانییان بەشێكی گەورە لە هەڵەكانی لێكترازانی ناو بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان راست بكەنەوە و هەموو لایەك بگەینەتە قەناعەت كە تەنیا رێگە بۆ گەیشتن بە ئامانجە پیرۆزەكەی شۆڕشی ئەیلوول یەكڕیزی و تەبایی هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستانە، بەڵام قۆناخە سەختەكەی رێبەرایەتیی مسعود بارزانی لەدوای وەفاتی ئیدریسی هەمیشە زیندووەوە دەست پێ دەكات، راستە لە دوای ساڵی 1987 ئاشتەوایی و تەبایی و یەكڕیزی لە نێوان لایەنە سیاسیەكان هاتبووە ئاراوە، بەڵام دڕندەیی هەمەجیەتی رژێمی دڕندەی بەعس و سەدام گەیشتە ئەوەی لە سەرانسەری كوردستان گازی كیمیایی بەكار بهێنێت، كە هەڵەبجە دیارترین قوربانیی چەكی كیماوییە، پاشانیش پرۆسەی بەدناوی ئەنفال هەر لە گەرمیانەوە تا زاخۆ دەستی پێكرد و، جارێكی دیكە غرووری و پارانۆیایی سەدام حسێن گەیشتە ئەوەی جاڕی نەمانی پێشمەرگە بدات، لەو بارە سەخت و نائومێدییەدا سەرۆك مسعود بارزانی جارێكی دیكە كۆیلەیەتی قبووڵ نەكرد و لەداستانی خواكورك بڕیاری بەرخۆدان و مقاوەمەتی دا و بە گیانی شۆڕشگێڕی توانی داستانێك تۆمار بكات، لووتی ئەو سوپایەی عێراق بشكێنێت، كە خۆی بە براوەی شەڕی هەشت ساڵەی عێراق- ئێران دەزانی، ئەم بڕیارەی سەرۆك مسعود بارزانی لەو رۆژە سەختانەدا جیا لەوەی دەنگ و سەدایەكی گەورەی لەسەر ئاستی میدیاكانی جیهان هەبوو، لەسەر ئاستی ناوخۆی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستانیش گوێبیستی ئەو قسەو شاهیدییانە دەبووین كە دەیانگوت، شۆڕش و مقاوەمەت تەنیا بە كوڕی مەلا مستەفا بارزانی دەكرێت.
چەمكی «گیانی شۆڕشگێڕی» لە بیركردنەوەی مسعود بارزانی-دا، هەمان مانای تێگەیشتنی جیفرسۆن-ـە كە دەیگوت: ئەگەر ئامانجی شۆڕش دامەزراندنی كۆمار بێت، یان سەردەمێكی تازە، ئەوا ئامانجی گیانی شۆڕشگێڕی تەنیا ئەوەندە نییە، بەڵكو ئامانجی ئەوەیە ئەو كۆمارە بەردەوام بێت و بە بەردەوامی وەك چوارچێوەیەك بۆ شكۆ و بەهای ئازادیی نەتەوە بمێنێتەوە.
لەم راستەوە ئەگەر سەرنج لە شێوازی رێبەرایەتیی مسعود بارزانی بدەین لە راپەڕینی بەهاری 1991ی خەڵكی كوردستان و وەك سەرۆكی بەرەی كوردستانی لەسەر ئاستی ناوخۆ، ئەوە دەبینین بەڵێ، راستە ئامانجی شۆڕش بە راپەڕینی خەڵكی كوردستان و ئازادكردنی شارەكانی كوردستانی عێراق تا راددەیەك هاتەدی و كاتی ئەوە بوو بیر لە دامەزراندنی كۆمارێك «دامەزراندنی دامەزراوەی دەوڵەتی» بكرێتەوە، سەرۆك مسعود بارزانی دامەزراندنی دامەزراوەی دەوڵەتی بە تێگەیشتنی بۆ گیانی شۆڕشگێڕی خەڵكی كوردستان مەرجدار كرد، بە دوو مەرج :
1- هەموو حزبەكانی بەرەی كوردستانی شەرعییەتی شۆڕشگێڕی بگێڕنەوە بۆ دەسەڵاتی خەڵكی كوردستان و دەبێت خەڵكی كوردستان لەمیانەی هەڵبژاردندا خۆی دەسەڵاتی خۆی پیادە بكات.
2- دەبێت لە كوردستان دەوڵەتی یاسا دابمەزرێت و یاسا حوكم بكات و یاسا لەسەرووی هەموو لایەك بێت.
ئەگەر لەم دووخاڵە ورد ببینەوە كە سەرۆك مسعود بارزانی، دامەزراندنی دامەزراوە دەوڵەتییەكانی كوردستانی پێ مەرجدار كردووە، ئەوكات تێدەگەین كە لە تیگەیشتنی ئەم سەرۆكە بۆ گیانی شۆڕشگێڕی ئەو لۆژیكە بوونی هەیە كە دەبێت هەرێمی كوردستان چوارچێوەیەك بێت بۆ بەردەوامی و پاراستنی شكۆ و ئازادیی خەڵكی كوردستان و، هەر ئاستەنگ و بەربەستێكیش ببێتە رێگر لەبەردەم بەردەوامی و مانەوەی ئەم قەوارەیە، ئەوا وەك لەشەڕی دژی داعش بینیمان، مسعود بارزانی هەر ئەو پێشمەرگەی ئایاری 1962وە بوو كە بڕنەوەكەی بە هاوتای ژیانی خۆی سەیر دەكرد و بە هەمان گیانی شۆڕشگێڕییەوە و بەتەمەنی 70ساڵی چووەوە سەنگەرەكانی پێشمەرگە و بە شێوەیەك سەركردایەتیی شەڕێكی جیهانی دژی تیرۆریستانی داعشی كرد، كە فرانسۆ هۆلان (سەرۆكی فەرەنسا)ی هێنایە هەولێر و سڵاوی بۆ ئاڵای كوردستان و سروودی ئەی رەقیب كرد.
لێرەوە كاتێك یادی هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی گوڵان دەكەینەوە، وەك درێژەپێدەری شۆڕشی ئەیلوول، هەڵوەستە لەسەر چەمكی شۆڕش دەكەین وەك ئەوەی كۆپەرنیكۆس لە كتێبی «شۆڕشی ئەستێرەكان لە ئاسمان» ئاماژەی پێ كردووە و دەڵێت: «كاتێك شۆڕش هەڵدەگیرسێت كە زەوی و ئاسمان بەیەك یاسا هەڵدەسووڕێن»، بەڵام پرسیار ئەوەیە چ كاتێك زەوی و ئاسمان بە یەك یاسا هەڵدەسووڕێن؟ هانا ئارندێت دەڵێت: «كاتێك نەتەوەكانی جیهان وەك ئەستێرەكانی ئاسمان بە ئازادی هەڵناسووڕێن و ئازادییان لێ زەوت دەكرێت، ئیرادەی پەنگخواردووی شۆڕشگێڕانەی نەتەوە دەگاتە ئەو ئاستەی بە یاساكانی ئاسمان هەڵبسووڕێت. ئەم حاڵەتەش كە لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا بە رێبەرایەتیی كاریزمای مستەفا بارزانی بە كردەیی بەرجەستە بوو، لە شۆڕشی گوڵاندا و لە سەردەمی رێبەرایەتیی مسعود بارزانی لە چەندین قۆناخی جیاوازی مێژووی كوردستاندا بەرجەستە بووەتەوە، لەمەش زیاتر شەونخوونی و خەباتی بەردەوامی ئەم رێبەرە بۆ ئەوەیە، قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان كە دەكرێت وەك ئامانجی شۆڕش بۆ دامەزراندنی كۆمار، ئامانجی بەدیهاتووی هەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان بێت، هەر دەبێت بەردەوام و پارێزراو بێت، بەڵام بە مەرجی ئەوەی كە چوارچێوەیەك بێت بۆ بەها و شكۆی ئازادیی خەڵكی كوردستان، ئەم ئامانجەشی لە بونیادنانەوەی كوردستانێكی بەهێزدا لە ئێستا بەرجەستە كردووەتەوە، ئەو كوردستانە بەهێزە كە دەتوانێت شكۆ و بەهای خەڵكی كوردستان بپارێزیت و گیانی لێبوردەیی و پێكەوە ژیان لەنێوان تەواوی نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كوردستاندا دروست بكات و بیپارێزێت.