پەرلەمانتارێكى كورد داواى ئاشكراكردنى پرۆتۆكۆلەكانى نێوان ئۆجەلان و دەوڵەت دەكا

پەرلەمانتارێكى كورد داواى ئاشكراكردنى پرۆتۆكۆلەكانى نێوان ئۆجەلان و دەوڵەت دەكا
ئایسەل توغڵوك پەرلەمانتەرى پارتى ئاشتى و دیموكراسى (بەدەپە) لە وان ڕاى گەیاند، دەوڵەتى توركیا ئاگەدار بووە لەو كارانەى پارێزەرانى عەبدوڵا ئۆجەلان (سەرۆكى بەندكراوى پارتى كرێكارانى كوردستان لە ئیمڕالى) پێی هەستاون كە ئێستە لە دۆزى كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) دادگەیی دەكرێن، هاوكات داواى ئاشكراكردنى پرۆتۆكۆلەكانى نێوان ئۆجەلان و دەوڵەتى كرد، وارگەى \"سی ئێن ئێن تورك\"" ئەمڕۆ سێشەم گواستییەوە.

بەگوێرەى سەرچاوەكە توغڵوك لە لێدوانێكدا ئاماژەى دا، ئەگەر پارێزەرانى ئۆجەلان دادگەیی دەكرێن پێویستە بەرپرسانى دەوڵەت و فەرمانبەرەكانى دەوروبەریشیان دادگەیی بكرێن، لەبەر ئەوەى دەوڵەت ئاگەدار بووە لەو كارانەى پارێزەرانى ئۆجەلان پێی هەستاون كە ئێستە لە دۆزى كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) دادگەیی دەكرێن، با ئەو پرۆتۆكۆلانە ئاشكرا بكرێن كە لە نێوان ئۆجەلان و دەوڵەتدا ئەنجام دراون.

زیاتر گوتى ئەو پارێزەرانە تەنیا لەبەر ئەوەى پارێزەرى ئۆجەلان بوونە ئەمڕو سزا دەدرێن. دەوڵەت ئاگەدار بووە لە هەر شتێك كە ئەنجامیان داوە، دۆزى كەجەكە ڕاستەوخۆ پێوەندى بەكێشەى كورد هەیە، بۆچى ناوەڕۆكى ئەو پڕۆتۆكۆلانە بۆ خەڵك ئاشكرا ناكەن كە لە نێوان ئۆجەلان و دەوڵەتدا ئەنجام دراون، بەگوێرەى هەمان سەرچاوە.

توغڵوك دووپاتى كردەوە شەڕ لەگەڵ كێ كرابێ دەبێ ئاشتی لەگەڵ ئەو بكرێ، دۆزى كەجەكە بەلاى ئێمەوە دۆزێكى ڕەوا نییە و ئۆجەلان لە چارەسەركردنى كێشەى كورددا ڕۆڵێكى سەرەكى هەیە. "
Top