سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان داوای پاراستنی موسڵمانانی میانمار دەكا

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان داوای پاراستنی موسڵمانانی میانمار دەكا
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لەناوبردن و پاكتاوكردنی موسڵمانانی میانمار بە وەحشیگەر وەسف دەكا و داوا دەكا لەسەر ئاستی ئیقلیمی و ناودەوڵەتی دەستوبرد بكرێ بۆ پاراستنیان.
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا رای دەگەیەنێ: بە داخ و ئەسەفێكی زۆرەوە ماوەیەكە ئەو هەواڵە جەرگبڕە دەبیستین و ڕۆژانەش ئەو دیمەنە دڵتەزێنانە دەبینین كە لە ئامراز و كەناڵەكانی‌ راگەیاندنی‌ جیهانی بڵاو دەكرێنەوە سەبارەت بەو هەڵمەتە وەحشیگەر و هەڕەمەكییانەی‌ لەلایەن بەشێك لە دانیشتوانی‌ وڵاتی میانمار گیراوەتەبەر بۆ لەناوبردن و پاكتاوكردنی پێكهاتەیەكی دیكەی‌ ئەو وڵاتە كە موسوڵمانن و رۆژانە بە دڕندانەترین شێوە قەڵاچۆ دەكرێن و مافی ژیانیان پێ رەوا نابینرێ‌.

لە بەشێكی تری بەیاننامەكەدا هاتووە: ئەگەرچی ئەو مەرگەساتەی‌ ئەمڕۆ روو دەدات لە یەكێك لە وڵاتانی باشووری‌ رۆژهەڵاتی ئاسیایە كە بە هەزاران میل لە وڵاتی‌ ئێمەوە دوورە، بەڵام ئەو دیمەنانە بۆ ئێمەی‌ گەلی كوردستان زۆر بەئازارە، چونكە ئێمە دەیان ساڵ مەینەتییەكانی‌ رەگەزپەرستی و جینۆسایدمان چەشتووە.

ئاماژەی بەوەش داوە: ئەو دیمەنانەی‌ ئەمڕۆ لە میانمار روو دەدەن هەموو كاتێك ئەگەری‌ دووبارەبوونەوەیان هەیە بەرامبەر پێكهاتەی‌ ئایینی‌ و نەتەوەیی دیكەی‌ جیاواز و لە كات و ساتی جیاواز و لە كۆمەڵگەی‌ دیكەی‌ جیاوازدا.

لە كوتای بەیاننامەكەدا هاتووە: ئێمە ئەو هەڵمەتە دڕندانەیە زۆر بە توندی ئیدانە و مەحكوم دەكەین و داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین لەسەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی‌ بە ئەركی خۆیان بەجێ‌بگەیەنن و دەستوبرد بكەن لە پێناو پاراستنی پێكهاتەی‌ موسوڵمان لە وڵاتی‌ میانمار و كۆتاییهێنان بەو هەڵمەتەی‌ لە بەرامبەریاندا پەیڕەو دەكرێ‌ بە مەبەستی‌ لە ناوبردنیان.





Top