گردبوونەوە جەماوەرییەكەى دوێنێى دیاربەكر ئاڵۆزى لێ كەوتەوە

گردبوونەوە جەماوەرییەكەى دوێنێى دیاربەكر ئاڵۆزى لێ كەوتەوە
وێڕاى بڕیارى قەدەغەكردنى گردبوونەوە جەماوەرییەكەى دیاربەكر لەلایەن پارێزگارى شارەكە، دوێنێ شەموو لە نێوان خۆپێشاندەران و پۆلیسدا ئاڵۆزى ڕووی دا و ژمارەیەكى زۆر لە خۆپێشاندەران هاتنە گرتن و بریندار بوون.
بەگوێرەى ئاژانسى ئەنادۆڵى توركى، ئێوارەى دوێنێ شەموو دواى ئەوەى هێزەكانى پۆلیس بەدرێژای ڕۆژ ڕێگەیان نەدا گردبوونەوە جەماوەرییەكە ساز بكرێ و بەئاو و غازى فرمێسك ڕێژ بڵاوەیان بەخەڵكەكە كرد و ژمارەیەكیشان گرتن، سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكى پارتى ئاشتى و دیموكراسى (بەدەپە) و ژمارەیەك پەرلەمەنتار و سەرۆكى شارەوانییەكانى سەر بە بەدەپە و لایەنگرانى ئەو پارتە دەستیان بەمانگرتن كرد.

سەڵاحەدین دەمیرتاش ڕاى گەیاند، ئەم مانگرتنە تا بەیانى (ئەمڕۆ یەكشەم) بەردەوام دەبێ و گوتى \"بڕیارى قەدەغەكردنى گردبوونەوە جەماوەرییەكە لەلایەن ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك وەزیرانى توركیاوە دراوە و لە بەیانییەوە تا ئێستە هەموو بەشداربووانى خۆپێشاندانەكە لە 7 ساڵییەوە تا 70 ساڵ لەسەر شەقامەكانى ئەم شارە لەلایەن پۆلیسەوە ئەشكەنجە دراون\""، بەگوێرەى هەمان سەرچاوە.

پتر گوتى \""وێڕاى ئەوەى ئەمڕۆ زیاتر لە 100 كەس بریندار بوونە و سەدان كەس هاتوونەتە گرتن، گەلەكەمان لەسەر شەقامەكان خۆڕاگرى پێشان داوە. بەمەبەستى پرۆتیستۆكردنى ئەم هەڵوێستە دژ بەگەلەكەمان، تا بەیانى (ئەمڕۆ یەكشەم) لە مانگرتن بەردەوام دەبین و سات 11:00 بەبەستنى كۆنگرەیەكى ڕۆژنامەوانى لە گۆڕەپانى ئیستاسیۆن لە دیاربەكر كۆتا بەمانگرتنەكەمان دەهێنین\"".










ئاكانیوز"
Top