گۆڕان: ساڵێكی دیكە ناخایەنێ سوپای عێراق پەلاماری كوردستان دەدات

گۆڕان: ساڵێكی دیكە ناخایەنێ سوپای عێراق پەلاماری كوردستان دەدات
حاكم شێخ لەتیف، ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، هەندێ لە رەفتارەكانی حكومەتی ئێستای عێراق بە رژێمی بەعس دەچوێنێ و پێشبینیی ئەوە دەكات ئەم حكومەتەی ئێستای عێراق هێرشبكاتە سەر كوردستان. هەروەها ئاشكرای دەكات كە هەندێ وردەكاری و شتی هەیە لەسەر مەسەلەی پەلاماردانی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی عێراقەوە، بەڵام دەڵێ \"ناتوانم بیڵێم\"".
هەرچەندە بزووتنەوەی گۆڕان ئیمزای لەسەر داواكاری سەندنەوەی متمانە لە نوری مالیكی نەكرد، بەڵام حاكم شێخ لەتیف، هۆشداریی دەدات كە پڕچەككردنی سوپای عێراق لەلایەن مالیكییەوە بۆ پەلاماردانی كوردستانە. ئەم پەرلەمانتارە كوردە لە لێدوانێكدا بۆ (رووداو) گوتی ئەوەی ئەو دەیڵێ تەنها خوێندنەوەو شیكردنەوە نییە و گوتی \""ئەم قسانە لە ئەنجامی هەندێ شت هاتووە، كە لە بەغدا خۆم بینیومە و بیستوومە. من نازانم چ رۆژێك حكومەتی عێراق لە رووی سەربازییەوە پەلاماری هەرێمی كوردستان دەدات، بەڵام رەنگە ساڵێكی دیكە نەخایەنێ\"".
ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان ، زانیاری زیاتری لەوبارەوە نەداو گوتی \""هەندێ شت هەن مەترسین و ناكرێ لە رێگەی رۆژنامەكان باسیان لێوەبكەم و ئەو مەترسییانەش بە بزووتنەوەكەی خۆم دەڵێم\"".
هەر لەوبارەوە حەسەن جیهاد، ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق بە (رووداو)ی راگەیاند لیژنەكەیان ئاگاداری ئەو گرێبەستە نهێنیانەی چەك نییە، كە حكومەتی مالیكی لەگەڵ كۆمپانیاكاندا ئیمزای دەكات و گوتی \""حكومەت ئێستا بەنیازە 36 فڕۆكەی جۆری F16 بكڕێ كە نرخی هەر یەكەیان 900 ملیۆن دۆلارە\""، سەبارەت بە توانای سەربازیی عێراقیش ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی گوتی \""سوپای عێراق ئێستا 500 هەزار سەربازی هەیە، كە سەرجەمیان لە ژێر فەرمانی نوری مالیكیدان\"". لەم سوپایەدا 70% شیعە، 25% سوننە و تەنیا 5%ی كوردە. لە فەرماندەی 21 فیرقەش كە لەلایەن نووری مالیكیەوە دانراون، تەنیا دووانیان كوردن.
مالیكی لە دیمانەكانی ئەم دواییەدا هەمیشە سەبارەت بە بەشداری كورد لە سوپای عێراقدا فەرماندەی گشتیی هێزی ئاسمانیی عێراقی بە نموونە دەهێنایەوە كە كوردە، بەڵام عەقید روكنێكی كورد ئاشكرای كرد بۆ ئەوەی كورد دەسەڵاتی بەسەر هێزە ئاسمانییەكانی عێراقدا نەمێنێ، مالیكی، پێش دوو مانگ، فەرمانی دەركرد دەسەڵاتی فڕۆكەی جەنگی لەژێر دەسەڵاتی فەریق روكن ئەنوەر محەممەد، فەرماندەی گشتی هێزە ئاسمانییەكانی عێراق، كە كوردە دەربهێنرێ و كەسێكی شیعەی سەر بە حیزبی دەعوەی داناوە.
سەبارەت بە توانای سەربازی عێراق بۆ پەلاماردانی هەرێمی كوردستان، ئەو ئەفسەرە كوردە وێڕای ئەوەی رایدەگەیێنێ كە هێزی پێشمەرگە لە زەوی تەخت توانای بەرەنگاربوونەوەی سوپای عێراقی نییە، گوتیشی \""هەر جوڵەیەكی سەربازی لە بەسراوە تاوەكو سەر سنووری هەرێمی كوردستان لەگەڵ عێراق، تەنیا پێویستی بە 25 رۆژە\""."
Top