فەرەنسا لە ھەولێر ڤیزا دەداتە ھاوڵاتیان

فەرەنسا لە ھەولێر ڤیزا دەداتە ھاوڵاتیان
لە دیدارێکی نێوان نێچیرڤان ئەحمەد سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و دونی گوێر باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق و فرێدریک تیسۆ کونسولی فەرەنسا لە ھەولێر چەند تەوەرێکی گرنگ گفتوگۆیان لەسەر کرا.




لە دیدارەکەدا سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژەی بە گرنگیی پەیوەندیی نێوان ھەرێمی کوردستان و فەرەنسا کرد و بە تایبەتیش تیشکی خستە سەر ڕۆڵی فەرەنسا لە پشتگیریی گەلی کوردستان لە سەرەتای ڕاپەڕینی ئازاری نەوەد و یەک و ھەوڵ و ڕۆڵی فەرەنسای لە دەرکردنی بڕیاری نێودەوڵەتیی ٦٨٨ و دانانی ناوچەی دژەفڕین و پاراستنی کوردستان لە ھێرشەکانی ڕژێمی ڕووخاوی سەددام بەرز نرخاند.

ھەروەھا سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ڕایگەیاند:‌ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگییەکی بەرچاو دەداتە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپا؛ بە تایبەتیش فەرەنسا و خوازیارە پەیوەندییەکانی لە ھەموو بوارەکاندا بەرەو پێشەوە بچن و لە ھەردوولاوە گرنگیی باشتریان پێ بدرێت، بۆیەشە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوپەڕی ئاسانکاری بۆ پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکان بە تایبەتی لە بوارەکانی ئابووری، بازرگانی، پەروەردەیی، کشتوکاڵی، گەشتوگوزاری و کەلتووریدا پێشکەش دەکات.

لای خۆیەوە باڵیۆزی فەرەنسا لە بەغدا خۆشحاڵی خۆی بە ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان فەرەنسا و ھەرێمی کوردستان نیشان دا و ئاماژەی بەوە کرد کە فەرەنسا دەخوازێ برەو بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ھەرێمی کوردستاندا بدات و ھانی کۆمپانیا فەرەنسییەکان دەدات بۆ ئەوەی بێن لە ھەرێمی کوردستان وەبەرھێنان بکەن و بە تایبەتیش گرنگی بەو بوارانە بدەن کە ھەرێم پێویستی پێیەتی، تا ڕۆڵ و بەشداریی باشتریان لە پرۆسەی گەشەسەندنی ھەرێمی کوردستاندا ھەبێت.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا و ھەر لە چوارچێوەی فراونکردنی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و فەرەنسا، باڵیۆزی فەرەنسا لە بەغدا ڕایگەیاند کە کونسلخانەی وڵاتەکەی لە ھەولێر ئێستا خەریکی ئامادەکارییە بۆ ئەوەی بتوانێ لە مانگی ئەیلوولی داھاتوودا ڕاستەوخۆ لە ھەولێر ڤیزا بداتە ھاووڵاتیان، ئەمەش ئاسانکارییەکی باش پێشکەش بەو کەسانە دەکات کە دەیانەوێ سەفەری فەرەنسا و وڵاتانی تری ئەورووپا بکەن.

لە کۆتایی دیدارەکەدا گرێبەستێک لە نێوان نێچیرڤان ئەحمەد سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و دونی گوێر باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق ئیمزا کرا کە بە پێی گرێبەستەکە و لە سەر فەرمانی ڕاستەوخۆی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بینایەک بۆ ئەنستیتوی کەلتووریی فەرەنسی لە ھەولێر دابین دەکرێت.
Top