لە جەلەولا، سەعدییە، قەرەتەپە و جەبارە، 25 داواكراو به‌ تۆمه‌تی تیرۆر دەستگیر کران

لە جەلەولا، سەعدییە، قەرەتەپە و جەبارە، 25 داواكراو به‌ تۆمه‌تی تیرۆر دەستگیر کران
لە هەڵمەتێكی هاوبەشی هێزەكانی ئاسایشی گەرمیان و سوپای عێراق و دژە تیرۆری عێراقی و نوسینگەی تاوانە گەورەكانی خانەقین، لە ناوچەكانی جەلەولا، سەعدییە، قەرەتەپە و جەبارە، 25 داواكراو دەستگیر كران كە لەنێویاندا پێنج تیرۆریستی گەورە هەیە.




سەرچاوەیەكی ئەمنی بەرپرس لە شارەدێی جەلەولا بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند: دوای ئەوەی بە لیستێك ناوی 42 كەس درایە نوسینگەی تاوانە گەورەكانی خانەقین كە بە پێی مادەی چواری تیرۆر لە لایەن دادگاوە داوكراون، لە هەڵمەتێكی هاوبەشی ئەو نوسینگەیە و هێزەكانی ئاسایشی گەرمیان و سوپای عێراق و دژە تیرۆری عێراقی، توانرا لە ناوچەكانی جەلەولا، سەعدییە، قەرەتەپە و جەبارە لە سنووری پارێزگای دیالە، 25 لەو داواكراوانە دەستگیر بكرێن.



سەرچاوەكە، گوتی: داواكراوەكان زۆربەیان لە لایەن هێزەكانی ئاسایشەوە دەستگیر كراون و لە نێویاندا پێنج تیرۆریستی گەورە هەیە لە سنوورەكەدا كە سەپەرشتی چەندین كردەی تیرۆریستییان كردووە.



هەروەها گوتی: دوو كەسی دیكەش لەو تیرۆریستانە پاسەوانی ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالەن لە سەر لیستی عێراقییە.



سەرجەم دەستگیركراوەكان راگیراون و لێكۆڵینەوەكان لە گەڵیاندا بەردەوامە و هاوكات هەڵمەتەكە بۆ دەستگیر كردنی داوكراوەكانی دیكەش بەردەوامی دەبێت.

Top