ده‌قى وته‌که‌ى سه‌رۆکى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له ڕێوڕه‌سمى ئیمزاکردنى پڕۆتۆکۆلێک له نێوان بانکى هه‌نارده‌ى چیکى و کۆمپانیایه‌کى که‌رتى تایبه‌تى هه‌رێمى کوردستان
به‌ڕێز باڵیۆزى کۆمارى چیک له عیراق،
به‌ڕێز سه‌رۆکى بانکى هه‌نارده‌ى کۆمارى چیک،
به‌ڕێز سه‌رۆکى کۆمپانیاى (کار)،
به‌ڕێزان له هه‌ردوو کۆمپانیاى (PSG) و کۆمپانیاى (ڕێنێسانس)ى تورکی
به‌ڕێزان وه‌زیر و پارێزگار و دیپلۆمات و پیاوانى کار و میدیاکاران و ئاماده‌بووانى هێژا..
ڕۆژتان باش، هه‌موو لایه‌ک به خێر بێن به سه‌ر چاو.
خۆشحاڵم ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ ئێوه‌ى به‌ڕێز؛ له ڕێوڕه‌سمى ئیمزاکردنى پڕۆتۆکۆلێک له نێوان بانکى هه‌نارده‌ى حکوومه‌تى چیک و کۆمپانیایه‌کى که‌رتى تایبه‌تى هه‌رێم بۆ گه‌شه‌پێدانى زیاترى که‌رتى ووزه له هه‌رێمى کوردستان، به‌شدار ده‌بم.
شه‌ره‌فمه‌ند بووم له ماوه‌ى کارکردنم وه‌ک سه‌رۆک وه‌زیران چ له کابینه‌کانى پێشووتر و چ ئێستاش، له زۆر بۆنه‌ى ئابووریى گرنگ و مێژوویی‌دا به‌شداریم کردووه، که جێگه‌ى بایه‌خ بوون و کاریگه‌ریى زۆریان له سه‌ر پێشکه‌وتنى کۆمه‌ڵگاکه‌مان؛ هه‌بووه. مایه‌ی خۆشحاڵیمانه که ئه‌مڕۆش له بۆنه‌یه‌کى تر‌ى مێژوویی و پڕۆژه‌یه‌کى نموونه‌ییدا بۆ یه‌که‌م جار له هه‌رێمى کوردستان له‌گه‌ڵتاندا به‌شدار ده‌بم.
ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ى که ئه‌مڕۆ لێره پلانى ڕاپه‌ڕاندنى بۆ داده‌نرێت و دواى ئیمزاکردن ده‌چێته قۆناغى جێبه‌جێکردنه‌وه، ته‌نها دامه‌زراندنى وێستگه‌یه‌کى کاره‌با نییه، به‌ڵکو سه‌ره‌تاى قۆناغێکى تازه‌یه بۆ به‌ده‌ستهێنانى پشتگیریی دارایى بیانی له پڕۆژه‌یه‌کى وه‌به‌رهێنان له هه‌رێمى کورستان.
ئه‌مڕۆ بۆ یه‌که‌م جار ڕێککه‌وتننامه‌یه‌کى گرنگ و ده‌توانم بڵێم مێژوویى له نێوان بانکێکى وه‌به‌رهێنانى حکوومیى بیانى و کۆمپانیاى که‌رتى تایبه‌تى (کار) وه‌ک کۆمپانیایه‌کى که‌رتى تایبه‌ت له هه‌رێمى کوردستان واژوو ده‌کرێت، که ئه‌مه‌ش ده‌سکه‌وتێکى گرنگه بۆ هه‌موومان. ئه‌م هه‌نگاوه هۆکارێکه و ده‌رگایه‌کى تازه به ڕووى سه‌رچاوه داراییه بیانییه‌کاندا ده‌کاته‌وه که پشتگیری له پڕۆژه‌کانى تر‌ى وه‌به‌رهێنان بکه‌ن له هه‌رێمى کوردستاندا.
له ماوه‌ى ڕابردوودا کاتێک یاساى وه‌به‌رهێنانمان له هه‌رێم ده‌رکرد، زۆر ده‌رفه‌تى جۆراوجۆرمان بۆ کۆمپانیاکانى که‌رتى تایبه‌ت له ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم ڕه‌خساند؛ تاکو له هه‌ڵمه‌تى ئاوه‌دانکردنه‌وه و بونیادنانى ژێرخانى ئابووریماندا؛ به‌شداریمان له‌گه‌ڵ بکه‌ن. ئه‌و پێشکه‌وتن و پهرهپێدانهى ئه‌مڕۆش له‌م هه‌رێمه ده‌یبینن؛ ده‌ره‌نجامى ئه‌و تێڕوانین و دووربینى و گهشبینیهى ئێمه‌یه که بۆ ئێستا و بۆ ئاینده‌ى هه‌رێمى کوردستان، هه‌مانه.
هیوادارین ئه‌م هه‌نگاوه‌ى بانکى هه‌نارده‌ى چیکى؛ ببێته هانده‌ر و بڕوایه‌کى زیاتر بۆ بانک و دامه‌زراوه داراییه‌کانى تر‌ى دونیا؛ تا ئه‌وانیش بتوانن له به‌شداری و ئه‌نجامدانى پڕۆژه‌ى گرنگ و کاریگه‌ر له هه‌رێمى کوردستاندا؛ ڕۆڵیان هه‌بێت.
به پێویستى ده‌زانم له‌م ڕۆژه مێژووییه‌دا به ناوى گه‌لى کوردستان و حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستانه‌وه؛ سوپاسى بانکى هه‌نارده‌ى چیکى بکه‌م بۆ ئه‌و ده‌سپێشخه‌رییه گه‌وره‌یه‌یان و هه‌نگاوی بوێریان؛ له پشتگیریی له‌م پڕۆژه ستراتیژیه له هه‌رێمى کوردستاندا.
له کاتێکدا له هه‌وڵه‌کانمان به‌رده‌وامین بۆ به‌ده‌ستهێنانى پێشکه‌وتنى زیاتر و به‌رده‌وامبوونى سه‌قامگیرى، هاوکات هه‌نگاوه‌کانمان بۆ په‌ره‌پێدانى که‌رتى کاره‌با که شاده‌مارى ژیانى سه‌رده‌میانه‌یه؛ به‌رده‌وام ده‌بن تا ئه‌و کاته‌ى ته‌واوى پێداویستیه‌کان له‌م بواره‌دا بۆ هاوڵاتیانى ئازیزى کوردستان دابین ده‌که‌ین.
له کابینه‌کانى پێشووى حکوومه‌ت؛ دابینکردنى ئاو و کاره‌با یه‌کێک بوو له به‌رنامه هه‌ره له‌پێشینه‌کانمان. له‌م بواره‌شدا به‌ره‌وپێشچوونى زۆرمان به ده‌ست هێنا؛ که ئێستا هاوڵاتیانى هه‌رێمى کوردستان لێى سوودمه‌ندن. بۆ نموونه: ئه‌و کات بڕه کاره‌باى هه‌رێمى کوردستان بریتى بوو له 200 میگاوات، ئه‌ویش به به‌رهه‌مى ناوخۆ و کاره‌باى نیشتمانى و ئه‌و بڕه کارهبایهى که له تورکیاوه ده‌هات، به‌ڵام ئێستا ته‌نها به‌رهه‌مى ناوخۆیى کاره‌باى هه‌رێمى کوردستان ده‌گاته دوو هه‌زار و په‌نجا میگاوات. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ساڵى ڕابردوو بۆ چاره‌سه‌رکردنى قه‌یرانى که‌میى کاره‌با، ده‌ستمان به یارمه‌تیدانى پارێزگاى که‌رکووک کرد و ئێستاش بۆ هه‌مان مه‌به‌ست هاوکاریى پارێزگا و شارى مووسڵیش ده‌که‌ین.
بێگومان ئه‌و بڕه کاره‌بایه هه‌روا به ئاسانى به ده‌ست نه‌هاتووه، به‌ڵکو که‌رتى تایبه‌ت ڕۆڵى سه‌ره‌کى تێدا بینیوه و حکوومه‌تى هه‌رێمیش پشتگیری کردووه له دابینکردنى پێداویستیه‌کان و سووته‌مه‌نى و کڕینه‌وه‌ى به‌رهه‌مه‌که به نرخێکى زۆر و فرۆشتنه‌وه‌ى به نرخێکى هه‌رزان به هاوڵاتیانى هه‌رێم.
به به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵانى ڕابردوو؛ که‌رتى کاره‌با له هه‌رێمی کوردستان پێشکه‌وتنى به‌رچاوى به خۆیه‌وه بینیوه، به‌ڵام هێشتا خواست و داواکارى ڕوو له زیادبوونه و ئێمه‌ش به‌رده‌وام ده‌بین له دابینکردنى زیاترى خزمه‌تگوزاریه‌کان و هه‌وڵى جددى ده‌ده‌ین بۆ زیاترکردنى تواناى به‌رهه‌مهێنانى کاره‌با و نوێکردنه‌وه‌ى تۆڕه‌کانى کاره‌با که له‌گه‌ڵ خواست و پێداویستیه‌کاندا بگونجێت.
کردنه‌وه‌ى پاڵاوگه‌ى هه‌ولێر که پرۆژه‌یه‌کى پڕ بایه‌خى که‌رتى تایبه‌تى کۆمپانیاى (کار) بوو؛ سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر که‌وته کار، ئه‌مڕۆ به‌رهه‌مه‌که‌ى له بازاڕه‌کانى هه‌رێمدایه و ده‌توانێ به‌شێکى زۆرى پێداویستیه‌کانى ناوخۆ پڕ بکاته‌وه. ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ى که ئه‌مڕۆش ئه‌نجام ده‌درێت؛ مۆدێلێکى نوێ یه؛ که که‌رتى تایبه‌ت تێیدا پێشه‌نگه و حکوومه‌تیش له ڕووى سیاسى و مه‌عنه‌وییه‌وه پشتگیری‌یان ده‌کات.
ئه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ ده‌یبینین نموونه‌یه‌کى پڕ به‌خششى به‌رهه‌مهێنه له هاوبه‌شیکردنى نێوان حکوومه‌ت و که‌رتى تایبه‌ت. کۆمپانیاى (کار) له هه‌رێمى کوردستان، کۆمپانیاى (PSG)ی چیکى و کۆمپانیاى (رێنێسانس)ى تورکى، له بوارى کاره‌کانیاندا خاوه‌ن ئه‌زموون و شاره‌زایى زۆرن و ده‌بنه هۆکارێک بۆ پێشخستنى هه‌رێم و ڕه‌خساندنی ده‌رفه‌تى کار.
لێره‌دا به پێویستى ده‌زانم دیسان سوپاسى بانکى هه‌نارده‌ى چیکى و هه‌ردوو کۆمپانیاکه بکه‌م بۆ به‌شداربوونیان له جێبه‌جێکردنى ئه‌م پڕۆژه‌یه. هه‌روه‌ها ده‌مه‌وێ سوپاسى براى به‌ڕێز (شێخ باز که‌ریم) و هاوکارانى له کۆمپانیاى (کار) بکه‌م؛ که دووباره سه‌لماندیانه‌وه که‌رتى تایبه‌ت له هه‌رێمی کوردستان ده‌توانێ ڕۆڵێکى سه‌ره‌کى ببینێ له په‌ره‌پێدانى پڕۆژه‌ى ستراتیژى.
سوپاس و پیرۆزبایى خۆم ئاراسته‌ى هه‌موو ئه‌و به‌ڕێزانه ده‌که‌م که له‌م پڕۆژه‌یه‌دا به‌شدارن. سوپاسى تایبه‌تى وه‌زیرى سامانه سروشتییه‌کانى هه‌رێم و وه‌زیرى کاره‌باى هه‌رێم ده‌که‌م بۆ پشتگیری‌یان له‌م پرۆژه‌یه. ئێوه ده‌زانن؛ خه‌ڵکى هه‌رێمى کوردستان خۆشحاڵن به‌و پڕۆژانه‌ى ئه‌نجامیان ده‌ده‌ن، که ئه‌مه‌ش یارمه‌تیده‌ره بۆ ئه‌نجامدانى پڕۆژه‌ى گه‌وره‌تر له هه‌رێمى کوردستان؛ له‌پێناو کۆمه‌ڵگایه‌کى پێشکه‌وتوو و گه‌شه‌سه‌ندوو.
دووباره هه‌موو لایه‌کتان به خێر بێن به سه‌ر چاو، هه‌ر شاد و سه‌رکه‌وتوو بن و زۆر سوپاس.