یەكگرتوو وتارەكەی (نێچیرڤان بارزانی) بە ئەرێنی و هەنگاوێكی گونجاو دەزانێت

 یەكگرتوو وتارەكەی (نێچیرڤان بارزانی) بە ئەرێنی و هەنگاوێكی گونجاو دەزانێت
پەیامەكەی جێگری سەرۆكی پارتیی دیموكراتی كوردستان و كاندیدی پارتەكەی بۆ پێكهینانی كابینەی 7ـەمی حكوومەتی هەرێم (نێچیرڤان بارزانی) بۆ یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان، بزەیەكی تەواوی خستە سەر ڕووخساری پێوەندیی سیاسیی نێوان ئەو دوو پارتە كە مێژووی كاركردنی هاوبەشیان لە دوو كابینەی حكوومەتدا هەیە.

یەكگرتوو بەو پەیامەی (نێچیرڤان بارزانی) گەشبینە و شەقامی كوردییش چاوەڕێ وەڵامی یەكگرتوویە. ئەندام و گوتەبێژی مەكتەبی سیاسیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان (سەڵاحەددین بابەكر) وتارەكە بە ئەرێنی و هەنگاوێكی گونجاو دەزانێت.

ئەو بە ڕۆژنامەی \"هەولێر\"" دەڵێ: \""ئێمە لە یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان، وتارەكەی بەڕێزیان بە ئیجابی هەڵدەسەنگێنین و بە هەنگاوێكی گونجاویش بە ئاڕاستەی چارەكردنی كێشەكان دەزانین.\"" (سەڵاحەددین بابەكر) هیوایشی خواست كە پەیامەكە هەنگاوی \""كردەیی\"" بە دواوەدا بێت.

(نێچیرڤان بارزانی) كە تا ئێستایش لە لایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی)ـیەوە بۆ پێكهێنانی كابینەی 7ـەم ڕانەسپێردراوە، لە پەیامەكەیدا ئامادەیی پارتەكەی بۆ بەرەوپێشبردنی پێوەندیی دۆستانە و هاوپەیمانییان لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستاندا، دەربڕیوە.

ئەو پەیامە كە دوێنێ لە ڕۆژنامەی \""هەولێر\""ـدا بڵاو بوویەوە، تەنیا ئاڕاستەی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان نەكرا و لایەنگر و ئەندامانی پارتیی دیموكراتی كوردستانیشی لێ بێبەری نەبوو.

(نێچیرڤان بارزانی) لەگەڵ ئاماژەدان بە بەشداربوونی یەكگرتوو لە كابینەكانی چوارەم و پێنجەمی حكوومەتەكەیدا، دەڵێ: \""داوا لە ئەندامانی پارتی و یەكگرتوو دەكەم كە ئەو وێستگە هاوبەشانەی نێوانمان لە بیر نەكەن.\""

لەگەڵ ئەوەیشدا كە یەكگرتوو پەیامەكە بە \""ئەرێنی\"" هەڵدەسەنگێنێت، بەڵام دواڕستەی (سەڵاحەددین بابەكر) بە لای سیاسەتمەداری كورد (مەحموود عوسمان)ـەوە جێگەی \""نیگەرانی\""ـیە.

(مەحموود عوسمان) دەڵێ: \""كەواتە هیچ بەرەوپێشچوونێك بە دی ناكرێت، ئەو جۆرە هەڵوێستانە زۆر زیان لە كورد دەدەن.\"" گوتەبێژەكەی مەكتەبی سیاسیی یەكگرتوو لە دواڕستەدا داوای هەنگاوی \""كردەیی\"" دەكات.

پەرلەمانتار (مەحموود عوسمان) كە ئێستا بۆ پشوودان هاتووەتەوە شاری هەولێر، دەڵێ: \""كورد هیچ دەستكەوتێكی نییە. نیوەی خاكی هەرێم نەگەڕاوەتەوە و كێشەكانیشمان لەگەڵ بەغدادا هەر بەردەوامن. ئێستا كاتی یەكڕیزی و یەكگرتنە. هەر كاتێك كیانێكی خۆمان هەبوو، ئەوا با ئەو كات كەس لەگەڵ كەس دانەنیشێت.\""

ئەو هەروەكوو هەڵوێستی پێشووی خۆی، هانی هەر دوو پارت دەدات كە بە یەكەوە دابنیشن و گۆڕانكارییە ناوچەییەكانیش لە بەرچاو بگرن.




-سایتی هه‌ولێر"
Top