نوێنه‌رانی هه‌موو کوردانی سوو‌ریا له هەولێر کۆ ده‌بنه‌وه
ماموستای زانکۆ دکتۆر (کاوه ئازیز)، که خۆی خه‌ڵکی کوردستانی سووریایه، به رادیۆی په‌یامنێری گوت: کۆنفرانسی تاراوگه‌نشینانی کوردی سوو‌ریا بۆ یه‌که‌م جار رۆژی سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتوو بۆ ماوه‌ی دوو ڕۆژ له پایته‌ختی هه‌رێمی کوردستان ده‌ست به کارەکانی ده‌کات.
ئه‌م کۆنفرانسه به به‌شداریی کوردانی تاراوگه‌نشینی سوو‌ریا له 25 وڵات به مه‌به‌ستی خۆرێکخستنی خه‌باتی کوردان له‌و پارچه‌یه‌ی کوردستان و هه‌روەها چۆنییه‌تیی به‌رده‌وامبوون له ناو ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانیی سوو‌ریا دا به‌ڕێوه ده‌چێت.
(کاوه ئازیز) ده‌ڵێت، ئه‌ندامانی ئه‌م کۆنفرانسه له‌گه‌ڵ کوردی ناوخۆی وڵات‌دا به‌شێکی گرینگی ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانیی سووریایان پێک هێناوه و ئه‌م کۆنفڕانسه ده‌بێته سه‌ره‌تای چالاکییه‌کی هه‌ره‌گرینگی له‌م شێوه‌یەیە.
ئه‌م چالاکوانه سیاسییه‌ی رۆژئاوای کوردستان، له سێ بواره‌وه کۆنفرانسه‌که به گرینگ ده‌زانێت و ده‌ڵێت: \"یه‌که‌م هۆی گرینگیی کۆنفرانسه‌که ئه‌وه‌یه هه‌موو چالاکانی کوردستانی سوو‌ریا به حزبه‌کان و که‌سایه‌تییه سیاسییه‌کانه‌وه تێیدا به‌شدار ده‌بن. دووه‌می گرینگایه‌تیی ئه‌وه‌یه، له پایته‌ختی هه‌رێمی کوردستاندا به‌ڕێوه ده‌چێت که ئه‌وه گرینگییه‌کی تایبه‌تی پێ ده‌دات. گرینگایه‌تیی سێیه‌می ئه‌وه‌یه هه‌موو ئه‌و ده‌زگا راگه‌یه‌ندنانه‌ی له هه‌رێمی کوردستاندا چالاکن ئه‌م رووداوه گرنگه ده‌گوازنه‌وه.\"""