كوژران و برینداربوونی 2 كەس و رفاندنی دوو هاووڵاتی لە رووداوگەلێكدا لە كەركووك

كوژران و برینداربوونی 2 كەس و رفاندنی دوو هاووڵاتی لە رووداوگەلێكدا لە كەركووك
چەند سەرچاوەیەك لە پۆلیسی پارێزگەی كەركووك رایان گەیاند، ئەفسەرێكی لێكۆڵینەوەی نیشتمانی لە پەلامارێكی چەكداریدا لەناو ماڵەكەی خۆی لە باشووری رۆئاوای كەركووك بریندار بوو و هاووڵاتییەكیش هاتە كوشتن، لە دوو رووداوی تریشدا دوو هاووڵاتی لە رۆهەڵاتی كەركووك رفێنران.

سەرحەد قادر، بەڕێوەبەری پۆلیسی شارۆكە و شارەدێیەكانی كەركووك ئەمڕۆ شەموو بە ئاژانسى كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ى راگەیاند، شەوی رابردوو چەند چەكدارێكی نەناس لە گەڕەكی راپەڕین \"قادسەی\""ی شارۆكەی حەویجە هەڵیانكوتایە سەر ماڵى ئەفسەرێكی لێكۆڵینەوەی نیشتمانی بە پلەی نەقیب، لە ئەنجامدا ئەفسەرەكە بەناوی \""عومەر غەزبان\"" بە سەختی بریندار بوو و هاووڵاتییەكیش لە ماڵەكەیدا كوژرا.

سەرچاوەكە وردەكاریی زیاتری باس نەكرد، تەنیا گوتی \""لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە بەردەوامە\"".

لەلایەكی ترەوە، دوێنێ هەینی چەند چەكدارێكی نەناس كە جلی سەربازییان لەبەردا بوو، لە دوو رووداوی جیادا 2 هاووڵاتییان لە رۆهەڵاتی شاری كەركووك رفاند.

سەرچاوەیەكی پۆلیس كە نەیویست ناوی ئاشكرای بكرێ بە(ئاكانیوز)ی راگەیاند، شەوی رابردوو چەند چەكدارێكی نەناس كە جلی سەربازیان لەبەردا بوو، هاووڵاتییەكیان لە گەڕەكی نەسڕی رۆهەڵاتی كەركووك بەرەو شوێنێكی نادیار رفاند.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەش دا كە لە رووداوێكی تردا چەند چەكدارێكی نەناس هاووڵاتییەكی تریان لە گەڕەكی عەسكەریی رۆهەڵاتی كەركووك رفاند.

سەرچاوەكە وردەكاریی زیاتری نەدا.
"
Top