بزووتنەوەى ئیسلامى مەرجی هەیە

بزووتنەوەى ئیسلامى مەرجی هەیە
گۆتیارى بزووتنەوەى ئیسلامى ئەمڕۆ شەموو ئاشكرای كرد مەبدەئییەن لەگەڵ كشانەوەى حكوومەتدا نین، بەڵام بۆ بەشداریكردنیشیان لە كابینەى حەوتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان مەرجى خۆیان دەبێت.

شوان قەڵادزەیى، لە لێدوانێكدا بە ئاژانسى كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ى راگەیاند، ئێمە لە كابینەى شەشەم بەشدار بووین و ئێستەش وەك شوراى ناوەندیى بزووتنەوەى ئیسلامى هیچ بڕیارێكمان نەداوە بۆ كشانەوە لەو كابینە نوێیەى كە بڕیارە بە سەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانى پێك بهێنرێت.

زیاتر گوتى، تا ئێستە لەلایەن سەرۆكى داهاتووى حكوومەتى هەرێمەوە هیچ گفتوگۆ و داواكارییەكى بەشداریكردنمان بەڕەسمى لە كابینەى حەوتەم لەگەڵ نەكراوە، بۆیە بەدڵنیایییەوە ئێمە پێش بەشداریكردنمان داواكارى و مەرجى خۆمان دەبێت و راستەوخۆ و بىَ گفتوگۆ نابێت.

\"هەموو ئەو مەرج و داواكارییانەش دەبێت بزووتنەوە دیاریان بكات و لە كاتى گفتوگۆكردن بۆ دووبارە بەشداریكردنمان، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانى باس بكرێن\"" قەڵادزەیى وای گوت.

بزووتنەوەى ئیسلامى لە هەڵبژاردنەكانى ساڵى 2009 توانیان دوو كورسى پەرلەمان بهێنن و وەزارەتێكیشیان پێ درا.

لە چەندرۆژى داهاتوودا بڕیارە پڕۆسەى ئاڵوگۆڕكردنى سەرۆكایەتیى ئەنجومەنى وەزیران دەست پێ بكات و نێیچیرڤان بارزانى بكرێتە سەرۆكى حكوومەتى هەرێم، لەو رووەشەوە تاوەكو ئێستە هەرسێ لایەنەكەى ئۆپۆزسیۆن (گۆڕان، یەكگرتوو، كۆمەڵ) بەڕەسمى بەشدارى نەكردنى خۆیان لەو كابینەیەدا راگەیاندووە."
Top