كۆمەڵى ئیسلامى: بەشداریكردنمان لە حكوومەت بەندە بە بەشداریكردنی ئۆپۆزسیۆن

كۆمەڵى ئیسلامى: بەشداریكردنمان لە حكوومەت بەندە بە بەشداریكردنی ئۆپۆزسیۆن
دوای ئەوەى هەریەك لە بزووتنەوەی گۆڕان و یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان بەشداری لە حكوومەتی داهاتوویان بەپاش دایەوە، كۆمەڵی ئیسلامیى كوردستانیش بەشداریی لە كابینەی حەوتەمی حكوومەتی هەرێمدا بە پاش دەداتەوە.

لە دوو لێدوانی جیادا هەریەك لە شاهۆ سەعید گۆتیاری بزووتنەوەی گۆڕان و سەڵاحەدین بابەكر گۆتیاری یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان رایان گەیاند بەشداری لە كابینەی حەوتەمی حكوومەتی هەرێمدا ناكەن كە بڕیارە بەم زووانە پێك بهێنرێ.

لای خۆیەوە محەمەد حەكیم گۆتیاری كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان كە بەشێكە لە لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن بە ئاژانسى كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی ڕاگەیاند \"ئەوەی باس دەكرێ كە كۆمەڵی ئیسلامی بەشداری لە كابینەی حەوتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكا تەنیا قسەیە، چونكە تا ئێستە پارتی دیموكراتی كوردستان بەشێوەیەكی رەسمى ئێمەی ئاگادار نەكردووەتەوە كە بەشداری لە كابینەی حەوتەم دەكەین یان نا\"".

زیاتر گوتى \""بەشداریكردنی كۆمەڵی ئیسلامی لە حكوومەتى هەرێم بەندە بە بەشداریكردنی لایەنەكانی تری ئۆپۆزسیۆن لە حكوومەت و تا ئێستە نە بە تەلەفۆن نە بەشێوەیەكى رەسمی لەلایەن لایەنەكانی پارتی و یەكێتییەوە ئاگادار نەكراوینەتەوە بۆ بەشداریكردن لە حكوومەت\"".

بەپێی ڕێككەوتننامەی ستراتیجیی نێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان ساڵ جارێك ئاڵوگۆڕی پۆستەكانی سەرۆكی حكوومەت و پەرلەمان دەكرێت و دوای ئەوەی لە 2 ساڵی ڕابردوودا پۆستی سەرۆكی حكوومەت بەدەست یەكێتییەوە بوو، ئێستا بەپێی ڕێككەوتننامەكە سەرۆكایەتیی حكوومەت دەدرێتەوە بە پارتی و دوێنێ لە كۆبوونەوەی هەردوو مەكتەبى سیاسی یەكێتی و پارتی بەڕەسمى بڕیاردرا نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بێتە راسپاردن بۆ پێكهێنانی كابینەی حەوتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.
"
Top