بەبێ گەڕانەوەی مام جەلال لە بەغدا، یەكێتی پۆستەكانی خۆی لە حكومەتی نوێی هەرێم یەكلایی ناكاتەوە

بەبێ گەڕانەوەی مام جەلال لە بەغدا، یەكێتی پۆستەكانی خۆی لە حكومەتی نوێی هەرێم یەكلایی ناكاتەوە
سەرچاوەیەك رای گەیاند، مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی مەكتەبی سیاسیی نێوان یەكێتی و پارتی، نێچیرڤان بارزانی وەك پاڵاوكی پارتی بۆ پۆستی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم ناساند، گۆتیاری مەكتەبی سیاسیی یەكێتیش ئاماژە بەوە دەكا كە بە گەڕانەوەی تاڵەبانی بەشێوەیەكی رەسمی كاندیدەكانی خۆمان دیاری دەكەین.

ئازاد جوندیانی گۆتیاری مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەم بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پاڵاوكی پارتی بۆ پۆستی سەرۆكی حكوومەت كە نێچیرڤان بارزانی بوو بە هەردوو مەكتەبی سیاسیی ناساند.

زیاتر گوتی، سەرۆكی هەرێم سوپاسگوزاریی خۆی ئاراستەی سەرۆك و جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێم كرد لە بەرامبەر راپەڕاندنی كارەكانیان لە كابینەی 6ی حكوومەتی هەرێم، سەرۆكی حكوومەتیش سوپاسگوزار بوون بەوەی هەریەك لە تاڵەبانی و بارزانی پشتیوانی كابینەكەیان بوون لە ماوەی رابردوودا.

\"پارتی پاڵاوكی حزبەكەی بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمان دەستنیشان نەكردووە، ئێمەش وەك یەكێتی لە چاوەڕوانی گەڕانەوەی جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتیی یەكێتین لە دەرەوە و بەگەڕانەوەی پاڵاوكەكانی ئەو پۆستانەی بەر یەكێتی دەكەون دیاری دەكەین\"" جوندیانی گوتی.

لەبارەی پاڵاوتنی ئەرسەلان بایز بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانیش، گوتی \""وەكو بڕیاری كۆتایی بڕیاری لەسەر نەدراوە، بەڵام وەك پێشتر قسەمان لەسەر كردووە جێگری سەرۆكی پەرلەمان دەبێتە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، بە گەڕانەوەی تاڵەبانی بە شێوەیەكی رەسمی كاندیدەكانی خۆمان دەستنیشان دەكەین\"".

جوندیانی ئەوەشی ئاشكرا كرد، لە ماوەی 10 تا 12 رۆژی تر تەواوی پاڵاوكەكانمان بۆ ئەو پۆستانەی بەرمان دەكەوێ دەستنیشان دەكەین، هاوكات لە هەمان ماوەش هەوڵ دەدەین پاڵاوكی خۆمان بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان دیاری بكەین\"".

سەبارەت بەوەی تەنیا ئاڵوگۆڕ لە پۆستی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و حكوومەت دەكرێ، یان تەواوی كابینەی 6 گۆڕانكاریی تێیدا ئەنجام دەدرێ، گۆتیاری مەكتەبی سیاسیی یەكێتی گوتی \""كاندیدی پۆستی سەرۆكایەتیی حكوومەت خۆی بە پێی بنەوانە دەستوورییەكان كارەكان ئەنجام دەدا\"".

هەروەها گوتی \""هەر لە كۆبوونەوەكەدا تیشك خراوەتە سەر دۆخی ئێستەی عێراق و رۆڵی كورد و ئەو مەترسییانەی لەسەر كوردن و گرینگی یەكڕیزیی كورد بۆ راپەڕاندنی ئەو ئەركانەی لە بەغدا دەكەوێتە ئەستۆمان\"".

ئەمڕۆ لە شارۆكەی پیرمام، بەسەرپەرشتیی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و كۆسرەت رەسول عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، كۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەڕێوە چوو.

بەپێی ئەو رێككەوتنە ستراتیجییەی لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئیمزا كراوە، دوو ساڵ جارێك پۆستی سەرۆكایەتیی حكوومەت لە دەست یەكێكیاندا دەبێ، ئەو رێككەوتنە كە لە كابینەی پێنجەمی حكوومەتەوە كاری پێ دەكرێ، سەرەتا پارتی دوو ساڵ سەرۆكایەتیی حكوومەتی وەرگرت، دواتر یەكێتی رازی بوو پارتی دوو ساڵی تر حكوومەتی بەدەستەوە بێ و چوار ساڵ تەواو بكا."
Top