هەر سێ لایەنى ئۆپۆزسیۆن بەشداریی كۆبوونەوەكەی سەرۆكی هەرێم دەكەن

هەر سێ لایەنى ئۆپۆزسیۆن بەشداریی كۆبوونەوەكەی سەرۆكی هەرێم دەكەن
هەر سێ لایەنى ئۆپۆزسیۆنى هەرێمى كوردستان (بزووتنەوەى گۆڕان، یەكگرتووى ئیسلامى و كۆمەڵى ئیسلامى) ئەمڕۆ سێشەم ئاشكرایان كرد بەشداریی كۆبوونەوەی سبەینێى مەسعوود بارزانى سەرۆكی هەرێمى كوردستان لەگەڵ پەرلەمانتار و بەرپرسانى كورد لە بەغدا دەكەن.

محەمەد فەرەج ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان ڕای گەیاند \"یەكگرتووی ئیسلامی بە رەسمی لەلایەن سەرۆكایەتیی هەرێمەوە داوەت كراوە بۆ ئەو كۆبوونەوەیە، سبەى بارستەى یەكگرتوو لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەشداریی كۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆكی هەرێم دەكا\"".

عەبدولستار مەجید ئەندامی مەكتەبی سیاسیی كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان بە (ئاكانیوز)ی ڕاگەیاند، ئەندامانى كۆمەڵى ئیسلامى لە ئەنجوومەنى نوێنەران بەشداری كۆبوونەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەن.

لای خۆیه‌وه‌ محه‌مه‌د كیانی ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق له‌ لیستی گۆڕان به‌ (ئاكانیوزی)ی راگه‌یاند كه‌ ئه‌وانیش به‌شداریی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی نێوان سه‌رۆكی هه‌ریچم و به‌رپرس و په‌رله‌مانتارانی كورد له‌ به‌غدا ده‌كه‌ن.

وەك سەرچاوە ئاگەدارەكان باسیان كردووە، بڕیارە سبەى بارزانى لەگەڵ فراكسیۆنە كوردییەكانى پەرلەمانى عێراق و بەرپرسانى كورد لە حكوومەتى عێراق كۆ ببێتەوە و باس لە بارودۆخى ئەمڕۆى عێراق و رۆڵ و ئەركى كورد بكەن.

لە ناوەڕاستى ساڵى 2010 بارستە براوە كوردییەكانى هەڵبژاردنە پەرەلمانییەكەى عێراق (هاوپەیمانیى كوردستان، گۆڕان، یەكگرتوو و كۆمەڵ) تەبایى بارستە كوردستانییەكانیان پێك هێنا كە 57 كورسی لە پەرلەمانى عێراقدا هەیە، بەڵام دواتر بزووتنەوەى گۆڕان /8 كورسی/ لەو بارستەیە كشایەوە. "
Top