سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان(13) یەمین ساڵیادی دامەزراندنی سەتەلایتی كوردستان پیرۆزده‌كات

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان(13) یەمین ساڵیادی دامەزراندنی سەتەلایتی كوردستان پیرۆزده‌كات
بە بۆنەی (13) یەمین ساڵیادی دامەزراندنی كوردستان تیڤی ، بەرێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بروسكه‌یه‌كى پیرۆزبایی ئاراسته‌ى بەرێوەبەر و تەواوی ستافی سەتەلایتی كوردستان كرد ، ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تى:

بە ناوی خوای مەزن و دلۆڤان

بەرێزان بەرێوەبەر و تەواوی ستافی سەتەلایتی كوردستان

سڵاوورێز
بە بۆنەی (13) یەمین ساڵیادی دامەزراندنی سەتەلایتی كوردستانی خۆشەویست، بە پێویستی دەزانم كە گەرمترین پیرۆزباییتان ئاراستە بكەم و دەستخۆشیتان لێبكەم بۆ ماندووبوون و شەو نخونیتان لە پێناو بەردەوامی و گەشەپێدانی كەناڵە ئازیزەكەتان كە بەراستی یەكێكە لە دەستكەوتە بە نرخ و شانازییە دیارەكانی رەوتی میدیای كوردی پاش راپەڕینە مەزنەكەی خەڵكی كوردستان .

دیارە سەتەلایتی كوردستان جگە لەو شانازییەی كە نەك هەر یەكەمین سەتەلایت بووە لە كوردستان بەڵكو لە عیراقیشدا، بە بەخششە جۆرەكیەكەی توانیویەتی كاروانی میدیای كوردستانی بەرەو ئاسۆیەكی گەشتر ئاراستە بكات بە بەرگریكردن لە دامودەزگا شەرعیەكانی هەرێم و بەدەنگەوە چوونی خواست و ئامانجە رەواكانی هەموو پێكهاتە و چین و توێژە جیاجیاكانی كوردستان بە بێ جیاوازی و قوڵكردنەوەی گیانی پێكەوە ژیان و لێبوردەیی نێوانیان و بونیاتنانی كۆمەڵگەیەكی مەدەنی دروست و رێكخستنەوەی ناو ماڵی كوردستانی كە بەردی بناغەی پەرەپێدان و پاراستنی دەستكەتە گەورەكانی گەلەكەمانە .

دووبارە پیرۆزبایی خۆم بە هەموو لایەكتان رادەگەیەنم و ئومێدی سەركەوتن و بەرەوپێشەوەچوونی زیاترتان بۆ دەخوازم لە بایەخدانی زیاتر بە هەستی نەتەوایەتی و خۆشەویستی كوردستان، بە تایبەتی لەم دۆخە سەخت و ئاڵۆزەدا.
هەر شاد و سەربەرز و سەكەوتوو بن


مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان

16/1/2012
Top