به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ بۆ (الشرق الاوسط): نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی داهاتووی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌

به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ بۆ (الشرق الاوسط): نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی داهاتووی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌
پرسی گۆرینه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌مێكه‌ بۆته‌ بابه‌تێكی گه‌رمی رۆژانه‌ی میدیای كوردستانی و تا ڕاده‌یه‌ك میدیای عه‌ره‌بی و هه‌رێمی. هه‌روه‌ها ئه‌م پرسه‌ له‌سه‌ر زاری به‌رپرسانی هه‌ر دوو پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان به‌ راشكاوی و به‌بێ هه‌بوونی هیچ گرفت و كێشه‌یه‌ك باسكراوه‌ كه‌ به‌ پێی ئه‌و رێكه‌وتنه‌ ستراتیژیه‌ی له‌ نێوان هه‌ر دوو پارتی سیاسی دا ئه‌و ئالۆگۆره‌ ده‌كرێت.

رۆژنامه‌ی شه‌رقولئه‌وسه‌ت له‌ راپۆرته‌ هه‌واڵێكدا رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ دكتور به‌رهه‌م سالح سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ چه‌ند بۆنه‌یه‌كدا و به‌تایبه‌تی له‌م چه‌ند رۆژه‌ی رابڕدوو، داوای كردووه‌ كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان په‌له‌ بكات بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و رایگه‌یاندووه‌ كه‌ دواكه‌وتنی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كوردستاندا نییه‌ و به‌تایبه‌ت پرسی بودجه‌ی هه‌رێم له‌ لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستان له‌م نزیكانه‌ گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كرێت.

هه‌روه‌ها شه‌رقولئه‌وسه‌ت ده‌ڵێت : سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی ده‌بێته‌ سه‌رۆكی داهاتووی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.

فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌ی شه‌رقولئه‌وسه‌ت له‌ له‌نده‌نی پایته‌ختی به‌ریتانیا دوێنێ دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌: نێچیرڤان بارزانی له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم وه‌رده‌گرێت و حكومه‌تێكی نوێ پێك ده‌هێنێت و هه‌ندێك له‌ وه‌زیرانی ئێستای حكومه‌تی هه‌رێم له‌ خۆ ده‌گرێت و شێوه‌ی كابینه‌كه‌ش په‌یوه‌ست ده‌بێت به‌ به‌رنامه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی داهاتوو.
Top