یاریدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا دەگاتە هەولێر

یاریدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا دەگاتە هەولێر
سەرچاوەیەك لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، ئەمڕۆ یەكشەم یاریدەرى وەزیرى دەرەوەى ئەمەریكا بەسەردانێك دەگاتە هەولێر و لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكوومەت كۆ دەبێتەوە.

ئەو سەرچاوەیە كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێ بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ ویلیام بێرنز یاریدەرى وەزیرى دەرەوەى ئەمەریكا دەگاتە هەولێر دوای ئەوەی بەسەردانێكی رەسمی گەیشتە عێراق.

سارچاوەكە زیاتر گوتی، یاریدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لەگەڵ هەریەك لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و گەورە بەرپرسانی سیاسیی هەرێمی كوردستان كۆ دەبێتەوە.

دوێنێ شەموو لە شاری بەغدا، شاندێكی باڵای ئەمەریكا بەسەرۆكایەتیی ولیەم بێرنز یاریدەرى وەزیرى دەرەوەى ئەمەریكا، لەگەڵ هەریەك لە جەلال تاڵەبانی سەركۆماری عێراق و نووری مالیكی سەرۆك وەزیران كۆ بووەتەوە و تاوتوێی دواین گۆڕانكارییەكانی گۆڕەپانی سیاسییەكان كردووە.

شاندی ئەمەریكا جگە لە بێرنز، لە جەنەڕاڵ جیمس ماتیس فەرماندەی سەركردایەتیی ناوەندی و جیمس جیفری باڵوێزی ئەمەریكا لە عێراق پێك هاتبوو.

سەردانی ئەو شاندە لە كاتێكدایە عێراق بە تەنگژەیەكی سیاسیدا تێپەڕ دەبێ، كە هەندێ لە سیاسەتوانانی عێراق بە مەترسیدارترین تەنگژەیان داناوە لە 8 ساڵی رابردوودا، ئەویش بەهۆی ناكۆكیی نێوان هەردوو لیستی دەوڵەتی یاسای نووری مالیكی و عێراقییەی ئەیاد عەلاوی.
Top