سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان پێشوازی له‌دكتۆر سه‌میر جه‌ع جه‌ع سه‌رۆكی پارتی هێزه‌كانی لوبنانی و شاندێكی باڵای یاوه‌ری كرد

سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان پێشوازی له‌دكتۆر سه‌میر جه‌ع جه‌ع سه‌رۆكی پارتی هێزه‌كانی لوبنانی و شاندێكی باڵای یاوه‌ری كرد
ئه‌مرۆ شه‌ممه‌ 14/1/2012، دكتۆر كه‌مال كه‌ركوكی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان له‌نووسینگه‌ی خۆی له‌ ته‌لاری په‌رله‌مان، پێشوازی له‌ به‌رێز دكتۆر سه‌میر جه‌ع جه‌ع سه‌رۆكی پارتی هێزه‌كانی لوبنانی و شاندێكی باڵای یاوه‌ری كرد كه‌ له‌به‌رێزان دكتۆر تۆنی كه‌ره‌م وه‌زیری پێشووی لوبنان و ئه‌ندامی ده‌سته‌ی كارگێری پارتی هێزه‌كانی لوبنانی و ماجد ئه‌بی له‌مع ئه‌ندامی ده‌سته‌ی كارگێری پارتی هێزه‌كانی لوبنانی و به‌یار بوعاصی به‌رپرسی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌و وه‌هبه‌ قعلیشیا راوێژكاری سه‌رۆكی پارتی هێزه‌كانی لوبنانی پێكهاتبوون.

له‌دیدارێكدا كه‌ به‌رێز هێمن هه‌ورامی به‌رپرسی مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندیه‌ گشتیه‌كان و ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماده‌یبوو.

دكتۆر كه‌مال كه‌ركوكی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان خۆشحاڵی خۆیانی به‌دیداری دكتۆر سه‌میر جه‌ع جه‌ع و شاندی یاوه‌ری ده‌ربڕی و هیوای خواست رۆژ به‌ رۆژ په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و كۆماری لوبنان له‌هه‌موو ئاسته‌كان دا په‌ره‌بسێنێ‌ به‌تایبه‌تیش كه‌ هه‌ردوو گه‌لی كوردستان و لوبنانی زۆر رووداوی هاوبه‌شیی مێژوویی و كاره‌ساتی هاوشێوه‌ به‌ یه‌كتریان ده‌به‌ستێته‌وه‌.

له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه‌ دكتۆر سه‌میر جه‌ع جه‌ع سه‌رۆكی پارتی هێزه‌كانی لوبنانی سوپاسگوزاری خۆیانی بۆ ئه‌م پێشوازیه‌ گه‌رمه‌ ده‌ربڕی و پشتیوانی خۆی بۆ ووته‌كانی سه‌رۆكی په‌رله‌مان دووپاتكرده‌وه‌ له‌پێناو پته‌وكردنی په‌یوه‌ندیه‌كانی هه‌ردوولا له‌ هه‌موو ئاسته‌كان دا.

پاشان هه‌ردوولا له‌باره‌ی ره‌وشیی سیاسیی عیراق و ووڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست و به‌هاری عه‌ره‌بی و كاریگه‌ریه‌كانی به‌سه‌ر ره‌وشی سیاسی له‌ناوچه‌كه‌ و په‌ره‌پێدانی پرۆسه‌ی دیموكراسیی بیرورایان ئاڵوگۆڕ كرد و سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان وێرای پێشكه‌شكردنی پوخته‌یه‌ك له‌باره‌ی پێكهاته‌ ئاینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان له‌باره‌ی ره‌وشیی عیراقیش رایگه‌یاند بۆ ده‌ربازبوون له‌م ته‌نگژه‌یه‌ پێویسته‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان پابه‌ندی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عیراقی فیدرال بن كه‌ یه‌كپارچه‌یی خاك و گه‌ل و سه‌روه‌ریی عیراق ده‌پارێزێ‌ و پێمان باشه‌ له‌ ته‌ك هه‌رێمی كوردستانی فیدراڵ به‌پێی پێگه‌ی جوگرافی هه‌رێمه‌ فیدراڵیه‌كان دابمه‌زرێ‌ و سه‌نتراڵێكی نۆرماڵ له‌به‌غدا هه‌بێت بۆئه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌ك بتوانن خزمه‌تی عیراقی نوێ‌ بكه‌ن.

له‌كۆتایی دیداره‌كه‌شدا سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ئاڕمی په‌رله‌مانی كوردستان و دیاریه‌كی پێشكه‌شی دكتۆر سه‌میر جه‌ع جه‌ع كرد ئه‌ویش له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ دیاری پێشكه‌شی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان كرد.
Top