لە كۆی 2 هەزار و 278 داواكراو تەنیا 239ـیان دەستگیر كراون

لە كۆی 2 هەزار و 278 داواكراو تەنیا 239ـیان دەستگیر كراون
لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا كە دوێنی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەرێم لە هەولێر بە ڕێوە چوو، هەریەك لە بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێم (عەبدوڵڵا خەیلانی) و ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە (جەبار یاوەر) دەستگیركردنی 239 داواكراویان لە كۆی 2 هەزار و 278 داواكراو لە هەرێمی كوردستاندا ئاشكرا كرد.

بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێم، ئاماژەی بە دامەزراندنی ژووری ئۆپەراسیۆنی باڵا دا كە لە 9 ژووری كردەكان لە هەولێر، سلێمانی، دهۆك، ئاكرێ، زاخۆ، سۆران، گەرمیان، ڕاپەڕین و چەمچەماڵ پێك دێت و كۆی ئەو كەسانەیش كە لە لایەن دادگەكانی هەرێمی كوردستانەوە داوا كراون، ژمارەیان دەگاتە 2 هەزار و 278 كەس.

گوتیشی: “لە كۆی ئەو ژمارەیە، 239 كەس لە ماوەی مانگێكدا دەستگیر كراون، 264 دۆسییە داخراون، هەروەها هەزار و 633 فەرمانی دەستگیركردنیش بۆ داواكراوەكان ماوە.”

هەروەها ڕوونیشی كردەوە: “100 تۆمەتبار كە لە لایەن دادگەكانی كوردستانەوە داوا كراون، لە دەرەوەی هەرێم و پارێزگاكانی دیكەی عێراقن، جگە لەوەیش 42 كەسیش لەو داواكراوانە لە دەرەوەی عێراقن.” گوتیشی كە سندووقێكی سكاڵا بۆ ئەو هاووڵاتیانە تەرخان كراوە كە ڕەخنە و تێبینییان لەسەر ئیشوكارەكانی ئەو ژوورانەی ئۆپەراسیۆنەكان هەیە.

لە بارەی ڕووداوە نەخوازراوەكەی چەمچەماڵیشەوە كە كەسێكی داواكراو بە هۆی ڕووبەڕووبوونەوەی بە تفەنگ لەگەڵ پۆلیسدا چەند ڕۆژێك لەمەوبەر گیانی لە دەست دا، گوتی: “ڕووداوێكی ناخۆش بوو.”

ئەو هەروەها گوتیشی كە ئەو ژوورە كە لە 21/11/2010ـدا دامەزراوە، توانیویەتی لە ماوەی مانگێكدا 239 كەس دەستگیر بكات كە بەو پێیە بەسەر ناوچەكانی كوردستاندا دابەش بوون: لە هەولێر 40 كەس دەستگیر كراون، لە سلێمانی 33 كەس، دهۆك 23، گەرمیان 1، سۆران 38، چەمچەماڵ 6، ڕاپەڕین 56، زاخۆ 12، ئاكرێیش 30 كەس.

لە بارەی دابەشبوونی سەرجەم داواكراوەكانیشەوە، گوتی كە بەم شێوەیەیە: هەولێر 436، سلێمانی 749، دهۆك 254، گەرمیان 90، سۆران 115، چەمچەماڵ 260 ڕاپەڕین 229، ئاكرێ 99 و زاخۆیش 46 كەس.

سەبارەت بە تۆمەتبارانی دەرەوەی هەرێم، (جەبار یاوەر) ئاماژەی دا: “داوا لەو پارێزگایانە دەكەین كە تۆمەتبارانیان تێدایە، ڕادەستیان بكەنەوە، یان لە ڕێگەی وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە ئەوە دەكەین.” لە بارەی داواكراوەكانی دەرەوەی عێراقیشەوە، ڕوونی كردەوە: “لە ڕێگەی پۆلیسی ئینتەرپوڵەوە داوایان دەكەین.”

(یاوەر) لە پرسیارێكی ڕۆژنامەی “هەولێر”ـدا لە بارەی ئاستی دەستگیركردنەكانەوە گوتی: “كێشەی وا هەیە هیی 10 ساڵ لەمەوبەرە و بە ماوەیەكی قیاسی توانیومانە ئەو داواكراوانە بگرین، ئیشێكی باشیشمان كردووە و پێی ڕازین.” گوتیشی كە تا سەرجەم داواكراوەكان دەستگیر دەكەن، لە هەوڵەكانیان بەردەوام دەبن.
Top