بایكۆتكردنەكەمان لە پێناو پۆستدا نییە

بایكۆتكردنەكەمان لە پێناو پۆستدا نییە
عێراق بە تەواوی هەنگاوی بۆ قۆناغی “تۆمەتبار”ـكردن ناوە. هاوكات لەگەڵ تۆمەتباركردنی شیعەكان بە قۆرخكردنی دەستەڵات لە لایەن سووننەكانەوە، كوردیش بەشێكی ناو پێكهاتەی لیستی عێراقییە بەوە تۆمەتبار دەكات كە بە شێوەیەكی ڕاستەقینە لە دەستەڵاتدا بەشدارییان پێی ناكات. هەر بەو هۆیەیشەوە نزیكەی 3 ساڵ كورد بایكۆتی دەستەڵاتی ئیداریی پارێزگای مووسڵی كردووە.

سێ ملیۆن كەس لە پارێزگای مووسڵ نیشتەجێیە. 30 یەكەی ئیداریی هەیە و لەو ڕێژەیە 18ـیان زۆرینەی كورد و مەسیحین. دوای ئەوەی لە دوای هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2009ـدا حەدبا هەموو پۆستەكانی بەسەر خۆیدا دابەش كرد و لیستی برایەتیی نەینەوای بێبەش كرد، ئیتر ئەو بایكۆتە لە لایەن لیستی برایەتیی نەینەواوە ڕاگەیەندرا.

ئەو قەزا و ناحیانەیش كە دەنگیان بە لیستی برایەتی و عەشتاری مەسیحی دابوو، هەموویان لەگەڵ ئەو ئەندامانە یەكیان گرت و بایكۆتەكەیان ڕاگەیاند و تا ئێستایش هەر بەردەوامە.
ئێستاكە پارێزگای نەینەوا دابەش كراوە و بە پێی قسەی بەرپرسانی كوردی ناوچەكە، حكوومەتی مووسڵ هیچ دەستەڵاتێكی لەو 18 یەكە ئیدارییەدا نییە و ئەوانیش پابەندی فەرمان و ڕێنماییەكانی پارێزگاری مووسڵ نەبوونە.

ڕێككەوتنی نێوان لیستی برایەتیی نەینەوا و حەدبا، مەرجی كوردە بۆ كۆتاییهێنان بەو بایكۆتە. ئەمە هەموو پێوەستە بە ماددەی 140ـەوە و هەر كاتێك ئەو ماددەیە جێبەجێ كرا، ئەوا ئۆتۆماتیكییەن چارەنووسی ئەو 18 یەكە ئیدارییەیش دیاری دەكرێت.

پێدانی پۆستی جێگری پارێزگای مووسڵ یەك لە داخوازییەكانی كورد بووە و پارێزگاری مووسڵیش (ئەسل نوجێفی) دەڵێ: “6 مانگە ئەو پۆستە بۆ كورد چۆڵ كراوە.” ئەو لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا ئاماژەی بەو قسەیە دا.

لە بەرانبەردا بەرپرسانی لیستی برایەتیی نەینەوا، پێدانی ئەو پۆستە بە داواكاریی خۆیان نازانن.

بە پێی قسەكانی سەرۆكی ئەو لیستە (خەسرۆ گۆران) ئەو پۆستەی پارێزگاری مووسڵ (ئەسیل نوجێفی) باسی لێوە كردووە، پۆستی جێگری دووەمی پارێزگاری مووسڵە و چەند مانگێك لەمەوبەر ئەو كەسەی پۆستەكەی بە دەستەوە بووە، بە ویستی خۆی وازی لێ هێناوە.

(خەسرۆ گۆران) دەڵێ: “ئێمە لەبەر پۆست بایكۆتەكەمان ڕانەگەیاندووە، بەڵكوو دەمانەوێ لەو پارێزگایەدا شەریكی ڕاستەقینەی دەستەڵات بین. ئەمە پۆستی دووەمی جێگری پارێزگارە كە زیاتر كاروبارەكانی ناو بینای پارێزگا بەڕێوە دەبات و چەند مانگێك لەمەوبەر خاوەنی پۆستەكە بە ویستی خۆی وازی لێ هێناوە.”

لیستی برایەتیی نەینەوا داوای پۆستی جێگری یەكەمی پارێزگار و سەرۆكی ئەنجوومەن دەكات.

بەهەرێمبوونی مووسڵ
سەرەڕای مانەوەی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان لیستی برایەتیی نەینەوا و لیستی حەدبا، میدیاكان باس لە ئەگەر و دەنگۆی داواكاریی پارێزگای نەینەوا بۆ بەهەرێمبوون دەكەن.

ئەمە دوای داواكەی پارێزگاكانی سەڵاحەددین و ئەنبارە كە بە هۆیەوە شیعەكان هەڵوێستیان نواند و تۆمەتی تێوەگلان لە كاری تیرۆریستییان خستە پاڵ جێگری سەرۆككۆماری عێراق (تاریق هاشمی)ـیەوە و دواجار عێراقی تووشی تەنگژەیەكی سیاسی كرد.

بە هۆی ئەوەی كە لە كۆی 30 یەكەی ئیداریی مووسڵ 18ـیان لە ژێر دەستەڵاتی كورددایە، (خەسرۆ گۆران) ئەگەری ڕاگەیاناندنی ئەو بەهەرێمبوونە بە دوور دەزانێت.

ئەو دەڵێ: “لەبەر ئەو هۆكارە نەبووایە مووسڵ یەكەم پارێزگا بوو كە بەهەرێمبوونی خۆی ڕادەگەیاند.”

(گۆران) كە ئەندامی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستانە، نایشارێتەوە ئەگەر بەهەرێمبوونەكە ڕابگەیەندرێت، ئەوا كوردیش “هەڵوێست”ـی خۆی دەبێت.
Top