لادانی بابەكر زێباری هێڵی سووره

لادانی بابەكر زێباری هێڵی سووره
سەركردایەتیی سیاسیی كورد، ڕایدەگەیەنێت كە لادانی سەرۆكی ئەركانی سوپای عێراق (بابەكر زێباری) بە بێ ئاگاداركردنەوەیان، بە لای ئەوانەوە بەزاندنی هێڵی سوورە.

ڕاوێژكاری سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ كاروباری هەرێمی كوردستان (عادل بەرواری) بە ڕۆژنامەی “هەولێر”ـی گوت: “لادانی سەرۆكی ئەركانی سوپای عێراق بە لای كوردەوە هێڵی سوورە.

دەبێ سەرۆكی هەرێم لەو بڕیارە ئاگادار بكرێتەوە و ئەگەر ئەو ڕەزامەندیی لەسەر دا، ئەوا بەغدا با گۆڕانكارییەكانی خۆی بكات.”

(بەرواری) پێی وا بوو ئەگەر سەرۆكی هەرێم لەو كارە ئاگادار نەكرێتەوە، ئەوا “مانایەكی دیكەی” هەیە.

سەرچاوەكانی هەواڵ ئەمڕۆ هەواڵێكیان گواستەوە كە تێیدا باسیان لە “هەڵمەتی گۆڕانكاری” لە بەرپرسانی باڵای وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ و ژووری كردە سەربازییەكانی بەغدا دەكرد.

بە پێی زانیاریی ئەو سەرچاوانە، گۆڕانكارییەكان هەر یەك لە سەرۆكی ئەركانی سوپای عێراق (بابەكر زێباری) سەرۆكی كردە سەربازییەكانی بەغدا (ئەحمەد هاشم) و سەركردەی ژووری ڕەسافە (عەبدولكەریم عەزی) و هەندێ لە پۆستە لاوەكییەكان دەگرێتەوە.
Top