لە هەولێر دژى رووداوەكەى شرناخ ئیمزا دێتە كۆكردنەوە

لە هەولێر دژى رووداوەكەى شرناخ ئیمزا دێتە كۆكردنەوە
بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ شەموو لە دژی هێرشەكەى سوپای توركیا بۆ سەر گوندێك لە كوردستانی توركیا كە گیان لە دەستدانی دەیان هاووڵاتیی سڤیلی لێ كەوتەوە، لە هەولێر ئیمزای ناڕەزایەتی بۆ سەركۆنەكردنی كۆ بكرێتەوە و گفتوگۆیەكی كراوە بێتە كردن.

سەلاح مەزن بەرپرسى بزووتنەوەى گۆڕان لە هەولێر بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، دواى نیوەرۆى ئەمرۆ سات 15:00 بەكاتی ناوەخۆ لە هوتێل هەولێر پلازا لەبارەى كۆمەڵكوژییەكەى ناوچەى شرناخ گفتوگۆیەكى كراوە بەئامادەبوونى كەسایەتى، مامۆستاى زانكۆ و رۆشنبیران ئەنجام دەدەین.

ئاماژەی كرد، دواى ئەو گفتوگۆیە، هەڵمەتێكى كۆكردنەوەى ئیمزا دژى ئەم كۆمەڵكوژییە ئەنجام دەدەین كە ماوەیەك بەردەوام دەبێ تا لەو رێگەوە سەركۆنەی هێرشەكە بكەین.

پێنجشەمی رابردوو، لە ئەنجامی بۆردمانی باڵەفڕە شەڕوانەكانی توركیا لە هەردوو گوندی رۆبوسكی و بێژەی سەر بە شارۆكەی قەلابان لە شاری شرناخ /1174 كم باشووری رۆهەڵاتی ئەنقەرە/، نێزیكەى 40 كەسی ئەو گوندانە كە كاری كۆڵبەریان دەكرد گیانیان لە دەست دا.

ئەو رووداوە ناڕەزایەتیی جەماوەری لە ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان و دەرەوەى وڵات لێ كەوتەوە، بۆ ئەو مەبەستە لە ناوەخۆی هەرێم كەمپینی یەك ملیۆن ئیمزا بۆ سەركۆنەی هێرشەكان هاتە راگەیاندن و چەندان خۆپێشاندان بۆ سەركۆنەكردنی بەڕێوە چوون.

لە دوێنێ هەینییەوە تا ئێستە لە دەڤەری گەرمیان 40 هەزار ئیمزا بۆ ئەو مەبەستە هاتووەتە كۆكردنەوە.
Top