یەكگرتووى ئیسلامى: راپۆرتی لیژنەكەی رووداوەكانی بادینان راستی نەپێكاوە

یەكگرتووى ئیسلامى: راپۆرتی لیژنەكەی رووداوەكانی بادینان راستی نەپێكاوە
بەرپرسی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان رای گەیاند، حزبەكەى پارێزەرانی راسپاردووە بۆ ئەوەی سكاڵا لە دژی ئەو كەس و لایەنانە تۆمار بكەن كە دەستیان هەبووە لە هێرشكردنەسەر و سووتاندنی بارەگاكانی یەكگرتوو، رەتیشى كردەوە سووتاندنی بارەگاكانیان بە هۆی كاردانەوە بووبێ، وەك لە راپۆرتى لێژنەى لێكۆڵینەوەى سەرۆكى هەرێم لەبارەى ئەو رووداوانە ئاماژەى پێ درا.

محەمەد رەئووف ئەمڕۆ سێشەم بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز) ی راگەیاند \"لە دوا راگەیاندنی مەكتەبی سیاسیی یەكگرتووی ئیسلامی ئاماژەمان بۆ ئەوە كردووە كە ئەو لێژنەیەی لێكۆڵینەوەی لە بارەی رووداوەكانی ناوچەی بادینان كردووە دادپەروەرانە نەبووە\"".

روونی كردەوە \""پەنا بۆ یاسا دەبەین و لە رێگەی دادگەوە كێشەی هێرشكردنەسەر و سووتاندنی بارەگەكانی یەكگرتوو لە ناوچەی بادینان یەكلا دەكەینەوە\"".

زیاتر گوتی \""سووتانی بارەگەكانی یەكگرتوو پێویستی بە لێكۆڵینەوە نییە، چونكە ئەو كەسانەی كە هێرشیان كردووە و بارەگەكانیان سووتاندووە كەسی ناسراون و ناو و وێنەیان لای ئێمە و هێزەكانی ئاسایش هەیە، بۆیە پێویستی بە ئەنجامدانی رێوشوێن هەیە لە بەرامبەر ئەو كەسانە نەك لێكۆڵینەوە\"".

ئاماژەی بەوەش دا \""ئەگەر سووتاندنی بارەگەكانی یەكگرتوو بە هۆی كاردانەوە بووایە، دەبوایە خاوەنی ئەو دووكانانەی سووتێندران هێرشیان بكرادایەتە سەر بە بارەگاكانی یەكگرتوو كە ژمارەیان 3 تا 4 هەزار كەس دەبوو، نەك 30 – 40 كەسی تر\"".

لای خۆیەوە محەمەد هاودیانی ئەندامی تیمی پارێزەرانی یەكگرتووی ئیسلامی بۆ (ئاكانیوز) رای گەیاند \""تیمی پارێزەرانی یەكگرتوو لە ئێستەدا هەموو رێوشوێنە پێویستە یاساییەكانی گرتووەتەبەر بە مەبەستی تۆماركردنی سكاڵا لەدژى ئەوانەى بارەگاكانی یەكگرتوویان لە ناوچەی بادینان سووتاند\"".

هەروەها گوتی \""ئێستە لە سەروبەندی تۆماركردنی سكاڵاداین\"".

لە 2ى ئەم مانگەدا دواى وتارێكى وتاربێژى مزگەوتێك دەیان كەس هەڵیانكوتایە سەر دوكانەكانى مەى فرۆشتن و مەساجخانەكان و ئاگریان لە دەیانیان بەر دا، دواى چەند سەعاتێك لەو رووداوەیش ژمارەیەك لە بارەگاكانى یەكگرتووى ئیسلامیى كوردستان لەلایەن دەیان هێرشبەرەوە لەو ناوچەیە ئاگریان تێ بەردرا، كە یەكگرتووى ئیسلامى لایەنگرانى پارتى دیموكراتى بە ئەنجامدانى ئەو هێرشانە تۆمەتبار كرد و ئەوەى دووەمیش تۆمەتەكەى رەت كردەوە.

ررۆژى دواى ئەوە مەسعوود بارزانى سەرۆكى هەرێمى كوردستان لێژنەیەكى بۆ لێكۆڵینەوە لەو رووداوانە پێك هێنا، كە دواى 25 رۆژ لە بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەى رووداوەكە، پێرێ یەكشەم راپۆرتى خۆى ئاشكرا كرد.

راپۆرتەكە ئاماژەى بەوەى \""هاندان هەبووە، لە لایەن هه‌ندێک له سایت و كەنالی راگەیاندن و هەندێك لە که‌سانی سه‌ر به یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەو ناوچەیە\""، \"" كەمتەرخەمی ئیداری و ئەمنی لەو ناوچانە هەبووە بۆ كۆنترۆلكردنی بارودۆخەكە\""، سووتاندنى بارەگاكانى یەكگرتووكاردانەوەى ئەو رووداوانە بووە، هاوكات \""كەمتەرخەمیی بەرچاو دەبینرێ لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ كۆنترۆل نەكردنی لایەنگرانیان لە هێرش كردنە سەر بارەگاكانی یەكگرتوو\"".

جەختیش دەكا لەوەى \""پێویستە بریاری كۆتا لەلایەن دادگەوە بێت و یاسا سەروەر بێ و دەستبەجێ چارەنووسی سەرجەم گیراوەكان یەكلا بكرێتەوە\"".

دوێنێ دووشەمیش مەكتەبی سیاسیی یەكگرتوو لە بەیاننامەیەكدا رەخنەى لە راپۆرتى لێژنەكە گرت كە یەكگرتوو بە هاندان تۆمەتبار دەكا لەكاتێكدا -به‌پێی به‌یاننامه‌كه‌- ئەوە تۆمەتێكى یاساییە و پێویستى بە بەڵگە هەیە و ناكرێ گوتاری رەخنەیی ئۆپۆزسیۆن بە هاندان لە قەڵەم بدرێ.

هەروەها رەخنە لەوە دەگرێ كە سووتاندنى بارەگاكانى یەكگرتووى بە \""كاردانەوە\"" داناوە، لەكاتێكدا ئەگەر وا بوایە دەبوو خاوەنى دوكانە سووتاوەكان ئەو كارەیان بكردایە، ئاماژە بەوەیش دەدا \""ئەگەری تێوەگلان و پشتگیری و ئاسانكاری تاوانباران هەیە، بۆیە بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ كاربەدەستانی ئەو دەڤەرە بەرپرسیارن و دەبێ‌ ئیجرائاتی پێویست بەرانبەریان بكرێ\"".

هەروەها رەخنە لەوە دەگرێ كە راپۆتەكە باسى ئەو \""جەنگە ئاینی\""ەى نەكردووە كە –بە گوتەى مەكتەبی سیاسیی یەكگرتوو- راگەیاندنى پارتى یەكگرتووى بە هەڵگیرساندنى تۆمەتبار دەكرد و دەڵێ \""نەدەبوو لیژنەكە فەرامۆشی ئەم باسە گرنگەی بكردایە و دەبوو لە خاڵێكدا ئاماژەی بەوە بكردایە ئەو باسی جەنگی ئاینی یە لە بەدواداچوونەكەماندا ئاسەواری نەبوو\"".

بەیاننامەكە پێى وایە بەو هۆیەوە \""پێویستە داوای لێ‌ بوردن لە یەكگرتووی ئیسلامی و گەلی كوردستان بە موسڵمان و مەسیحی و یەزیدیەوە بكرێ‌ لەو هەڵایەی بە ناهەق بەرپاكرا\""."
Top