له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكی ساڵی نوێی خوێندندا هه‌فته‌ی پاكوخاوێنی له سنوره‌كه‌دا ده‌ستپێكرد
سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ 1-10 به‌ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له په‌رله‌مانتاران و نوێنه‌رانی به‌ڕێوه‌به‌رێتی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی و به‌ڕێوه‌به‌رێتی گشتی شاره‌وانییه‌كان و ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له نوێنه‌رانی ده‌زگا حزبی و حكومییه‌كانی سلێمانی، له هه‌ردوو قوتابخانه‌ی (وان) ی بنه‌ڕه‌تی كچان و ئاماده‌یی شایسته‌ی كچان، سه‌ره‌تای هه‌ڵمه‌تی هه‌فته‌ی پاكوخاوێنی ده‌ستیپێكرد كه بڕیاره تا رۆژی هه‌ینی داهاتوو به‌رده‌وامبێت.
سه‌ره‌تای رێوڕه‌سمی ده‌ستپێكردنه‌كه 30 نه‌مام له‌ناو گۆڕه‌پانی خوێندنگه‌كان نێژران و دواتر به به‌شداری سه‌رجه‌م قوتابیان و خوێندكارانی (وان) ی بنه‌ڕه‌تی و (شایسته‌ی) كچان و ژینگه پارێزان و ئامێره‌كانی شاره‌وانی هه‌ڵمه‌ته‌كه ده‌ستیپێكرد، ته‌واوی كه‌لوپه‌لی خاوێنكردنه‌وه‌و ده‌ستكێش و ده‌مامكی ته‌ندروستی بۆ به‌شداربووان دابینكرابوو.
له‌میانه‌ی لێدوانێكیشیاندا بۆ كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن، ئاوات تۆفیق فه‌تحوڵڵا سه‌رۆكی شاره‌وانی راپه‌ڕین ئامانجی هه‌ڵمه‌تی هه‌فته‌ی خاوێنی روونكرده‌وه كه بریتی‌بوو له پاككردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م قوتابخانه‌و خوێندنگاكان و ده‌وروپشتیان له‌میانه‌ی ئه‌و هه‌ڵمه‌ته فراوانه‌دا ئه‌ویش بۆ ره‌خساندنی كه‌شێكی ژینگه‌یی له‌بار بۆ ته‌ندروستی قوتابی و خوێندكاره‌كانمان، هه‌روه‌ك سه‌رۆكی شاره‌وانی راپه‌ڕین ئاماژه‌ی به چه‌ند به‌رنامه‌یه‌كی تری ژینگه‌یی كرد كه له‌ئێستادا له كاركردندایه‌و هه‌روه‌ها ئه‌و كارانه‌ی له به‌رنامه‌دان بۆ هه‌مان مه‌به‌ست.
دواتر مامۆستا خه‌نده ئیبراهیم به‌ناوی سه‌رجه‌م قوتابخانه‌و خوێندنگاكانی سنوره‌كه‌وه به‌شداری خۆیانی راگه‌یاند له هه‌ڵمه‌تی هه‌فته‌ی پاكوخاوێنی سنوره‌كه‌داو خۆشحاڵی خۆی ده‌ربڕی به به‌رده‌وامبوونی هه‌ڵمه‌تی له‌و جۆره.
خه‌نده ئیبراهیم روونیشیكرده‌وه كه له‌و ماوه‌یه‌ی هه‌فته‌ی خاوێنییه‌دا سه‌رجه‌م قوتابخانه‌و خوێندنگاكانی سنوره‌كه به‌شداری كاریگه‌ر ده‌كه‌ن بۆ سه‌رخستنی هه‌ڵمه‌ته‌كه.