وەزارەتی پێشمەرگە: تا ئێستە ئێران هیچ وەڵامێكی نییە بۆ راگرتنی بۆردمان

وەزارەتی پێشمەرگە: تا ئێستە ئێران هیچ وەڵامێكی نییە بۆ راگرتنی بۆردمان
ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند تا ئێستە ئێران هیچ لێدوانێكی رەسمی لەبارەی راگرتنی بۆردمانەكانی سنوورەوە نییە و جەختی كردەوە هەرێم نابێتە لایەن لەو شەڕەدا.
جەبار یاوەر ئەمڕۆ یەكشەم بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیو)ی راگەیاند، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەڕەسمی كونسوڵگەی ئێرانی لە هەولێر ئاگەدار كردووەتەوە بەمەبەستی راگرتنی بۆردمانەكانی سنووری هەرێمی كوردستان، هەروەها لەم هەفتەیەدا سەرۆكی حكوومەت دووجار تۆپبارانەكانی ئێرانی بەپێشێلكردنی سەروەریی خاكی عێراق لە قەڵەم دا.

\"بەڵام تا ئێستە ئێران هیچ وەڵامێكی رەسمی نەدا بەهەرێم لەبارەی راگرتنی بۆردمانەكان، تەنیا لێدوانی بەرپرسێكی سەربازیی ئێرانی هەبوو كە نەناسراوە و ئێمە بەڕەسمی وەری ناگرین، بەڵام تا ئێستە وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەڕەسمی نووسراوی ئاراستەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق نەكردووە و كونسوڵًگەی ئێرانیش لە هەولێر هیچی بەفەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێم رانەگەیاندووە\"" یاوەر وای گوت.

هەفتەی رابردوو بەرپرسێكی سەربازیی ئێران كە ناوی خۆی ئاشكرا نەكردبوو ئەوەی دركاندبوو تا عێراق و هەرێم كۆنترۆڵی سنوورەكان نەكەن، بۆردمان بەردەوام دەبێت.

ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە جەختی كردەوە كە هەرێم نابێتە لایەنی شەڕكەر و لایەنگری هیچ یەكی شەڕكەریش ناكات، تەنیا هەوڵی چارەسەركردن لە رێگەی گفتوگۆوە دەدات.

بەپێی راسپاردەكانی لێژنەی بەسەركردنەوەی ناوچە تۆپبارانكراوەكانی هەرێمی كوردستان پێویستە لێژنەیەك لە نێوان حكوومەتی عێراق و ئێران پێك بهێنرێ بۆ چارەسەركردنی گرفتی تۆپبارانكردنی ناوچە سنوورییەكان لەلایەن ئێرانەوە، بەمەرجێك لێژنەكە نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە خۆ بگرێ، دەبێت حكوومەتی عێراق قەرەبووی زیانی گیانی و دارایی زیان لێكەوتووانی تۆپباران بكاتەوە.

لە چەند هەفتەی رابردوو سنوورەكانی هەرێمی كوردستان دووچاری بۆردمانی تۆپخانەكانی ئێران هاتەوە، بەپاساوی بوونی چەكدارانی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاك)، هاوكات لەگەڵ بەرپابوونی شەڕ لە نێوان سوپای ئێران و ئەو چەكدارانە لە نێزیك سنوورەكانی هەرێمی كوردستاندا."
Top