دژ بەتۆپباران کردنی خاکی ھەرێم لەسوید خۆپێشاندانێک بەڕێوەچوو

 دژ بەتۆپباران کردنی خاکی ھەرێم لەسوید خۆپێشاندانێک بەڕێوەچوو
رەوەندی کورد لەسوید بەبەشداری ژمارەیەکی زۆر لەپەنابەرانی کورد لەستۆکھۆڵم لەبەردەم پەرلەمانی سوید خۆپێشاندانێکیان دژ بەتۆپباران کردنی ناوچە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان دەربڕی.



خۆپێشاندانەکە ئێوارەی دوێنێ ھەینیی بەبەشداری ھاوڵاتیانی کوردی ھەر چوار پارچەی کوردستان بەسروودی ئەی رەقیب و خوولەکێک وەستان بۆ گیانی شەھیدانی بۆردومانەکان بەڕێوەچوو.

لەبەردەم پەرلەمانی سوید چەند وتارێک لەلایەن رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی پێشکەش کران، لەوانە بەرپرسی کۆمیتەی نیتوۆرکی سوید – کوردستان وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا ناڕەزایی دژ بەو بۆردومانکردنانەی ناوچە سنوورییەکان دەربڕی.

ھەروەھا فریدریک مالم پەرلەمانتاری سوید لەسەر لیستی پارتی گەل لەپاڵ خۆپێشاندەراندا ئیدانەی رەفتاری بۆردومانکردنی خاکی ھەرێمی کوردستان لەلایەن سوپای ئێران کرد.

خۆپێشاندانەکەی دوێنێ لەلایەن ١٤ رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی و بە بەشداری رەوەندی کورد لەسوید بەڕێوەچوو.
Top