پێنج مادده له‌پرۆژه یاسای سندوقی پشتگیری پرۆژه بچوكه‌كان بۆ گه‌نجان په‌سندكرا
سه‌ره‌تای دانیشتنه‌كه كه به‌ئاماده‌بوونی وه‌زیرانی كاروكاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیری و رێكخه‌ری په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان په‌رله‌مان و حكومه‌ت به‌رێوه‌چوو، سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌رنامه‌ی كاری خوێنده‌وه، كه له 6خاڵ پێكهاتبوون و بریتی‌بوو له‌خستنه‌روو گفتوگۆكردنی ئه‌م پرۆژه یاسایانه: یاسای گرنگیدان به‌گه‌نجان و یاسای پرۆژه بچوكه‌كان و یاسای سندوقی پاڵپشتی گه‌نجان و یاسای پشتگیریی دارایی بۆ حزب و قه‌واره سیاسییه‌كان و یاسای ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌ی گشتی و یاسای قه‌ده‌غه‌كردنی رێكخستنه حزبییه‌كان له‌ناو ریزه‌كانی پێشمه‌رگه‌و هێزه‌كانی ئاسایشی گشتی.
دواتر له‌كاتی خستنه‌رووی خاڵی یه‌كه‌می به‌رنامه‌ی كار، كه‌تایبه‌تبوو به‌خستنه‌روو گفتوگۆكردنی پرۆژه یاسای گرنگیدان به‌گه‌نجان، راپۆرتی هاوبه‌شی لیژنه‌ی یاسایی و وه‌رزش و لاوان به‌پشتگیریی لیژنه‌كانی دارایی و كشتوكاڵ و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی و پیشه‌سازی پێشنیاری كرد هه‌رسێ پرۆژه‌كانی یاسای گرنگیدان به‌گه‌نجان و یاسای پرۆژه بچوكه‌كان و یاسای سندوقی پاڵپشتی گه‌نجان كه‌له‌خاڵه‌كانی یه‌كه‌م تا سێیه‌می به‌رنامه‌ی كار هاتووه له‌چوارچێوه‌ی یه‌ك پرۆژه یاسا رێكخراون ئه‌و پرۆژه‌یه بكرێته پرۆژه‌ی سه‌ره‌كی گفتوگۆكان و ئه‌و پێشنیازه‌ش له‌لایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مانه‌وه خرایه ده‌نگدانه‌وه‌و به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سندكرا.
سه‌باره‌ت به‌ناوی پرۆژه نوێیه‌كه‌ش به‌كۆی ده‌نگ بووه: پرۆژه یاسای سندوقی پاڵپشتی پرۆژه بچوكه‌كان بۆ گه‌نجان له‌هه‌رێمی كوردستان، مادده‌ی یه‌كه‌می پرۆژه‌كه‌ش له 4بڕگه‌دا پێناسه‌و زاراوه‌كان روونكراوه‌ته‌وه‌و له‌كاتی گفتوگۆكاندا له‌سه‌ر پێشنیازی لیژنه‌ی یاسایی برگه‌ی دووه‌می مادده‌كه به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ لابرا، به‌و گۆرانكاریه‌شه‌وه په‌سندكردنی به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ بوو.
مادده‌ی دووه‌می پرۆژه‌كه تایبه‌تبوو به‌ئامانجه‌كان و له 4 بڕگه پێكهاتبوو، دوای گفتوگۆكردنی له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتارانه‌وه لیژنه په‌یوه‌ندیداره‌كان سه‌رله‌نوێ مادده‌كه‌ی دارشته‌وه و به‌وشێوه‌یه به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سندكرا.
مادده‌ی سێیه‌می پرۆژه‌كه‌ش تایبه‌تبوو به‌دامه‌زراندنی سندوقی پشتگیری پرۆژه بچوكه‌كان بۆ گه‌نجان و ئه‌ومادده‌یه‌ش دوای دارشتنه‌وه‌ی به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سندكرا.
مادده‌كانی چواره‌م وپێنجه‌می پرۆژه‌كه تایبه‌تبوو به‌چۆنیه‌تی دامه‌زراندن و كاری ئه‌نجومه‌نی ئیداری سندوقه‌كه‌و له‌مادده‌ی چواره‌م برگه‌كانی سێیه‌م و شه‌شه‌م وحه‌وته‌م لابران وبرگه‌یه‌كی دیكه‌ی تایبه‌ت به‌راوێژكارانی بۆ زیادكراو مادده‌ی پێنجه‌میش هیچ تێبینییه‌كی ئه‌وتۆی له‌باره‌وه نه‌دراو په‌سندكردنی هه‌ردووكیان به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ بوو.
دواتر پێشنیازی زیادكردنی مادده‌یه‌كی تایبه‌ت به‌پێناسه‌ی پرۆژه بچووكه‌كان كرا‌و له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاره‌وه تێبنینی له‌باره‌ی چۆنیه‌تی دارشتنی ئه‌و مادده نوێیه خرایه‌روو، بۆ پوختكردنه‌وه‌و گه‌ڵاڵه‌كردنی پێشنیازه‌كان له‌لایه‌ن لیژنه په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌وه، سه‌رۆكی په‌رله‌مان بۆ ماوه‌ی یه‌ك سه‌عات دانیشتنه‌كه‌ی دواخست و رایگه‌یاند:به‌شی دووه‌می دانیشتنه‌كه سه‌عات 4 ی ئێواره ده‌ستپێده‌كاته‌وه.