فەرەج حەیدەرى: بانگهێشتكردنمان بۆ پەرلەمانى عێراق دواى داواى هەرێم دێت بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگەكانى

فەرەج حەیدەرى: بانگهێشتكردنمان بۆ پەرلەمانى عێراق دواى داواى هەرێم دێت بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگەكانى
سەرۆكى كۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕاى گەیاند داواى بانگهێشتنكردنمان بۆ پەرلەمانی عێراق لەسەر گەندەڵى دواى داوای هەرێم دێت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەكانی، ئەندامێكی لێژنەی یاساییی پەرلەمانیش ئاماژە بەوە دەكات كە هیچ پێوەندییەك لە نێوان بانگهێشتنكردنی بەرپرسانی كۆمسیۆن لەگەڵ داواكەی هەرێمدا نییە.

فەرەج حەیدەرى بەئاژانسى كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز) ڕاگەیاند، كۆكردنەوەى ئیمزای پەرلەمانتاران بۆ بانگهێشتنكردنی كۆمسیۆن بۆ پەرلەمانی عێراق مەبەستى سیاسیی لەپشتەوەیە كە هەوڵ دەدا رێڕەوى هەڵبژاردنەكان لە عێراقدا تێك بدەن.

زیاتر گوتی \"داواى بانگهێشتنكردنى كۆمسیۆن لە دواى داوای هەرێم هات بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەكانی، دەپرسین بۆ لەم كاتەدا داواى بانگهێشتنكردن دەكرىَ، ئەگەر گەندەڵى لە كارەكانماندا هەیە بۆ دەستەى دەستپاكى بەئێمە ناڵى فڵان كەس گەندەڵیی كردووە؟ لەو حیساباتانەى 2008 تا 2010 كە پێشكێشى چاودێریى دارایى كراوە، هیچ كەموكوڕییەكمان بۆ نەهاتووەتەوە\"".

رۆژی 28 ئادار/مارسی رابردوو سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان لە كۆبوونەوەیەكدا رۆژی 10ی ئەیلوول/سێپتێمبەری 2011ی دیاری كرد بۆ وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە هەرسێ پارێزگەكەی هەرێمدا.

لاى خۆیەوە حاكم لەتیف مستەفا ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە لیستى گۆڕان بە(ئاكانیوز)ى گوت \""هیچ پێوەندییەك لە نێوان داواى بانگهێشتنكردنى بەرپرسانى كۆمسیۆنى هەڵبژاردنەكان بۆ ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق نابینم لەگەڵ هاوكاتى داواكاریى هەرێم بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگەكان بەسەرپەرشتیى ئەو كۆمسیۆنە\"".

مستەفا كە ئەندامى لێژنەى یاسایییە لە پەرلەمانى عێراق، گوتى \""دەگونجىَ مەبەستى سیاسى لەپشت كۆكردنەوەى داوا بێت لەسەر كۆمسیۆن بۆ لێپرسینەوە لەلایەن دەوڵەتى یاساوە، بەڵام لە كاتى بانگهێشتنكردنى بەرپرسانى كۆمسیۆن بۆ پەرلەمان لەسەر فایلى گەندەڵى دارایى و كارگێڕى، یەكسەر ئەو بەرپرسانە لانابرێن، لە كاتى لابردنیشیاندا كەسانى تر لە شوێنیان دێنە دانان\"".

ئەوەشى گوت \""كۆمسیۆن فەرمانگەیەكى هونەرییە و بەبانگكردنى بەرپرسانى بۆ بەشداریكردن لە یەك دوو كۆبوونەوەی پەرلەماندا كارەكانیان ناوەستىَ، تەنانەت ئەگەر بێتو متمانەشیان لێ وەربگیرێتەوە هەر كارەكانى ئەو كۆمسیۆنە ناوەستێ\"".

زیاتر گوتى \""ئەو بەرپرسانەى وا بڵاو دەكەنەوە كە بانگهێشتنكردنى كۆمسیۆن بۆ پەرلەمان پێوەندیى بەهەڵبژاردنەكانى ئەنجوومەنى پارێزگەكانى هەرێمەوە هەبىَ ئەوەى دەشێ بۆ ئەوە وا بگوترىَ كە بیانەوىَ هەرێمى كوردستان پشتیوانى لە كۆمسیۆن بكا\"".

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان دەزگایەكی پیشەیی و دەستوورییی سەربەخۆیە، یەكەم جار بەپێی یاسای ژمارە 92 لە 31 ئایار/مایۆی 2004 دامەزراوە، لەژێر چاودێریی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدایە و ئەركی ریكخستن و چاودێریكردنی هەموو هەڵبژاردن و راپرسییەكانی عێراقی لە ئەستۆدایە."
Top