سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی لە فەرماندەی گشتی هێزەكانی ئەمریكا و باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە عیراق دەكات

سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی لە فەرماندەی گشتی هێزەكانی ئەمریكا و باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە عیراق دەكات
لە درێژەی دیدارو كۆبوونەوەكانیدا لەگەڵ بەرپرسانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە عیراق بە مەبەستی دۆزینەوەی رێگە چارەسەرێكی گشتگیر بۆ قەیرانی پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ‌ ، پێنچ شەممە 21/10/2010 بەرێز مسعود بارزانی سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازیكرد لە ژەنەراڵ لوید ئۆستن فەرماندەی گشتی هێزەكانی ئەمریكا و جێمس جیفری باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە عیراقدا و شاندی یاوەرییان.

لە دانیشتنێكدا ، هەوڵەكانی هێزو قەوارە سیاسییەكان بۆ زاڵبوون بە سەر ئەو كۆسپ و تەگەرانەی كە دێنە بەردەم پەلەكردن لە پێكهێنانی حكومەتێكی هاوبەشیی نیشتمانیی كە نوێنەرایەتی پێكهاتەكانی كۆمەڵگەی عیراق بكات خرایە بەر باس و لەم رووەوە فەرماندەی گشتی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق رۆڵی سەرۆك بارزانی لە نەهێشتنی درزی ناكۆكی و كۆكردنەوەی سەرجەم عیراقییەكان سەبارەت بە بەرنامەیەكی نیشتمانی بەرزنرخاند و دەسپێشخەرییەكەی بەرێزیشیانی بە باشترین و گونجاوترین چارەسەر دانا بۆ دەرچوون لەو قەیرانە سیاسییەی ئەمرۆی عیراق و تەئكیدیشی لەوەكردەوە كە بوونی سەركردەیەكی حەكیمی وەك سەرۆك بارزانی كە خاوەن ئەم هەموو دیدە نیشتمانییە بێ‌ دڵنیایان دەكاتەوە كە پرۆسەكە لە دەستێكی ئەمیندایە و روونیشیكردەوە كە وڵاتەكەی بە بایەخەوە پشتگیری لەو هەوڵانەی سەرۆك بارزانی دەكات بۆ دەرچوون لەو قەیرانە و پێكهێنانی حكومەتێكی فرە لایەن و هاوسەنگ.
Top